ئەی تۆبە لە دەس ڕۆژی فیراق و شەوی هیجران
عەسری خەزەف
لە کتێبی:
دیوانی حەریق
بەرهەمی:
حەریق (1856-1909)
2 خولەک
2777 بینین
ئەی تۆبە لە دەس ڕۆژی فیراق و شەوی هیجران!
وەیڕۆ لە هەرا و کەشمەکەشی ساعەتی حیرمان!
هەر خۆزگە بە پارم لە فیراقی خەمی یارم
هەر چاوەنواڕم لە نیگای دیدەغەزالان
جاران بوو کە ماڵم دەچوو باقی بوو «کەماڵم»
ئەمجارە بەجارێ سەروماڵم چوو بەتاڵان
تا سونبولی زوڵفت بووە پەرژینی گوڵی ڕووت
نەمدیوە لە دووریشەوە عیشوەی خەت و خاڵان
بۆ سەبزەیی نەوخێزی خەتی لالەڕوخانم
هەوری خەفەتم حازرە بۆ دیدەیی گریان
غونچەی ئەمەلم چونکە نەپشکوتووە ئەمساڵ
بولبول بە دڵم دێژێ کە سەدخۆزگە بەساڵان
تۆ تاری سەری زوڵف و منیش ئەشکی بەحەسرەت
خۆش دێن لەیەک ئەو ڕیشتە و ئەو دانەیی مەرجان
قەترەی عەرەقی شەونمی بەرگی گوڵی ڕووت بوو
وەمزانی کە مەرجانە لەسەر لەعلی بەدەخشان
تا ڕیشتەیی زوڵفت بووە دامی دڵی مەیلم
مەجنونی دوجەیلم لە هەموو قەومێ هەراسان
جەرگم بە دەمی تیغی برۆت بێرە بەشەرتێ
بدروی بە تەلی زولف و بە تای سووزەنی موژگان
لەو چاکە کەوا دیومە کەوا چاکی دوو گیرفان
گیرفانی دەروونم بە خەیاڵ پڕ بوو لە عیرفان
دڵ بۆیە سەوادی بووەوە زوو لە خەتی تۆ
منداڵ بوو کە فێر بوو لە خەتی لەوحەیی جانان
تا ئایەتی حوسنی لە خەتی مەسحەفی ڕووت خوێند
ساحێبی سەواد و خەتە ناتیق بوو بە قورعان
تەشریحی خەیاڵی فەلەکول ئەعزەمی وەجهت
تەسویری بەبێ گۆی زەقەنت نایەتە ویجدان
خاڵت لە ڕوخت نوقتەیە بۆ مەرکەزی عالەم
زولفی وەکوو قەترەت بە کەشش هاتنە جەولان
بۆ مەتلەعی بورجی قەمەر و شەمسی جەماڵت
کەوتوومە ڕەسەدخانەیی نێو چاهی زەنەخدان
وەک مەنعی منی کرد لە تەوافی حەرەمی ڕووت
سا، ڕەببی لە ئیمانی کە سەرداری لەئیمان
بازاڕی جەهل گەرم و هونەر سەردە ڕەواجی
عەسری خەزەفە حەیفە گوهەر بێنییە مەیدان
هەریەک پەلی فرزەندێ دەژی شیعری حەریقیناسناوی ئەدەبی
تۆ بۆ چی لە کیس خۆتی دەدەی موشتەری نادان