شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی ٥

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 13 دقیقه  1202 مشاهده

شێخاڵ دەڵێ: «ئەتوو فەرخۆڵەت بۆ دەگەڵە خۆت هێناوە؟»

گوتی: «چ بکەم، هەر لەدووم دەگری، دایک و بابی نەماوە»

ڕۆدەنیشت و مەڕیان لە بێر دەداوە،

ئەوێ ڕۆژێ گەڕانەوە بەدواوە.

شوانان بەشێخاڵیان گوت: «ئەوە ژنی توو نییە، ئێ فەرخۆڵەیە بەئەمانەتی لە توو مارەکراوە».

گوتی: وەڵڵاه! سبحەینێ مەرگی دەکەم تەواوە»

ڕۆژ گەیشتە مەحەلی چێشتانێ

خاتوون ئەستی دەدا فەرمانێ:

«ئێسترەکەی بێننە دەرێ، پیاو کاری خۆی بزانێ»

ئێستریان بۆ هێنا ئەوجارە

خاتوون ئەستی لێی دەبوو سوارە

دیسان بۆ کن شێخاڵە کەچەڵی دەهاتە خوارە

سەلامی لە شێخاڵی کرد؛ شێخاڵ لەوی نەکرد پرسیارە.

لە بۆی دادەنا نان و ژەهرە مارە،

گوتی: «ئەوڕۆ نایێڵم فەرخ لە چەنگی من ببێ قوتارە».

مەڕیان لە بێر دەدا شێخاڵ سوێندی خوارد سێ جارە:

«هەرکەسێک بەرخێکی لەلای بڕوا، سێ جاری لێ دەدەم بەو دارە»

ئەگەر مەڕیان هاوێر دەکرد، بەرخێک دەرپەڕی لەلای فەرخۆڵەی هەژارە.

خاتوون ئەستی خۆی فڕێ دەدا، دەیگرتەوە ئەوجارە

وە عەرزێ دەکەوت، نەیدەما ئیختیارە

شاڵواری هەڵدەکرا، کراسی بڵند دەبوو، هەموو بەدەنی دیارە.

شێخاڵ گوتی: «فەرخی دەکوژم ئەوجارە».

دەستی ڕەق دەبوو پێی دە عەرزی نەیدەکرد کارە.

فەرخ کە ئاوڕی داوە تەماشا دەکا لە عەرزییە خاتوون ئەستییە نازدارە

کەلەکەی و ڕانی هەموو دیارە،

دەڵێ: «بەرخم بەرخی پیرەمەڕێ

یا ڕەببی سەرت وە هەزاری گەڕێ

وەدەرت خستوون پەنجە و پانیەی لیلوپەڕێ

بەرخم بەرخی بەرانی!

عەمرم بەپیریش هەر جوانی،

لە بۆ فەرخۆڵەت وەدەرخستووە پەنجە و پانیەی بڵقیسای سولەیمانی.

بەرخم بەرخی شەکێ!

بەرەکەتت بکەوێتە عەمری دەگەڵ کەلەکێ.

لە بۆ فەرخی بێ دایک و بابت وەدەرخستوون پەنجە و پانیەی دەوێ مەلەکێ».

ئەگەر فەرخ ئەو قسەی دەکرد تەواوە

خاتوون ئەستی لەسەر جێی خۆی هەڵستاوە.

پڕی دەدا فەرخی لەسەر ئامێزی خۆی ڕۆناوە.

دەڵێ: «ئاخر لەسەری توو دەبم بۆسۆ و بەنناوە».

بۆ سەر ڕازی کانیە هاتنەوە، تەدارەکی ماڵێ گیراوە.

شێخاڵ لەوێ ڕەقبۆوە دەستی ڕاوەستاوە

پێی لە عەرزێ نایە بەدواوە.

دوو گورگان سەریان لە مەڕی دەسوێیە ناوە

بۆیە مەحتەلن، ئەگەر بێری بگەڕێنەوە بەولاوە.

