شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی ٤

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 12 دقیقه  961 مشاهده

فەرخ گوتی: «ئامۆزا لەسەر ئەمن مەکە گلەیییە

ئەگەر شێخاڵ شوانە ئەتووش ببە بەبێرییە.

سبحەینێ تەدارەکێ بگرە بچینە نێو مەڕییە».

دایکی خاتوون ئەستی گوتی: «هەتا حەوتووێکی دی هیچ قەراری چوونێ نییە؛

جارێ دەبێ بچنە شیو و کۆڵێ ناز و نازدار و خاتوون ئەستییە».

سبحەینێ نازدار دەڵێ: «خوشکێ، خاتوون ئەستییە!

ئەلحەملای گەورە بووە فەرخی داودییە،

دەگەڵ خۆتی مەهێنە شیو و کوڵێ هەموو عەیش و ئەدەبی پیاوی دەناسییە؛

لە ماڵێی بەجێ بێڵە، بەسەعاتێکی دیێنەوە کن ئەوییە،

بۆمە عەیب و شوورەیییە».

گوتی: «بەجێ دێڵم». خاتوون ئەستییە.

خاتوون ئەستی دەڵێ: «قوربانت بم مەیە سەراوێ؛ ئێستا دیێنەوە، تاوێکی دییە».

شانە و سابوون و تەشتیان هەڵگرتییە،

هەموو ڕوویان کردە ڕازی کانییە.

وسو ئاغا چەند ساڵە ئەوە دەمرێ لە سوێی خاتوون ئەستییە،

کۆشک و باڵەخانەی لەسەر شەتی مرادان دروس کردییە،

ئەگەر چاوی کەوت بەخاتوون ئەستییە،

دەڵێ: «خوڵایە، ئاورم بەربووە دەجەرگییە

ئەتوو بزانە، خاتوون ئەستی بەسەرینی شلکی تووشی ئەستۆی بووە هەتیوبارییە،

یان سەری خۆم دادەنێم، یان شاری داودییە چۆڵ دەکەم، یان بەئیزنی خوڵای دێنم خاتوون ئەستییە».

ئەگەر فەرخ هەڵستا خاتوون ئەستی دیار نییە،

دەڵێ: «هاوارم وەبەر خوڵای، ئی دیکەم وەبەر ڕەببییە!

هیچی دی گیرنابم هەتا نەچمە کن خاتوون ئەستییە».

فەرخ لە ماڵێ هەستا، هات بەهەشتاوە،

لینگی دەدا دەتگوت کوڵاوی باهێناوە،

ئەگەر گەیییە ڕازی شەتی تەماشا دەکا قسن لەوێ کێشراوە.

وسووی مەغانێ لەسەر بانی ڕاوەستاوە،

بانگ دێڵێ: «فەرخۆڵە بۆ وا لینگ دەدەی چت لێ قەوماوە؟».

دەڵێ: «وسو ئاغا لە خەوێ هەستام خاتوون ئەستیم لەکن نەماوە؛

ئەوە لە ڕازی کانیێیە دەچم، لێی دەکەم سەڵاوە».

وسو ئاغا دەڵێ: «ئاخ هەتا نەمردووم ئەو شەیتان و ڕمووزنە بەتڵاوە».

فەرخ چووە نێو قسنەکە، دەکونی بەرداندا تەماشای دەکردن. ئەگەر نازێی دەدی، چاوی لەسەریەک دادەنا؛ ئەگەر نازداری دەدی، هەروا؛ ئەگەر خاتوون ئەستیی دەدی، لەبەری پێیڕا تەماشای دەکرد هەتا تۆقی سەری. لەنێو دیوار

ڕۆنیشت، پێی بەلایەکیەوە نا، سەریشی بەلایەکیەوە نا؛ ئەگەر قەوەتی کردێ، بەسەر خۆیدا ڕووخاند. زیڕاندی، هاواری کرد. ناز و نازدار و خاتوون ئەستی دەرپەڕین، ڕووت بوون خاتوون ئەستی بەسەری خۆی دادا، گوتی: «یا خوڵا موبارەک نەبێ ئەو شیو و کوڵە؛ حەوت ساڵە هەتیوبارییە دەکەم ئەوڕۆ لێو کوشتم». هەموو وەبن بەردان کەوت بوو، بەردەکانیان لەسەر فڕێ دا. وسووی مەغانی لەسەربانی تەماشای دەکردن، هێنادەرێ. خاتوون ئەستی لەسەر کۆشی ڕۆنا، بەهاستەم نەفەسی مابوو. گوتی: «خوشکێ وەختە خەلازبێ یاسینێکمان لەسەر بخوێندایە؛ بڵا مندار نەبێتەوە؛ خوڵا هەڵناگرێ» گوتیان: «چ بکەین بۆ فەقێیەکی، بۆ مەلایەکی؟ گوتیان: کەس دیارنییە وسوو ئاغا نەبێ؛ عەیب نییە بانگی بکەین». خاتوون ئەستی دەڵێ بۆ مردنێ عەیب نییە، ئەوە نەجیمزادەیە کەم نییە».

