ئەم خوسرەوی خووبانە کە وا دێتە نەزارەت
خوسرەوی خوبان
لە کتێبی:
دیوانی حەریق
بەرهەمی:
حەریق (1856-1909)
1 خولەک
1 بینین
ئەم خوسرەوی خووبانە کە وا دێتە نەزارەت
شیرینە ئەگەر دڵ بڕفێنێ بە ئیشارەت
ئیسمێکی شەریفی هەیە مەنعە لە تەسەڕڕوف
جیسمێکی لەتیفی هەیە لاییق بە سەدارەت
نەقدی دڵ و ڕووحم هەیە بۆ موژدە لە ڕێدا
زۆر لاییق و شایستەیە بیدەم بە بەشارەت
میوەی ئەمەلم کاڵە بە دوو چاوەیی کاڵی
کالایی خەیاڵم هەموو ڕۆییوە بەغارەت
لەو وەختەوە، تەخفیف کرا ئیسمی شەریفت
من سووکی لەلام بۆتە نیهایاتی وەزارەت
نوقتەی دەهەنت وا دڵی هێناومە تەنگی
جێگایی خەیاڵی نییە بۆ فکری بەکارەت
تۆ ساحیبی ئەم چاهی زەنەخدانە بی قوربان
سەد یۆسفی کەنعانی دەبێ بێتە زیارەت
باکم نییە لەو خەنجەرە دەیکەی بە کەمەردا
شمشێری برۆت جەرگی بڕیوم بە ئیشارەت
شەیتانی ڕەقیب دوشمنمە بۆیە کە ڕەحمان
ڕەحمی نییە بۆ حاڵی دڵی پڕ لە مەرارەت