تەدارەکی خۆیان دەگرت، بێرییان دەیانگوت: «شێخاڵ، ماڵئاوا»

ئەگەر ئەوان دەڕۆیین، ئەو گورگانە بۆ مەڕیان ڕاکێشاوە

هەروا بێری بوو، ڕووی خۆی دەڕنی، دەیگوت: «مەڕی مە نەماوە

ئەو گورگە بردی، بۆ دەنگێ ناکا ئەو پیاوە؟»

گوتیان: «ماڵ خراپ! ئاخر دەستی ڕەقبووە، دوعای فەرخی لێ کراوە».

خاتوون ئەستی تکایێ لە فەرخی دەکا، دەڵێ: «بڵا ئەو گورگانە بگەڕێنەوە بەدواوە».

فەرخ بانگ دەکا: «گورگ! ئەی جووتە گورگی دە کەنعانێ!

بە ڕەزای خوڵای ئاسمانێ

وەرن لە مەڕی من ببژێرن؛ بەرن بیکەن بە کەباب. ئەوە لەجیاتی زەکاتێم دانێ.

ئەی جووتە گورگەی ساحێبی بەراتێ!

وەرنە پێشێ شێخاڵە کەچەڵ دەستی ناگاتێ

یەکی چاک ببژێرن، بەرن دەڕێی خوڵایڕا ئەوە لەجیاتی زەکاتێ».

کێ بوو لە جووتە گورگی دە جندییە

دەهاتنە خوارێ بەگورجییە

هیچ نەترسان لە شێخاڵییە.

یەکی چاکیان بژارد ڕایان کێشا بەبێ تەخسیرییە

دەڵێن: «ئەوە زۆر حەڵاڵە هەم زەکاتە؛ هەم ماڵی شێخ فەرخییە.

خوڵا ڕسقی ئەوڕۆی داینێ؛ کەرەمدارە بۆ ڕۆژێکی دییە».

بێرییان جڵەوی ئێستریان دەگرت، دەیانگوت: «فەرخۆڵە! دوعایێن بۆ بکە لە ڕەببییە

شێخاڵ دەست و پێی خۆش ببنەوە، بچێتەوە مەڕییە؛

دەنا گورگ پێی فێر بووە قەت یەکی نامێنییە».

فەرخۆڵە تەمەنای دەکرد لە خوڵایێ؛ حەزرەتی جوبرائیل دەهاتە کنی بەیەکجارەکییە

گوتی: «فەرخۆڵە! جارێکی دی دوعای مەکە لە کەسی دییە»

فەرخۆڵە تەمەنای دەکرد لە جوبرائیلییە،

دەیگوت: «تەخسیری من نەبوو دەستی لێ هەڵنەگرتم خاتوون ئەستییە».

بۆ ماڵێ دەهاتنەوە فەرخ و بێرییە.

ژنێک بێدین بوو، ئەوە مروەتی مەولوود سوراحییە

شەیتانیی کرد لە فەرخی فەقیر و لە خاتوون ئەستییە

دایکی خاتوون ئەستی جنێوی دا بە فەرخییە

گوتی: «ئەوە نەقڵی بابی گۆڕبەگۆڕەکەی دەکا، ئابڕووم بەرێ لە شاری داودییە

وەڵڵاهی قاعبە! ڕۆژێکی دی نابێ ئەو شەیتانەی دەگەڵ خۆت بەریە مەڕییە

شێخاڵ چاکە لە حەیفی ئەوەی خۆی نەکوشتییە».

خاتوون ئەستی دەگریا، دەپاڕاوە،

فەرخۆڵەی دەسەر کۆشی خۆی داناوە؛

هەر چوار برای هاتن لەولاوە.

گوتیان: «ها خوشکێ! بۆچی دەگری، چت لێ قەوماوە؟»

گوتی: «برالە! ڕەبی خوڵاگیرم بن هەر لە من خراپ قەوماوە.

