ساقی لە پەردە دەرهات جامی شەرابی هێنا

لە کتێبی:
دیوانی سالم
بەرهەمی:
سالم (1800-1866)
 1 خولەک  3323 بینین
ساقی لە پەردە دەرهات، جامی شەرابی هێنا
دڵ خیرە ما لە حیرەت، مەهـ ئافتابی هێنا
یەک زەڕە عەکسی پەڕتەو دەرکەوت و تووری سووتاند
ئایینە سەختڕوو بوو لەو عەکسە تابی هێنا
تیماری چاکی سینەم ڕاجیع بە چاوی مەستە
بەختیش موافقی عیشق بۆ من خەرابی هێنا
یارم لە دەر دەروون هات دەستی ڕەقیب لە دەستا
غەمناک و شادمانم ڕەحمەت عەزابی هێنا
بۆ تۆبە سوویی مەسجید هاتم بچم لەڕێدا
بۆ کۆیی مەیفرۆشان عەزمم شتابی هێنا
ڕوو هەر لە من دەپۆشێ وا حاڵییە کە جیبریل
هەر خاسسە بۆ من و ئەو ئایەی حیجابی هێنا
وەهـ وەهـ چ مەجلیسێ بوو دوێشەو لە دیدە و دڵ
دڵبەر شەڕابی گێڕا سالمناسناوی ئەدەبی کەبابی هێنا