قوربان وەرە قوربانە سا بمکە بە قوربانت

جێژنانەی ڕۆح
لە کتێبی:
دیوانی حەریق
بەرهەمی:
حەریق (1856-1909)
 2 خولەک  1618 بینین
قوربان وەرە قوربانە، سا بمکە بە قوربانت
ڕەنگین کە بە خوێناوم کاکۆڵی پەرێشانت
ئازادییە ئەمڕۆژە، سا فەرموو بە ئازانە
تیرت لە کەمانت خە بۆ قەتڵی شەهیدانت
جێژنانەیی مە ڕووحە کردوومە بە قوربانت
تۆش ماچێ کەرەم فەرموو لەو سێوی زەنەخدانت
تفڵی دڵی بێچارە موددێکە گرفتارە
غەمخواری دڵ ئازارە بۆ ناوەکی موژگانت
ڕۆح و دڵ و دین هەرسێ مەجمووع بە یەکدەفعە
قوربانی سەعاتێکی لەعلی لەبی مەرجانت
مەقسوودی من ئیزهارە بۆ ئەمسیلەیی مەدحت
بۆ توحفەیی ئەوسافی ئەزهاری گوڵستانت
ئەی خوسرەوی پەروێزم، شیرینی شەکەرڕێژم
فەرهادی دڵی کوشتم چاوی ڕەشی قەتتانت
موومکین نییە تەقسیمی زەربی عەدەدی زەخمت
مینها کە لە تەقسیمدا، زەربی خەمی چەوگانت
دڵ تالبی ڕوخسارت، جان تالبی گوفتارت
فرزەندی خیرەد ڕۆیی بۆ لەعلی بەدەخشانت
بۆستانە کەناری دڵ بۆ نەخلی قەدت قوربان
دیدەم وکوو ڕووبارە بۆ سەروی خەرامانت
قەلعەی دڵەکەم قوربان نیشانەیە بۆ تیرت
سینەم وەکوو سەحرایە، بۆ جیلوەیی مەیدانت
بۆو چاوە کە وا مەستە، دڵ سستە سەرم مەستە
ئەم ئەبرووە پەیوەستە، بۆ قەتڵی موحیببانت
تەنهاکە حەریقناسناوی ئەدەبیم من بۆ شەمعی شەبوستانت
مەمکووژە وەرە تۆخوا، سا تۆ، بە ڕەقیبانت