ئەمنو دەگەڵ کەچەڵێکی دە تەرازوویێ ناوە،

ئێستا دایکم هەموو ڕۆژێ دەمکا بۆسۆ و بەنناوە،

دەڵێ قایل نیم فەرخۆڵەی بەریە نێو مەڕی، چونکە ئەوڕۆ گورگ لە مەڕی داوە».

گوتیان: «خوشکێ! دایکم بۆ هێندە خراپە؛ جا چی بەسەر فەرخی فەقیرەوە داوە؟»

برایەکی دی گوتی: «دایکمان چ قسان بکا، وەبزانێ سەری تاشراوە».

سبحەینێ بەیانی دا، بێری خڕبوونەوە بۆ مەڕییە.

دایکی خاتوون ئەستیێ گوتی: «قەدەغەیە نابێ فەرخۆڵە بچێ چ جاری دییە،

ئەوڕۆ دەچین ئەمن و خاتوون ئەستییە».

خاتوون ئەستی گریا: «خوڵایە! ئەمن چارەم چییە؟

فەرخ بەجێ بمێنێ، دەمرێ بەبێ کەسییە».

فەرخی بەدزی بەڕێ کرد بۆ مەڕییە،

دایکی پێی نەزانییە.

دوو بە دوو سوار دەبوون لە ئێسترێ خاتوون ئەستی دەگەڵ دایکییە.

ڕەپێشیان کەوتن بێرییە.

تەماشایان کرد فەرخۆڵە دەڕوا لە بۆ مەڕییە،

بەتاقی تەنێیێ؛ کەسی دەگەڵ نییە.

دایکی وەڕگەڕاوە، سێ چوار چەپۆکی دا لە خاتوون ئەستییە،

دەڵێ: ئەوە خەتای تۆیە ئەو شەیتان و ڕمووزنە ڕێی وەبەرە خۆی گرتییە

هەتاوەکی دەگەینە فەرخۆڵەی بەیەکجارەکییە،

ئامۆژنی لێی دەدا. ئێستری وەسەر دەپەڕاند پێی بریندار دەبوو، خوێنی لێ دەبوو جارییە.

خاتوون ئەستی خۆی لە ئێسترێ فڕێ دەدا سوێندی دەخوارد دەیگوت: ناچمە مەڕییە

دەچمەوە کن غەلیفەی بابم، لێت دەبم بەعەرزەچییە،

بابم فەرخۆڵەی بە من داوە بەئەمانەتییە

ئەگەر ئەتوو فەرخۆڵەی لەو چۆڵەی بکوژی، جا من لەکن بابم جوابم چ دەبێ، بۆم دەبێتە ڕووڕەشییە».

دایکی گوتی: «قەحبە! وەرە سواربە بڕۆین بۆ مەڕییە».

گوتی: «ئەتوو بڕۆ، بەخێرچی؛ ئەمن فەرخۆڵەی ناکەم خوڕایییە.

دەبێ بابم بەو قسەی بزانێ، دەنا بۆ من دەبێتە غەیانەتییە؛

لەسەر حەوتوو و چلوان بوو، ئەمن ئەوهەم بەخێوکردییە».

دایکی گوتی: «وەرە. سواربە؛ ئەوهەش لەگەڵە خۆت بێنە؛ قەت کەڵەگای وا نییە».

خاتوون ئەستی سوار دەبوو. پیلی فەرخۆڵەی دەگرت، دەیئاوێتە سەر شانییە.

تووشی دڕووێکی بوو. فەرخ لە پشتەوە بوو. پڕێ دا دڕوەکەی پچڕی، بردی لە پشتەوە وەبن کلکی ئێسترێی دا. ئەگەر ئێستر دڕوەکەی گەیییە؛ کلکی ئاویتە سەرە. دڕووی دەکونی ڕاچوو. ئێستر دەرپەڕی ئەوبەر ئەوبەرە.

ئەگەر ئێستر هەڵات بەولاوە

هێندی خۆی لە دار و بەردی داوە

ئامۆژنی فڕێ دەدا، لەوێ بەجێ ماوە.

