دوو تابلۆی ژیان

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  466 بینین
١
چاوەڕوانین!
هەموو کاتەکانی ژینمان
چاوەڕوانی ڕووداوێکین
ڕووداوەکان ڕوو دەدەن و
ئێمە هەروا چاوەڕوانین!
لە دایک بوون، ڕووداوێکە
مردن ڕووداوێکی دیکە
ژین مەترسی نێوان ئەو دوو ڕووداوەیە!
٢
ژیان، خاجێکی گرانە
من، وەک عیسا
بەرەو گردی یاخی بوونم
کێشی دەکەم!
یان گاشەبەردی تاوانە
من وەک سیزیف
لە بناری منداڵییەوە
هەتا لووتکەی مەرگی دەبەم!
هەرچەند بارم زۆر گرانە و
هەزار ساڵە
ئەم هەورازە تووشە دەبڕم
بەڵام شادم
کە سەرئەنجام
لە جولجوتای عیشقا دەمرم!