هانا

لە کتێبی:
لە غوربەتا
بەرهەمی:
محەممەد عومەر عوسمان (1957-2019)
 2 خولەک  1825 بینین
ئێستا.. منی ون لە تەمومژی ڕەشی غوربەتا
گەڵای درەختی گیانم هەڵوەری..
لەناو بڵێسە و گڕی مەینەتا
***
دە توخوا وەرە..
بیابانی دڵم.. تینوی کانیاو - شەیدای سێبەرە
دە توخوا وەرە..
با سەرابەکان ببن بە شەتاو
درەخت سەر بکا بە کۆشی هەورا..
هاژە بێتەوە ناو چەمی سووتاو
***
دە توخوا وەرە..
لە تینوێتیدا..
هەور خنکاوە
لوتکە بێ بەفرە
درەخت سووتاوە
دە توخوا وەرە..
دڵ نوقمی ئەشکە.. مەرگ چاوەڕێمە..
خاکێکی سووتاو مەزار و ڕێمە
***
با بگەڕێمەوە بەرەو جیهانی سەوزی مناڵی
با هەست بە بۆسۆی پرچی سووتاوی ڕۆژەکان نەکەم..
نەڵێم.. ئەو ڕۆژە سەختانەم دیوە
بەهاران جارجار چەپکێ گوڵاڵە
بگرمە دەست و بە دایکم بڵێم
ڕاستە گوڵاڵە خوێنی شەهیدە؟
تەرمی شەهیدم هێشتا نەدیوە
کە تۆ هاتیت و مناڵ بوومەوە..
دەمەو ئێواران مەلی سەرنجم..
لە داوی تیشکی زەردە.. دەئاڵێ
خۆرم لێ ئەبێ بە تۆپێکی سوور یان پرتەقاڵێ
بە دایکم ئەڵێم.. ئەچمە سەر لوتکە و ئەیگرمە باوەش
خۆر ئەهێنمە ژوورەکەمەوە..
چرامان ناوێ شەوی تار و ڕەش
***
دە توخوا وەرە..
با سەرابەکان ببن بە شەتاو
درەخت سەر بکا بە کۆشی هەورا..
هاژە بێتەوە ناو چەمی سووتاو