فەرخ دەستی دەدا هەوساری ئێسترێ، جڵەوی کێشاوە،

ئێسترەکەی ڕاگرت، دڕووەکەی لەبن کلکی دەرهێناوە.

ئەگەر چووە سەر ئامۆژنی، زمانی شکاوە.

خاتوون ئەستی بەسەر خۆی دادا، گوتی: «دایکم نەماوە».

فەرخ پێی پێ کەنی، وەسەر پشتێی گێڕاوە.

خاتوون ئەستی دەستی دەستۆی فەرخی کرد گوتی: «دایکم چاک بکەوە؛ ئاخر ڕۆژ کەمی ماوە؛

ناگەینە مەڕی؛ لێمان عاجز دەبێ ئەو شیخاڵی ماڵ شێواوە».

فەرخ گوتی: «ئامۆزا! بڵا لێرە بێ هەتا لەولاڕا دەگەڕێینەوە دواوە».

دەڵێ: «ئەگەر بۆم چاک نەکەیەوە کوێرم دەبێ هەرتک چاوە».

ئەگەر ئەو قسەیان لەوێ کرد تەواوە،

فەرخ لە خوڵاوەندی عالەمیان دەپاڕاوە.

ئەگەر شووێکی لە دایکی خاتوون ئەستی داوە.

بوو بە بەردێکی شین ڕەنگی مەخلووقی نەماوە.

خاتوون ئەستی و فەرخ سوار دەبوون؛ سەبوونی گەرمێنێ دەهات لەولاوە؛

خاتوون ئەستی گەرمای بوو عارەقەی لێ دەتکاوە.

فەرخ گوتی: «بانگی شەماڵی کەن بێ لەولاوە».

فەرخ بانگی دەکرد: «ئەی ڕەبی عالەمێ، بینای چاوانە!

حەزرەتی جوبرائیل بنێرە کن باڵووڵی دێرانە،

شەماڵ مەرەخەس بکرێ بێتە ئێرەکانە.

هەراسان بووە ئەستی کێل گەردنی هەنیە پانە،

سەبوونی گەرمێنێ پێی نادا وچانە».

ئەگەر فەرخ لە خوڵای دەپاڕاوە،

بە ڕەزای خوڵای شەماڵ مەرەخەست کراوە.

ئەگەر شەماڵ هاتە خوارێ، هێند بەحوکمە، کێوی گەورە گەورەی تێک داوە؛

هەرچەندی خیز و بەردی بڵندان بوو، هەمووی هێنا، لە سەروچاوی خاتوون ئەستییێی کرد بڵاوە.

خاتوون ئەستی دەڵێ: فەرخۆڵە، ئەوە چ مەکرێکە دەرت هێناوە؟»

دەڵێ: «بە شەماڵی بڵێم، بگەڕێتەوە دواوە».

خاتوون ئەستی دەڵێ: «منەتێکە لەسەر شانی منت داناوە؛

درەنگە، بێری گەینە مەڕی، مەڕ نەدۆشراوە.

«خراپم لێ قەومی، دایکم لەوێ بەجێ ماوە».

فەرخ دووبارە لە خوڵای پاڕاوە،

شەماڵ هێدیی کرد، بۆ مەڕێیان ئاژواوە.

هەتا گەینە شێخاڵی لێیان کرد سەڵاوە.

دابەزین بەپەلەپەل، مەڕیان لە بێر داوە.

تەدارەکی خۆیان گرت. ئەوێ ڕۆژی خاتوون ئەستی گوتی: «شێخاڵ دەوڵەت زیاد و ماڵئاوا»

شێخاڵ گوتی: «خاتوون ئەستی! ئەمن ئاغام، لەبەر ئەتوو شوانم؛

ئەگەر لەبەر ئەتوو نەبێ، براکانی توو بە نۆکەری خۆم دەزانم.

لەبەر عیشقی توو کەڕکی کوردی هاتۆتە شانم،

کەڵاشی دۆمی وا لە پێیانم.

یاخوڵا! بەخێرێی سەر چاوەکانم».

