لەسەر ڕووت کازیبەی زولفت وەلابە

لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
 1 خولەک  1983 بینین
لەسەر ڕووت کازیبەی زولفت وەلابە
کە سادیق بێ تلووعی ئافتابە
دڵ و دین هەرچی بوو قوربانی تۆ بوون
هەتاکەی ئیدی ئەم ناز و عیتابە؟
بڵا بەو ڕۆژە نیلووفەڕ نەسووتێ
بە مەرگی من سەری زولفت وەلابە
لە عەکسی عاریزت فرمێسکی چاوم
گوڵاوی ڕووتە هەم خوونابی نابە
وەرە بنوێنە خۆت بمکووژە قوربان
بە دینێک کوشتنی عاشق سەوابە
وەرە بنواڕە بەزمی عالەمی دڵ
چ خۆش دەورێکە هۆشیاری خەرابە
ئەگەرچی ناڵەیە هەر زەوق و شەوقە
ئەگەرچی گریەیە عەینی سەوابە
بە ناڵینی دڵی سووتاوی عاشق
هەموو هەر نەغمەیی چەنگ و ڕەبابە
بە چاو و گەردەن و ڕوخساری ساقی
هەموو هەر شاهید و شەمع و شەڕابە
کوتم: با قیمەتی وەسلت بە دڵ بێ
بە ماچێکیش لە زاری خۆت ڕەزا بە
کەچی فەرمووی: دڵت نەشکێ وەفاییناسناوی ئەدەبی
ئەوە سەودایە، زەڕڕێکیش حیسابە