بانگ دێڵێ:

وسوو ئاغا! وسوو ئاغای دینی،

گەورە عالەمێ، لە خەڵقی پەرژینی!

دەتوانی خەبەرێکم بۆ وە مام غەڵیفەی شاری داودییەی ڕابگەیەنی؛

دەشقەمێ مەلایەک بنێرێ یاسینێکی لەسەر فەرخی بێ دایک و باب بخوێنێ؟»

وسوو ئاغا بانگ دێڵێ: «ناز و نازداری چاوبەنگییە!

هەرچەندی چاوم گێڕا هیچ کەس دیار نییە».

ناز بانگ دێڵی: بتبم بەقوربانی سەرە!

ئەگەر یاسینت لەبەرە،

پێت ناخۆش نەبێ هەتا ئێرە وەرە،

نازێ دەڵێ: «وسوو ئاغای، گیانە!

لەبەر هەمانمان هەن ئەو سەفەرانە،

وەرە یاسینێکی بخوێنە لەسەر فەرخۆڵەی بەستەزمانە».

وسوو ئاغا گوتی «لێی گەڕێ ئەوە گۆڕم گا لە کۆڵ بۆوە؛ ئینشاڵڵا خاتوون ئەستی بۆ من دەبێ». خۆی لە سەربانی هەڵداشت، بەلینگدان هات. کچەکان هەرسێک ڕووت بوون. پاڵیان وێک دا، ڕۆنیشتن، گوتیان «ئۆوەی ئابڕوومان چوو، هیچمان بەخۆمان دانەداوە». خاتوون ئەستی دەڵێ: «ئەح! پەکم بەوەی کەوتووە، وسوو ئاغا ئەمن دەبینێ یان نامبینێ». نازدار دەڵێ: «بڵا پاڵ وێک دەین، ئەوە گەیییە کنمان زۆر عەیب و شوورەیییە». فەرخ گوتی: «لەوەی پتر بێتە پێشێ گۆڕی بابی دەگێم». نازدار گوتی: «قوماربازی شەیتان؛ دەزانم لەسەر توو چم بەسەردێ»

ناز بانگ دەکا: «وسوو ئاغا! بتبم بەقوربانی چاوانە!

تەشریفت تەسیحی نەکێشێ بۆ ئێرەکانە،

فەرخ شوکر چاکە؛ دەیگەڕێ زمانە».

وسوو ئاغا کە ئەو قسەی بیست تەواوە،

بە هەناسەساردی گەڕاوە.

گوتی: «حیزباب! لێ نەگەڕا خاتوون ئەستی ببینم بەچاوە».

نازێ و نازدار گەلێکیان فەرخۆڵە ماچ کرد، گوتیان: «بڕۆوە ئێستا ئەمە دە ئاوی هەڵدێینەوە، ئێستا دەگەڕێینەوە بەدواوە».

فەرخیان بەڕێ دەکردەوە بۆ ماڵێ، ئەگەر گەیییە جێ بەبێ قەیدییە،

بەقەرەواشانی گوت: «شیری بابم لە کوێیە؟ دیار نییە».

ئامۆژنی گوتی: «یا شەیتان! ئەو شیرەت بۆ چییە؟»

گوتی: «ئامۆژن دەچم دەینمەوە ناز و نازدار و خاتوون ئەستییە».

گوتی: جا ئەتوو بۆچی دەچی؟» گوتی: «ئامۆژنم هیچ ئاگای لێ نییە.

نەوەکو وسووی مەغانی ڕێیان لێ بگرییە».

گوتی: «ڕمووزن! ئەو ئابڕووچوونەت لە چییە؟

بۆچی لە کچەکان نابی بەکێشکچییە؟»

فەرخ دەڵێ: «هەڵبەت ئاگام لێ دەبن، لە من زیاتر هیچ کەسیان نییە».

