سەبووریم دێ ببینم، گەر بە خەو، دیداری دڵدارم
لە کتێبی:
دیوانی سالم
بەرهەمی:
سالم (1800-1866)
2 خولەک
825 بینین
سەبووریم دێ ببینم، گەر بە خەو، دیداری دڵدارم
لەگەڵما دوشمنە، چ بکەم ڕەفیقان، چاوی بێدارم
لەپاش دەردی فیراق، ئیتر لەلام دونیا هەموو پەشمە
لە عومر و زیندەگی و عەیش و جەوانی، جوملە بێزارم!
ئەجەل! دارووی شیفای من مردنە، سا دەی خەڵاسیم کە
لە دەست دەردی حەیات و جەوری دونیا زۆر بە ئازارم
بە میسلی زوڵفی دڵبەر تیرە و ئاشوفتەیە، ڕۆژم
بە ڕەنگی لەعلی لێوی ئاڵە دایم، ئەشکی گوڵنارم
بەهەم نایێ لەبەر کورتی لە هەر سوو ڕشتەیی ئوممێد
یەهوودانە فەلەک عوقدەی ئەوەندە خستە ناو کارم
نومایان کە سەبا! ئیعجازی یووسف، وەختی ئیمدادە
غوبار بێنە لە کۆی جانانەوە بۆ دیدەیی تارم
بە یەک دڵ بۆ دڵارامێ بە دڵ مەجنوون و خوو سەنعان
خەیاڵی زوڵفی لەیلایە، بە دایم بەند و زوننارم
لە حیرسی غەم، بە لەب گەر ئاشنا بێ شەکوەیی دووری
دڵی عیسا بە جۆش دێنێ، سەدای ئەفغان و هاوارم
لەگەڵ دونیا بەشەڕ هاتووم و کۆ نادەین، دەسا یاران!
فەلەک چەرخێ ترە، یا من ئەزەل جانسەخت و بێ عارم؟
کەسێ تەفتیشی ئەحواڵ کا، بڵێ: ناسالمە «سالمناسناوی ئەدەبی»
سەبا تەشریفی خاست، گەر دەچیتە مەنزڵی یارم!