خۆکوشتن

لە کتێبی:
لە غوربەتا
بەرهەمی:
محەممەد عومەر عوسمان (1957-2019)
 1 خولەک  2242 بینین
ئای.. کەی بێ چەقۆی ژێر سەرینەکەت..
لە قوڵپی خوێنتا گەرم بێتەوە؟
یان مردن بمرێ و لە ژوورەکەتا..
هەوری خۆکوشتن بڕەوێتەوە؟
***
کە نیوەشەوان.. هانا بۆ مەرگ.. مەرگی خۆم ئەبەم
ڕوخسارێکی کاڵ.. لە دوورەوە دێ.. کاڵ هەر وەکوو تەم
هەتا دێ تۆخ و تۆختریش ئەبێ..
لەپڕا ئەڵێم.. ئای.. خۆ هاتووە!
سەری ناوەتە سەر پەنجەرەکەم
زەردە ئەیگرێ و
زۆر بەخامۆشی.. لە سیمای مردووم.. ورد ئەبێتەوە..
منیش چەقۆکە ئەشارمەوە..
نەفرەت لە بیری خۆکوشتن ئەکەم
پێی دەڵێم.. گیانە.. ئاگر لە گیانی تەزیوم بەردە..
با دڵ و سینەی پڕ لە ئازارم لەت و پەت نەکەم
زەردە ئەیگرێ و
کە هەنگاوێکیش بەرەو ڕووی دەنێم..
بەجێم ئەهێڵێ..
سیمای کاڵ.. کاڵتر.. کاڵ دەبێتەوە
دیسان ژوورەکەم کەیل ئەبێتەوە لە زایەڵەی گۆڕ..
هەزاران تابووت.. لەناو چاوانما.. ئەخولێتەوە
لە تەم و مژا.. پەل دەهاوم و
جارێکی تریش هانا بۆ چەقۆ ڕەشەکە ئەبەم..
چەند ساتێک نابا.. بەر لەمردنم.. دەگەڕێتەوە
سیمای تۆخ.. تۆختر.. تۆخ ئەبێتەوە
سەرلەنوێ دەستم سارد ئەکاتەوە
کوشتنی خۆمم بیر دەباتەوە