هەر سەحەر دێنێتە یادم کۆیی تۆ موڵکی خەتا

لە کتێبی:
دیوانی سالم
بەرهەمی:
سالم (1800-1866)
 1 خولەک  1880 بینین
هەر سەحەر دێنێتە یادم کۆیی تۆ موڵکی خەتا
نەفحەها دێنێ لە موشکین زوڵفی تۆ بادی سەبا
نەهری ئەشک ئەمشەو لە دیدەم وا بەخوڕ دەڕژایە ڕوو
دڵ لە سینەم تا سەحەر، سەنگاسیائاسا گەڕا
بەسکی هەرجا کوشتەیی تیغی مەحەببەت کەوتوون
کۆی دڵارامم لە خوێنا بوو بە دەشتی نەینەوا
چەسپە هەرجا ڕیشەیی جەرگم لەگەڵ ڕیشەی خەدەنگ
چەند بە چوستی تیری موژگانت لەناو دڵما ڕووا
نامنوێنێ بێ بەسەرما گەر موسیبەتهایی چەرخ
تا لەسەر سەرمە لە سایەی زوڵفی تۆ باڵی هوما
بێت و سەیری چینی زوڵفت کا لەدەوری عاریزت
هەر کەسێ نەیدیوە تاریکی لەبەر شەوقی چرا
من دەمێکە خۆ لە خووی یاری قەدیمم شارەزام
دوشمنی یارانی دێرینە و بە دوشمن ئاشنا
غەرقی بەحری عیشقە سالمناسناوی ئەدەبی دەست و پای جەهدی نییە
قەت شەنا ناکا لە دەریادا کەسی بێ دەست و پا