من لە ئەسپی بۆز ئەپرسم: بۆچی ئەعزات کەمڕەگە

لە کتێبی:
دیوانی سالم
بەرهەمی:
سالم (1800-1866)
 1 خولەک  578 بینین
من لە ئەسپی بۆز ئەپرسم: بۆچی ئەعزات کەمڕەگە
ئەو بە ئاخ و داخ ئەڵێ: داخی عەزیز ئاغای سەگە
چاوم بێ نوورە، دەستم تۆپاڵە، بەرمەم کۆنەڕێش
سەربەسەر ئەعزام لە برسا تێک چووە، ڕانم شەگە
توورەکەی پڕ ئێسْکم کردە سەری، ئەو پێی وتم:
ئەسپی سەگ با پێشەخۆر بێ، جۆ لە بەر ئەسپی بەگە
با وجوودی بێ جلی و بێ کاو و جۆیی، دائیما
دێتە سەر پشتی، دەمرقێنێ وەکوو بزنی تەگە
کەوتمە کەند و تێک شکام و کوێر و شەل بووم، ئێستەکە
سەگ بە بن گوێما دەڵێ: زوو بمرە، نامەردی مەکە
سەگ تەمای لاقی ئەکات و سەگ سواری پشتییە
بۆزی سەگ چۆن دەرپەڕێ، یا ڕەب، لەدەست ئەم دوو سەگە
بۆز لە دەشتی شارەزوورا هێندە بێ تین و لەڕە
خاڵ سواری گەردنی بێ، وەک سەگی سەر دیرەگە
بۆز ئەڵێ: میرم، خودا عومرت درێژ کا، توو خودا
ئاڵوگۆڕم کە، نەجاتم بێ لەدەست ئەم دوو سەگە