ئەگەر گەڕانەوە بەدواوە،

خاتوون ئەستی دەستی دە پشتێنی فەرخۆڵەی ناوە،

دەڵێ: «وەختە لە سوێی دایکم کوێرم بێ چاوە.

ئەگەر نەگەینە دایکم خراپ قەوماوە».

فەرخۆڵە دەڵێ: «ئامۆزا لێی گەڕە زۆرم ڕق هەڵستاوە.

«دەربەندی خۆم نیم، ئەگەر ئێستر پێی لە من ناوە.

حەیفی وەی دەمکوژێ، لەسەری من لە تووی داوە.

ئەگەر لێم گەڕێی، دەبێ هەروا بەرت بێ، هەتا دنیا دەبێ تەواوە».

خاتوون ئەستی دەڵێ: «وا نابێ، حورمەتی ئی منیش و ئی تۆش بە دایکمەوە ماوە».

ئەگەر هات گەیییە دایکی، خاتوون ئەستی گەلێک گریاوە.

فەرخۆڵە گوتی: «لێی گەڕە؛ ئەوە فەسادە شاری داودییەی تێک داوە».

خاتوون ئەستی دەڵێ: «ئەگەر دایکم چاک نەبێتەوە، ئەمن کوێرم دەبێ هەرتک چاوە.

ئەگەر چووینەوە بابم ناڵێ، دایکت بۆ نەهێناوە».

فەرخ هاوارێ دەکا: ئەی خوڵای لایەزانە!

ئەوجار بۆ خاتری من بێتە زوبانە».

ئەگەر شووێکی لێ دا. بوو بە دێڵە سەیێکی ڕەش ئەو بەستەزمانە،

جا سەبوونی گەرمێنێ لێی دەدا، بۆچوڕووکی لە پشتێ دەهات، هێندەی دەرکێشابوو زوبانە.

ئێستر پێکی لێ دەنا دەری دێنێ هەر چوار سمەڵۆکانە.

هەتا گەینەوە قەراخی شاری داودییە،

دەڵێ: «فەرخۆڵە ئامان! ئەوە ئینساف نییە

بابم دەپرسێ: دایکت کوانێ، ئەو سەگەو بۆ چییە؟

وەرە چاکی بکەوە بۆ خاتری خوڵای و ڕەببییە»

دیسان بۆی دەپاڕاوە لە ڕەببییە؛

حەزرەتی جوبرائیل دەهاتە کنی بە قاسیدییە،

دەیگوت: «هەر دوعایەکی ئەتوو کردت خوڵا لێی قبووڵ کردییە».

ئەگەر فەرخ شووێکی لە ئامۆژنی دا ڕوح هاتەوە بەرییە.

جنێوی دەدا بە فەرخۆڵە و بە خاتوون ئەستییە.

سوار دەبوون دەچوونەوە شارییە.

ئەو بێدینە دەچۆوە کن کوڕەکانی لە فەرخ و ئەستییان دەبوو بەعەرزچییە.

کوڕەکان گوتیان: «دایە ئابڕوومان مەبە دەیبەتڵێنین بەدزییە،

ئەگەر مام غەڵیفە بزانی ئاسارمان دەبڕییە،

لەسەر فەرخۆڵەی بەسەرماندا وێران دەکا شاری داودییە».

فەرخۆڵە وای گوت بەخاتوون ئەستییە:

«ئامۆزا! نەتزانی، ئامۆژن لێن بووە بەعەرزچییە.

ئامۆزا! ئەمن دەڕۆم ئی دی کەڵکی تۆم نییە.

ئەگەر لێرە بم سەرم دەبڕن بەیەکجارەکییە.

سەفەرم سەفەرێکی ناتەواوە؛

«ئامۆزا! دەوڵەت زیاد و ماڵ ئاوا»

گوتی: «بۆ کوێ دەچی، بەمنداڵیم بەخێو کردی ئەمنی بابان وێرانی»

گوتی: «ئامۆزا! دوور ناچم. دەچمە ماڵی وسووی مەغانێ».

فەرخ لە جێی خۆی هەڵستاوە.

