شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی ١

از کتاب:
شێوەزاری کوردیی موکری
اثر:
اسکار مان (1867-1917)
 10 دقیقه  1483 مشاهده

خاتوون ئەستی کچی مام غەڵیفەیە. فەرخ کوڕی مامادییە. هەرتکیان ئامۆزان، بابیان برایە. فەرخ دە زگی دایکیدا بوو، دایکی ژان و برکی هاتێ. ئەگەر بەخێر منداڵی ببێ، ناردیان ژنە سەید و مەلا هاتن، ناردیان ژنی وەکیل و وەزیری هاتن. سێ خوشک بوون، نازێ و نازدار و خاتوون ئەستی. مامادی دوازدە کوڕی بوو؛ هەر دوازدەی مردبوو. گوتی: «خوڵایە! ئەوجار فرزەندێکم بدەیە، یا نێر بێ. یا مێ بێ». خوڵاوەندی عالەمی فەرخی دا بە مامادی. ئەگەر دەوریان گرت مامانچی، فەرخ دە زگی دایکیدا بوو. حەزی لە خاتوون ئەستێ کرد. خاتوون ئەستی بۆخۆی نەیدەزانی.

فەرخ دە زگی دایکیدا بانگ دەکا؛ دەڵێ:

ئیلاهی یا! فەرخم لێ دەبوو بەیەکە؛

شوکرانەم بەتوو، ئەی فەلەکە

خەلقەتی دەکردن دەست و چاو پێ و بەلەکە.

مەخسوود و مرادم هەرتک چاوی بەڵەکە.

ئیلاهی! یا فەرخم لێ دەبوو بە دووە

خوڵایە شوکرانە وەبەر ئەتووە

خەڵقەتی دەکردن دەست و پێ و بەلەک و ڕووە.

مەخسوود و مرادم هەرتک چاوی دە تووە.

ئیلاهی! فەرخم لێ دەبوو بە سێیە

شوکرم بەتوو ئەی خوڵێیە،

خەڵقەتی دەکرد دەست و زار و پێیە.

مەخسوود و مرادم لە هۆرتک چاوی خاتوون ئەستێیە.

ئیلاهی! فەرخ دەبوو بە چوارە؛

شوکرم بەتوو ئەی جەبارە!

خوڵای خەلقەت دەکرد هەموو ئاکارە.

مەخسوود و مرادم لە هەرتک چاوی دەبەخومارە.

ئیلاهی! فەرخ دەبوو بە پێنجە

خاتوون ئاویان لە کانیان هەڵدێنجا

گۆزە دەبوو بەزێڕ، کانی دەبوونەوە بەگەنجە.

ئیلاهی! فەرخ دەبوو بە شەشە؛

هاوارم وەبەر توو، ئەی عەرشە!

خوڵای دروس دەکردن هەموو ئاکار و لەشە.

مەخسوود و مرادم لە هەرتک چاوی دە ڕەشە.

ئیلاهی! فەرخ دەبوو بە حەوتە

مەلەکان لە ئاسمانی حەوتەمینیان ڕاو تێ دەکەوتە؛

خوڵای دەیناردە سەر ئۆمەتێ مەلەکولمەوتە.

ئیلاهی فەرخ دەبوو بە هەشتە

مەلەکان لە ئاسمانێیان پەشتاوپەشتە،

خوڵای لە شەرافەتی پێغەمبەری دروستی دەکرد دۆزەق و بەهەشتە.

ئەگەر نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ تەواو دەبوو بەدڵ و بەجانە،

فەرخ دەهاتە ڕوو بەدەستەوە دەست لەسەر ڕووانە،

لە خەزێنەی خەلاس دەبوو دەیانگرت مامانە،

فەرخیان ڕادەگرت لەسەر هەردک دەستانە،

نێوکی فەرخیان بڕی بەکلیخی دەبانە،

توندیان دەپێچاوە بەدەستانە،

لەسەر بنی بێژنگیان دادەنا بۆیان دەکرد چراخانە.

ئەو ژنە وەزیر و وەکیلە بەدزی دەکەن قسانە،

دەڵێن: «ئەوە یا ڕمووزنە، یانە شەیتانە،

مزگێنی بەرن بۆ مام غەڵیفانە»

ئەوی پیرێژن و سەرسپییە،

تەگبیرێ دەکەن لە نەبەدییە،

بڵا بۆ شارەکەی داودییە بەرین مزگێنییە،

هێندێک لەکن دایکی فەرخۆڵەی بەجێ دەمان بەکێشکچییە،

دەڵێن: «خوشکێ چاومان نابینێ بەو شەوەی بڵا ئەمە ڕۆنیشتین لەکن ئەوییە».

