ئەترسم دڵ ببێتە پارچەیەک سەهۆڵ

لە کتێبی:
لە غوربەتا
بەرهەمی:
محەممەد عومەر عوسمان (1957-2019)
 1 خولەک  2002 بینین
تۆ خۆتم لێ مەشارەوە
ئەترسم دڵ ببێتە پارچەیەک سەهۆڵ..
بەدەم کزەی ئێوارەوە
***
تۆ خۆتم لێ مەشارەوە
من لەگەڵای زەردی پاییز..
زۆر بێ نەوا و غەریبترم
لە کزەبا تەزیوترم
***
تۆ خۆتم لێ مەشارەوە
بیرتە بە زەردەی ڕوانینەکانت..
هەڵمت لە بەفری دڵم هەڵسان و
منت خستە شوێن ساماڵی گیانت؟
***
تۆ خۆتم لێ مەشارەوە
بڕوانە پەڵەهەورەکان..
گەرچی نەدیدەن.. گەرچی نەناسیاو..
دەست دەنێنە دەست
لە نیشتمانی ئاوارەییدا..
ئەبن بە ڕێژنەی گریانێکی خەست
***
تۆ خۆتم لێ مەشارەوە
ئەترسم دڵ ببێتەپارچەیەک سەهۆڵ..
بەدەم کزەی ئێوارەوە