ئەگەر فەرخ ئەو قسەی بیست تەواوە،

شیری هەڵگرت و لە خۆی پێچاوە،

بەشاری داودییەدا بۆ سەر شەتێ گەڕاوە.

ناز و نازدار و ئەستی تەدارەکیان گرت تەواوە،

لەسەر شانە و سابوون و تەشتێ مەعرەکەیان بنیات ناوە،

ئەمە چ قەرەواش و سەرسپیمان دەگەڵ خۆمان نەهێناوە،

چلۆن ئەو شانە و سابوون و تەشتەی بەرینەوە بەولاوە؟

نازدار گوتی: «خوشکێ! یەکمان شانەی هەڵدەگرین، یەکمان سابوون، یەکمان تەشت، دەڕۆینەوە بۆ ماڵێ. هەرچی لە ڕێیە تووشی بووین، شەرعی خۆمانی پێ دەکەین: هەرچی لە هەمان جوانتر بوو، بڵا هیچ هەڵنەگرێ». فەرخۆڵە شیرەکەی لە خۆی بەستبوو، بەکووچەیدا هاتەخوارێ. نازدار گوتی: «ئەلحەملای ئامۆزای خۆمانە، شەرعی خۆمان بەوی دەکەین. گوتیان: ئامۆزا گیان! وەرە شەرعمان بکە هەرچی لە هەمان جوانتر بین، شانە و سابوون هەڵنەگرین». گوتی: «کۆڵو دانێن، ڕۆنیشن، تا شەرعو بکەم». ڕۆنیشتن، فەرخۆڵەیان دەنێو خۆیان گرت؛ فەرخ گوتی: «لەخۆڕایی نەبێ هەر کەس جوانێی خۆی بڵێ جا ئەمنیش پێو دەڵێم؛ نازدار، ئەتوو بڵێ».

نازدار دەڵێ:

«ئەگەر نەمرم، بژیم، بمێنم،

بسکان دابێڵم، چاوان بڕێژم، کوڵمان بنەخشێنم.

ئەگەر کلیلی سینگ و مەمکان بترازێنم،

دەبێ مردووانت بۆ لە قەبران هەڵستێنم».

فەرخ گوتی: «نازێ ئەتوو بڵێ». نازێ گوتی:

«بەحەقی ئەوەی کەم خوڵایە!

«ئەگەر چاوان بڕێژم، کوڵمان بنەخشێنم، بسکانم بکەم تاتایە،

حاجیانت بۆ دەگێڕمەوە لە ماڵی خوڵای، لە ڕێی کابەتوڵڵایە،

نایەڵم، چ تاقیان بچنە زیارەتی ڕەسولوڵڵایە».

گوتی: «خاتوون ئەستی! نۆرەی توویە تووش بڵێ». خاتوون ئەستی دەڵێ:

«بەئاسمانێ کەم، بەڕۆژێ،

ئەگەر بسکانم تاتای بکەم، کوڵمانم بنەخشێنم، بترازێنم کلیلی سینگ و مەمک و بەرکۆژێ،

تینێت بۆ دەستێنم لە مانگێ، تاریکی دەدنیایە دەخەم، شەبەقت بۆ دەستێنم لە ڕۆژێ».

فەرخ گوتی: «ئەو مردووی بمرێ، بۆ خۆشەویستی حەزرەتی ئیسای ڕوحوڵڵا یەک یەک زیندووکراوەتەوە؛ دەنا بەکەسی دی مردوو زیندوو نابێتەوە. پیاو هەتا پیر نەبێ، دەست لە دنیایە هەڵناگرێ، ناچێتە حەجێ؛ ئەگەر پیریش بوو، سەد هەزار جۆری بدەنێ، ناگەڕێتەوە. پیاویش ئەگەر حەزی لە یەکی کرد، هیچ ئیختیاجی بەمانگ و ڕۆژێ نییە، تەماشای بکا؛ چونکە مانگ و ڕۆژ بەڕەزای خوڵایە، هەربووە و هەر دەشبێ». ناز و نازدار گوتیان: «ئەمەگی خاتوون ئەستیێ بەهیچێی نەدا.» ئەوان شانە و سابوون و تەشتیان هەڵگرت؛ ڕۆین. ئەویش فەرخی ئاویتە قەڵاندۆشی خۆی، وەدوویان کەوت بۆ ماڵێ. هەتا ئەوان هاتنەوە، دایکی تەدارەکی بۆ گرتن، گوتی: کچەکانم چوونە شیو و کوڵێ ماندووبوون، دەبێ قاوەڵتوونیان بۆ دروس بکەم». کچەکان هاتنەوە. ناز و نازدار دەپێشدا بوون. گەینە جێ؛ ناقایل بوون. دایکیان گوتی:

«ڕۆڵە! ئەستی کوا بۆچیو دەگەڵ نییە؟» نازدار دەڵێ:

«کارمان گەلێک تەواوە؛

ئەوە دەگەڵ کەڵەگای خۆیەتی لە دوایە بەجێ ماوە».

خاتوون ئەستیش گەیییە جێ، لە دایکی کرد سەڵاوە.

دایکی دەڵێ: کوێنم دەبەرکەن؛ کچەکەم دەگەڵ ئەو شەیتانەی ئابڕووی نەماوە.

نازدار دەڵێ: حەو! خۆ کچەکەشت ئاگای لە خۆی بڕاوە.

نازێ دەڵێ: نازدار، خوشکێ! تووخوڵا چت لەو قسەی داوە.

نازدار دەڵێ: هاهوو! تازە ئەمە ئابڕوومان نەماوە.

ڕۆنیشتن ویستراعەتیان کرد تەواوە.

ئەستی دەڵێ: چلۆن ئابڕوویان بردم، لە خۆم بابان شێواوێ.

دەستی دەدا گۆزان، فەرخی لە قەڵاندۆشی خۆی دەکرد، دەهاتە خوارێ بۆ ڕازی سەراوێ.

وسووی مەغانی دەیکەوت بەچاوە.

چەند ساڵە پێوەیە بیدوێنێ؛ هێشتا نەیدواندووە. وسوو ئاغا گوتی: «کەس دیار نەبێ ئابڕووم دەچێ». تەماشای کرد دوو سێ پیاو دیاربوون، حەیای کرد بیدوێنێ. خاتوون ئەستی چوو گۆزەی پڕکرد، گەڕاوە ماڵێ. هەتا ئێوارێ دانیشت. ئێوارێ هەڵستا دەستی دا گۆزان، گوتی: «عاجزم دەچمە سەراوێ». فەرخۆڵە گوتی: «ئەمنیش دێم» تیروکەوانێکی بۆ دروس کردبوو. سواری قەڵاندۆشی خۆی کرد؛ تیروکەوانەکەی لەسەر سەری وی گرت. چوونە سەر ئاوێ، گۆزەیان پڕکرد و گەڕانەوە. وسوو ئاغا گوتی: «دەیدوێنم بەتەوەکولی خوڵایێ». بانگ دێلێ:

خاتوون ئەستی خاتوون ئەستێکی نازداری!

دەگەڵ شێخاڵە کەچەڵی خەساری،

زەحمەتکێش و ڕەنج بەباری.

قەت بووە بەسەرینی شلکی، تووشی ئەستۆت بووە هەتیوباری.

چاوت ئەستێرەی ڕۆژێ، مەمکت سێوی خوساری،

بەژنت بەمن بمێنێ، بەدارێکی لە لێژی،

دەمت بەمن بمێنێ بەفینجانی قاوەی، مەمکت بەمن بمێنێ بەگۆی لە زێڕی.

ئاورم تێ بەربوو، نابێ سەر وەرگێڕێ؟

ئەو هەتیوی، کون بەگوو چییە بەملانی دەگێڕی؟»

فەرخ گوتی: «ئامۆزا! ئەوە بەمن و بەتۆ دەڵێ».

خاتوون ئەستی دەڵێ: «گووی خوارد لە گووی بابی؛ سەگ دەوەڕێ و کاروانیش

ڕادەبرێ». فەرخ دەڵێ: «ڕاوەستە. ئینجا فەرخ بانگی کرد:

«وسوو ئاغا، وسوو ئاغایەکی نەڕی

دوور بەدوور دەوەڕی وەک سەگی مەڕی.

ئەتوو قەت تەرخی ناکەی بوختان و بەدفەڕی

ئەتوو نازانی لە بنەچەکەی بەکرە مەرگەوەڕی؟

توو ڕاوەستە، تا دە زگتدا وەبکەم گۆپکی دە شێت پەڕی».