دەگەڵ خاتوون ئەستی بانگی خۆشیان لێ داوە،

فەرخ لێی دا ڕۆیی گوتی: «ماڵئاوا»

گوتی «بڕۆ، بەخوڵات دەسپێرم. بەهەموو لایەکی ئەمنو دە مست شێخاڵە

کەچەڵی ناوە.

فەرخ هەڵستا چووە ماڵی وسووی مەغانی.

خەبەریان دا بە وسوو ئاغای لە ماڵەخۆی پێی زانی.

بەپیرییەوە هات بۆخۆی و بەخێزانی.

ئەگەر فەرخ دەچوو لەوی دەکرد سەڵاوە.

وسوو ئاغا یەک پێ لەبەری ڕاوەستاوە.

گوتی: «قوربان! هەرچەندی ماڵی هەمە، ئەوا دام بەتوو لێت نەزرکراوە.

وسوو ئاغا نۆکەرێکە لە پێشت ڕاوەستاوە.

ئەوە ماڵی تۆیە، هیچ تەوەلوقی منی بەسەرەوە نەماوە».

ئەگەر تەماشایان کرد، مانگی موبارەک وەدەرکەوت ڕەمەزانە؛ تەواوە.

هەموو کەس کەوتە سەروپای ڕەمەزانێ.

خۆشی کەوتە مردووی گۆڕخانێ.

هەتا بیست و حەوت لە ڕەمەزانێ بوو تەواوە،

مام غەڵیفە کەوڵێک و جوانوو ئەسپێکی بوو، لەبەر کوڕەکانی بە فەرخۆڵەی نەداوە؛

لەمێژە ئەو جوانوو ئەسپە بۆ فەرخی هەڵگیراوە.

مام غەڵیفە دەڵێ: «چ بکەین لە ڕەمەزانێ؟

هەر کەسێکی مزگێنیی مانگی موبارەکی بۆ هێنابام، ئەو جوانوو ئەسپ و کەوڵەم دەدانێ».

وا دەڵێن ڕدێن سپی و مەلێیە:

«قوربان! ئەوڕۆ بیست و حەوتی مانگێیە،

هەتا سێ ڕۆژی دی، هەیهوو! لە کوێیە»

ئەو خەبەرە بەفەرخی و وسوو ئاغای دراوە.

وسوو ئاغا گوتی: فەرخۆڵ ئەوڕۆ بیست و حەوتی مانگێیە؛ مامت جوانوو

ئەسپێک و کەوڵێکی بۆ مزگێنی مانگی موبارەکی داناوە».

فەرخ گوتی: مانگ مانگێکی تەواوە؛

عەسرێکی تەمیزە فەسڵێکی مەلا بانگی داوە.

فەرخ و وسوو ئاغا وەسەربانی کەوتن، چاویان لە هەموو دنیایێ گێڕاوە؛

هەرچەندی خەڵقی داودییە، بەرەو ڕووی مانگی مونەوەر ڕاوەستاوە.

خاتوون ئەستی کوندەیێکی هەڵگرتبوو بۆ چۆمی هات واوە؛

فەرخ گوتی: «وسوو ئاغای گیانە!

بڵێن بەخەڵقی خوڵای ساحب ئیمانە،

هەرکەس بۆ جیرانی خۆی بەرێ ڕۆن و برینج و کاسە جێژنانە».

خاتوون ئەستی چوو کوندەی پڕکرد هاتەوە لەولاوە،

کوندەی وی خراببوو دڵۆپ دڵۆپ ئاوێ لێ دەتکاوە،

وەبەلەکی خاتوون ئەستیێ دەکەوێ بەلەکی هەموو تەڕکراوە.

فەرخ دەڵێ: «تەماشای ئەو کوندەی کە، حەیای لەکن نەماوە؛

ئەمن لازمە دەگەڵ ئەوی بکەم شەڕ و داوا».

وسو ئاغا دەڵێ: ئەوە بێ سەر و ئەزمانە چی دەگەڵ توو پێ نەکراوە.