عەزیزم ڕۆحی شیرینم لە من بۆ چی کەناری تۆ

لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
 2 خولەک  4854 بینین
عەزیزم ڕۆحی شیرینم لە من بۆ چی کەناری تۆ؟
وەرە سەر هەردوو چاوی من کە سەروی جۆیباری تۆ
لەسەر چاکی گریبانت سەبا شێت بوو وەکێوان کەوت
کە ڕێی کەوتە خەیابانی گوڵ و باغی هەناری تۆ
نەخۆشی چاوەکانت بووم و خەندەی تۆ سەبووری دام
شیفای بیماری خۆت دا، گوڵشەکەر باری لە زاری تۆ
لەلایێ تارە داوی دڵ، لەلایێ مارە قەسدی سەر
چ سیحرێکە؟ عەجەب ماوم لە زوڵفی تار و ماری تۆ
خەتت هێنا جەمالت پێ نوما، کوا ڕەونەقی خاڵت؟
فەڕەنگی هات و کەعبەی گرت و مەندی چوو لە شاری تۆ
ڕەگ و ڕیشەی دڵم هەر دەنگ و ناڵەی عیشقی تۆی لێ دێ
بڵێ موتریب، وەرە ساقی، سەراپا بوومە تاری تۆ
بە چاوت کەوتووم، بۆ زاری تۆ ئاگر لە من بەر بوو
سپەندم هەر بسووتێم چاکە من بۆ چاوەزاری تۆ
کوتم: شێواوی زوڵفم چاوەکەت بەڵکوو عیلاجم کا!
ئیشارەی دایە خاڵ و یانی وایە داغداری تۆ
نەخۆشی چاوی تۆم بێهوودەیە دڵداریی خاڵت
بە ئیفلاتوون عیلاجی نایە بیللا دەردەداری تۆ
جەماڵت ئاهی من گرتی خەتی سەبزت بەسەردا کەوت
چەمەن ڕابرد و سەرما هات و تێک چوو نەوبەهاری تۆ
نیگاهی کردە من هەستاوە زوڵفی خستە ڕوو فەرمووی:
قیامەت هات و ڕۆژ گیرا، وەفاییناسناوی ئەدەبی هەر خوماری تۆ؟!