پەریی شیعر

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 2 خولەک  586 بینین
بارانێکی لێڵ دەبارێ
لەبەر دەرکەی هەڵبەستێکا ڕاوەستاوم
دڵم پڕە لە هەنسک و
چاوم تەژی پرمەی گریان
پەری!
دەرکەم لێ کەرەوە
خەم خەریکە دڵم ئەخوات، پێدەکەنێ
هاکا لە بەر دەرگەکەتا
سینگی شەق بێ گوڵ خەندەران!
پەری!
دەرکەم لێ کەرەوە
دڵم تەنگە دەخیلت بم
گۆڕی بێدەنگی تاریکە
وەرە لە ناو باخچەی دڵما بچریکێنە
بە بێ قام و حەیران دەمرم!
هاوار نەکەم ئەم ئازارە دەمخنکێنێ
پەری! وەک هەور بگرمێنە
سینگە شەقارەکەم تەڕ کە
سۆزی دڵم دامرکێنە
پەری!
ئیمشەو دانەباری ئاگر ئەگرم
تۆ خوا پەری! لێم مەتۆرە
بۆ تۆ پشتم لە دنیا کرد
بووم بە شاعیر، خۆم ڕیسوا کرد
ئەمزانی تۆ تۆفانێکی بێ ئامانی
دەریایەکی بێ بەندەر و خرۆشانی
من ئەمزانی هەزاران دڵ
لە تەنوورەی تۆفانی تۆدا خنکاوە
من ئەمزانی تۆ ئاگری
گیانی هەزاران پەپوولە
بۆ گەیشتن بە سەرچاوکەی تیشکی ڕوخسارت سووتاوە!
بەڵام هاتم
خۆشەویستی تۆم کردە ڕێی هات و نەهات
وەک شەپۆلێکی نائارام
ڕووم کردە بەحری کارەسات.
پەری!
دەرکەم لێ کەرەوە
بارانێکی لێڵ دەبارێ
ئیمشەو هاتووم...
خەمەکانم لە باوشتا بتوێنمەوە
تەمەنێکە ڕێگا دەبڕم
کەوشی پۆڵام داڕزاوە
گۆچانی ئاسنم شکاوە
توێشەم خاڵی، ڕۆحم تەنیا
خۆم غەریب و دڵم هێلانەی باڵندەی
هەزار ئاواتی سووتاوە!
پەری!
دەرکەم لێ کەرەوە
ئەوناقم کرد!
ڕۆحم وێنەی چۆلەکەی بەر لێزمەی باران هەڵدەلەرزێ
لە بەر دەرکەی ماڵەکەتا ڕاوەستاوم
بارانێکی لێڵ دەبارێ
شەو درەنگە! دڵ خاوێرە
ڕۆحی تەنیام بە شەپۆلی خۆت بسپێرە.
وەرە بۆ ناو هەستی ئاڵۆز و شێواوم
ئەی فریشتە، ئەی شیعری جوانی دڵداری!
ئیمشەو هاتووم
بە هاواری خوێن و فرمێسک بتهۆنمەوە
ئەی دوایین نرکەی ڕزگاری!