فەرخ دەڵێ: «هەرچی پیرە لەکن دایکم بەجێ دەمێنێ، هەرچی جوانە، بەقەوەتە،

دەچێتە شاری داودییەی دەستێنی مزگێنییە».

هیچ نادەن بەو فەقیرانەی کێشکچییە،

فەرخ دەڵێ: «ئەوی پیرێژن و مامانچی و سەرسپییە،

هێندێک کێشکچی بن، هێندێک بەرن مزگێنییە،

زۆرو دەدەنێ کەم نییە،

ئەگەر هێناتانەوە هەمووتان لێ بەش دەکەم بەبرایەتییە،

هەرکەس پووڵێکی بدزێ بەحەقی ئەو خوڵایەی ڕەببییە،

سەری دەتاشم، سواری کەرێی دەکەم، بیروونی دەکەم لە شاری داودییە».

ئەوانە گوتیان: «نامانەوێ ئەو شەیتان و ڕمووزنە ئابڕوومان دەبا».

هەموو گەڕانەوە لە پاشێ گوتیان: دەچین گەلێکی دەستێنین هیچ غەیانەتی

ناکەین دەیبەینەوە.» فەرخ بانگ دەکا:

«ئەی پیرێژن، ئەی مامانچی دەموحتەبەرن!

هەموو لە دەورەی من و ئی دایکم ڕاوەستاون دەڵێی لەنگەرن.

مزگێنی بگەیەننە دیوانێ، بۆ مام غەڵیفەی و بۆ بابم بەرن»

مامانچی و قەرەواش لە کاری خوڵای تەعجوب دەمانە،

دەڵێن: «یا ڕەبی بەڕەحمەتی توو شوکرانە!

ئەوە مەعلوومە یان ڕمووزنە، یان شەیتانە،

دەنا قەت بووە منداڵی یەک ساحەتە دە زگی دایکیدا بکا قسانە

بڵا مزگێنین بڕفێنی بۆ دیوانی گەورە و گرانە».

ئەو قەرەواش و سەرسپییە

دەبوون بە تەتەر و ئێڵچییە

دەگەڕان دەکووچە و کۆڵانی شاری داودییە

لە دیوانێ دەچوونە پێش دەیاندا مزگێنییە

ئەگەر مام غەڵیفە ئەو قسەی دەبیست تەواوە،

شوکرانەی دەبژارد سەڵاواتی لێ دەداوە،

گوتی: «خەبەرێ بەرن بە مامادیی کاکم تەواوە،

بۆ وی تاقانەیە زگی سووتاوە».

مزگێنییان دا بە مامادی بەیەکجاری،

دەڵێ: «یا ڕەبی زۆر شوکر بەگەورەیی جەباری؛

بابە چو لەمن دەوێ هۆوەتا مام غەڵیفەی گەورەی شاری».

ئەگەر مام غەڵیفە تێ دەگەیەنن،

دەڵێ: «سەید و مەلا و میرزا و فەقێ بچن لەسەر کوڕی مامادی بخوێنن

جا سبحەینێ وەرنەوە جا سەرو خەڵاتی گەورەم لێ بستێنن

شەیتان دەچووە کن مام غەڵیفەی بەیەکجارەکییە:

«قوربان کارێکی گەورە قەوماوە ئەتوو نەتزانییە

هاتوونە کن ئەمن قەرەواش و مامانچییە،

دەڵێن: کوڕی مامادی ڕمووزاتە قەت شەیتانی وا نییە

نێوی لە خۆی ناوە فەرخۆڵە، ئاغای شاری داودییە

دەڵێ مەخسوود و مرادیشم خاتوون ئەستییە».

مام غەڵیفە بەو قسە جەرگی سووتاوە

دەڵێ: «سبحەینێ جواب دە گەرمێنێ بگەڕێ لە ئەستەمبوڵێ ببێ بڵاوە،

سوڵتان پێ بزانێ پاکمان دەخنکێنێ تەخت و تاراجمان دەکا تەواوە،

دەڵێ: «ئەوە بنەچەکە فاسقن بۆیە ئەوەیان وەڕووی زەمینێ ناوە».

بانگی کردە سێ دزان گوتی:

ئەنگۆ ئەوەی بدزن لە سەید و مەلایان تەواوە.

فڕێی دەنە تەویلەی کەڵ و گامێشان، ئێستران پێی لێ دەنێن دەیکەن بڵاوە،

سبحەینێ دەگەڵ ڕیخێ دەیڕێژن جواب دەخەلقی دەگەڕێ دەڵێن: «شەیتان و ڕمووزن بوو مەفح کراوە».