وسوو مەغانی لەوێڕا هەڵات. فەرخ پێ کەنی گوتی: «ئامۆزا! بۆچ هەڵات ئەو حیزبابە؟» کەس نەیدەزانی وسوو ئاغا لە ئەولادی بەکرییە، هەتا فەرخ ئاشکرای کرد. خاتوون ئەستی و فەرخ چوونەوە ماڵێ دانیشتن، هەتا سبحەینێ. فەرخ خەوی لێ کەوتبوو. خاتوون ئەستی دەستی دا گۆزان و هاتە سەراوێ. فەرخۆڵە وەخەبەرهات، تیروکەوانەکەی هەڵگرت، وەدوای خاتوون ئەستی کەوت. وسوو ئاغا ئەوێ شەوێ هەتا ڕۆژ خەوی لێ نەکەوت.

گوتی: «دەبێ فەرخی ببینم. دامێنی بگرم، ئەو قسەی ئاشکرا نەکا؛ ئابڕووم دەچێ لە دنیایە. مەگەر لێرە دانەنیشم بچمە وڵاتی بەسرایە». ئەگەر فەرخ گەیییە پشت ماڵێ وسوو ئاغای، خاتوون ئەستی گەییبووە سەراوێ. پنجێک دوودڕک فیسقیێکی دەنێویدا بوو؛ فەرخ تەماحی بوو بیکوژێ.

فەرخ دەگەڵ وی مەشغووڵ بوو. وسوو مەغانی چاوی لێ بوو؛ هەرای کرد، هاتە خوارێ. فەرخۆڵە تەماشای کرد وسوو ئاغا هات؛ زۆر ترسا. زۆر ترسا، گەیییە و بە ئامێزی هەڵی گرت. فەرخۆڵە پڕی هەرتک چاوانی ئاوبوو. وسوو ئاغا فەرخۆڵەی هەڵگرت و بردیە ماڵە خۆی گیرفانی پڕکرد لە مێوژ و لە خورما. گوتی: «ڕۆڵە ئەو قسەی کردت، مەیکە جارێکی دی». گوتی: «وسوو ئاغا! ئەتوو مەڵە ئەمنیش نایڵێم.» وسوو ئاغا گوتی: «فەرخۆڵە! بۆ خاتری توو ئەوا خاتوون ئەستیم بەخوشکی خۆم قبووڵ کرد». گوتی: «وسوو ئاغا! ئەوە ئەتوو بووی بە برای من».

دەستی برایەتییان پێک دا بوون بە برا. فەرخ هاتەوە زگ فیسقەکەی بیکوژێ.

خاتوون ئەستی لەولاڕا هاتەوە، فەرخی ئاویتە سەرشانی خۆی؛ چوونەوە بۆ ماڵێ.

ڕۆنیشتن بەخۆشییێ. حەوتووێکی چ باس و خەبەر نییە.

دیسان بۆوە گێچەڵی شێخاڵی، دێتەوە سەر خاتوون ئەستییە،

دەڵێ: «ئەگەر ئەمن شوانم ئەو ببێتەوە بێرییە،

«دەنا حاشا مادوڵڵا! ناچمە مەڕییە».

غەڵیفە حوکمی کرد: «ڕۆڵە! دەبێ بچی ببی بە بێرییە».

گوتی: «بابە! فەرخی بەرم. یان بەجێی بێڵم لە شارییە؟»

گوتی: «ڕۆڵە! فەرخۆڵە هەر دەبێ دەگەڵ ئەتوو بێ؛ خۆ چ دایک و بابی دیکەی نییە».

ئێسترێکیان قەرار کرد بۆ خاتوون ئەستییە.

دەگەڵ قەرەواشێک و پیرێژنێکی سەرسپییە،

دەگەڵ چەترێکی بەغدایییە.

هەموو ڕۆژێ سواری ئەو ئێسترەی بێ بچێتە نێو مەڕییە.

شێخاڵ دڵی بەو قسەی خۆش دەبێ، دەڵێ: «ئەوە ژنی منە بەیەکجارەکییە

ئەوجار ئینجا مەڕی خۆم دەلەوەڕێنم بەبێ تەخسیرییە».

هەموو ڕۆژێ مەحەلی چێشتانێ دەبووە تەواوە،

تەدارەکیان بۆ دەگرت و ئێستریان بۆ دەرهێناوە،

سواری ئێستریان دەکرد چەتری لەسەر ڕاگیراوە،

دەچوو لە شێخاڵە کەچەڵی دەکرد سەلام و سەڵاوە.