چاوەکەت وەختێ بە ئیما مەیلی جامی مەی دەکا
لە کتێبی:
دیوانی سالم
بەرهەمی:
سالم (1800-1866)
1 خولەک
3253 بینین
چاوەکەت وەختێ بە ئیما مەیلی جامی مەی دەکا
هەرچی مەی دەیکا لەگەڵ ئەو، ئەو لەگەڵ ئێمەی دەکا
نەی لە ناڵینا چ گوستاخانە بۆ ئەربابی سەمع
باسی ئەییامی گوزەشتەی کەیقوباد و کەی دەکا
تا سوپاهی خوسرەوی عیشقت ئیحاتەی جانی دا
بۆ شەڕ و شۆری موسیبەت دڵ لە موڵکی ڕەی دەکا
کاروان ئەر سستڕەو بێ تا دەگاتە کۆیی لەیل
شەوقی بێ پایانی دڵ، ئوشتر بە مەجنوون پەی دەکا
حاڵی عیشق و تابشی هیجرت نیشانی دا بە من
ئاگری سۆزەندە هەر کارێ بە بێشەی نەی دەکا
تا بەسەر باغی دڵا بێ بای خەزانی فیرقەتت
عاریزم بۆ سێوی ڕوخسارت لە ڕەنگی بەی دەکا
جورعەنۆشی بۆ بکەم ئیتر لە بەزمی مەیکەدە
چاوی مەخموورت بە عاشق کاری بادەی جەی دەکا
وەختی بەخشش گەر بنووسم داستانی هیممەتت
مەردی دانا وەسفی جوودی حاتەمی تەی کەی دەکا
ئابڵەی دەردا کەفی پێی تاقەتی هەنگامی جەهد
سالمناسناوی ئەدەبیی سەرگەشتە ئەزبەس ڕێی موسیبەت تەی دەکا