نەما ئاوی بەقا بادی فەنا خاکی بە با داوم

ئاگری دووری
لە کتێبی:
دیوانی حەریق
بەرهەمی:
حەریق (1856-1909)
 2 خولەک  2266 بینین
نەما ئاوی بەقا بادی فەنا خاکی بە با داوم
کە یارم ئاگری دووری لە پێستی جەستە بەرداوم
بە قوربانت بم ئەی ساقی بدە پێم ڕاحەتی ڕووحم
بەبێ ئاوی حەیاتی تۆ جگەرسووتاو و برژاوم
بە شەوقی شەوچرای کوڵمت فریوت دا کە مورغی دڵ
بە شێوەی زولفەکەت زانیم کە من گیرۆدەیی داوم
کە دیتم شەمعی ڕوخسارت بە پەروانەی دڵی خۆم کوت
لەنێو چاوانی خۆم نووسیوە هەر بەو شەمعە سووتاوم
تەماشای چاوەکەم کردی برۆت فەرمووی ئەمن تاقم
بە شۆخی زوڵفی لاولاوت دەوێژێ هەر ئەمن لاوم
دەڵێن وا جێژنی نەورۆزە، دڵم پڕ ئاتەش و سۆزە
وەرە بۆ جێژنە پیرۆزە بدەم ڕووحم بەسەرچاوم
وەرە سەرچاوەیی چاوم دەڵێی دەریایی عەممانە
تەماشای ئەشکی گوڵنارم لە سایەی چاوی خوێناوم
هەمووکەس مەستی بادەی کەیف و شەوقی بەزمی جانانە
بەتەنیا هەر ئەمن ئەمڕۆ لە خاکی مەینەتا ماوم
تەماشای چاوی نێرگس کە بە مەستووری چ مەخموورە
تەماشای پێکەنینی گوڵ بە ئەحواڵی پەشێواوم
دییارە ساقی بێ باقی، نییە مەیلی بە دڵداری
دەڵێم ها نەقدی جان و دڵ، دەڵێ لاچۆ لەبەر چاوم
دەوای هیجرانی گوڵ ئەی دڵ لە شێخ ئەحمەدناوی تایبەت تەمەننا کە
بڵێ ئەمڕۆ بە ناحەق نەونەمامێ جەرگی پێکاوم
حەقم بستێنە ئەی نەخلی موراد و سەروی ئازادم
وەکوو عاڕەب دەخیلت بم زەلیل و زار و داماوم
حەریقیناسناوی ئەدەبی ناری هیجران و غەریقی ئەشکی حیرمانم
لە خاک و بادی عالەمدا ئەنیسی ئاگر و تاوم