عالەمێکە پڕ شەڕ و شۆڕ و نیزاع و ئیرتیهاش
ورد و هەڕاش
لە کتێبی:
دیوانی حەریق
بەرهەمی:
حەریق (1856-1909)
2 خولەک
2157 بینین
عالەمێکە پڕ شەڕ و شۆڕ و نیزاع و ئیرتیهاش
ڕۆژگارێکە سەراسەر میحنەت و پڕ ئیغتیشاش
کەس نییە بۆ ئیستراحەت سەر بنێتە سەر سەرین
کەس نییە ئاسوودە بێ پاڵووی لە خاری ئیفتیراش
تالبی ئیمساکی دەرخست ڕووبەڕوو هاتۆتە پێش
ساحیبی عیرفان و دانیش سەربەزانوو چۆتە پاش
بۆ سلووکی ڕێی مەعاریف پاڵەوانیش ناتەوان
بۆ تەریقی جەزبی جیفە وەک یەکە ورد و هەراش
نان و ئاوی ئەهلی دڵ هەر غوسسەیە و خوێنی جگەر
دەستی بەرداوە لە عورزە تالبی نانی بەلاش
هەر کەسێ دانگێ شعووری بێ شەعیرێکی هەیە
ئەبلە بێدەنگ بۆتە ساحیب موڵکی شەشدانگ و مەعاش
گەر بە تێڵا و زۆر نەبێ ڕۆزی وەدەس کەس ناکەوێ
شاهیدە بۆو موددەعایە حوکمی قازی و جاش
دین بە زاییع چوو مەگەر بۆی ڕێک کەوێ پیاو ناگەهان
وەک کەلیموڵڵا خودا کردیە دەلیلی سەنگ تراش
نەک وەکوو قازی زەرووری و وەک مەلای ناخوێندەوار
یا خەڵیفە کۆڵەتاش و مورشیدی خۆهەڵتراش
یا وەکوو من بەخت، تالیع یاوەر و یارم نەبوو
جێی موتاڵا و نۆرەدەرسم بوو بە دەورەی نۆبەئاش
وەک ئەستوو بم، جیهانگیرم سکەندەر بێ، نییە
جارێ «بابا»یێ ڕەفیقم بێ وەکوو وێڵداشی باش