ئەو سێ دزانە دەهاتن خزمەتی مەلا و فەقێیانیان دەکرد، بۆیان دەهێنان قەننە و ئاوە،

هەتا نیوەشەوێ خزمەتیان کرد، نیوەشەوێ چرا کوژاوە،

ئەو فەقێ و مەلایە پاک بوون بڵاوە،

ئەو دزانە فەرخیان هەڵگرت بەدەستی یەکدییان داوە،

بۆ تەویلەی کەڵ و گامێشانیان فڕێ داوە،

مەلایکەتان فەرخیان هەڵگرت کێشکیان لە دەورەی کێشا لەسەر بەردێکی

مەڕمەڕیان ڕۆناوە،

هەرچەند کەر و بارگینە سەریان بەسەردا گرتووە لە دەورەی ڕاوەستاوە،

فەرخ دەڵێ: دایکی من بەهەویای کێشکچییان ئاگای لەمن بڕاوە»

فەرخ بانگ دەکا: «دایە گیان وای گیانە!

بەڕەحمەتی خوڵای دەبژێرم شوکرانە

چلۆنت بەرەڵدا کردم بەهیوای کێشکچییانە،

نۆ مانگ و نۆ ڕۆژان هەڵت گرتم بەبەر و پشتانە،

هیچ برازا نابێ بەمامی بکا متمانە».

دایە گیان هێزی جەرگم چرای چاوانم!

«ئەتوو نەتزانیوە بەفەرموودەی مامم؟مەیتەری کەر و بارگین و ئێسترانم».

کە دایکی ئەو قسەی دەبیست تەواوە،

چەپۆکی بەسەرخۆیدا داوە،

دەڵێ: خانەم خرابوو، کوڕەکەم نەماوە،

هەڵستا، چرا هەڵکراوە،

هەر چەندی پەنجەرە و دوودەرییان گەڕاوە،

سۆراخی کوڕی وەچەنگ نەکەوت؛ دەڵێ: «خوڵایە! ئامان جەرگم بڕاوە»

ڕووی دە تەویلەی ئێستر و بارگینان کرد، هەموو ئاخوڕان گەڕا، سۆراخی

نەکراوە،

تەماشای کرد، هەرچەندی وڵاخە، یەک بەبەندیەوە نەماوە،

بەردێکی مەڕمەڕ لەوێیە کوڕی وی لەسەر دانراوە،

هەرچەندی حەولی دا وڵاغێک لەبەر وی نەکشاوە،

لەسەر چەنگان ڕۆیی ئامێزی دە کوڕی خۆی وەرهێناوە،

ئەگەر گوتی «هەس» هەموو وڵاغی لەبەر کشاوە.

کوڕی خۆی هێنا لەسەر جێی خۆی بەرقەرار کراوە،

جا هەتا حەوتووێکی بۆخۆی کێشکی لە کوڕی خۆی کێشاوە.

هەتا حەوتووێکی چ باس و خەبەر نەبوو. پاش حەووتوێکی دایکی شیوی کرد گوتی: «نیوەڕۆیە هەڵم بستێنن نوێژان دەکەم». تەدارەکی بۆ فەرخی گرتبوو، لانکی بۆ دروس کردبوو. دایکی گوتی: «ئینشاڵلا بۆ شەوێ، کوڕی داوێمە سەر لانکێ، حەوتووی دەچێ. پیاوێک لە وڵاتێکی هاتبوو خاتوون ئەستی ببینێ. سوورەتی بگرێ، بۆ ئاغای خۆی بەرێتەوە. فەرخ گوتی: «خاتوون ئەستی نازانێ ئەمن حەزی لێ دەکەم؛ مێردی بکا ئەمن ئاوارە دەبم. بەڵا دوعایە بکەم ئەو شەو دایکم بمرێ. سبحەینێ بابم بمرێ. کەس نەبێ بەخێوم بکا، ئیللا خاتوون ئەستی نەبێ، بۆخۆم

داگیری دەکەم، نایەڵم کەس بیخوازێ.

خوڵایە گەورە و چەند نادری،

هەم کەریم و قادری،

ڕوحان دەدەی، وەریان دەگری

ئەوڕۆ لە حەوتووی دەرچم، دایکم بمری

سبحەینێ دەکەوینە چاوان، بابم بمری

بەهیچ کەسێکی بەخێو نەکرێم، خاتوون ئەستی بۆخۆی هەڵم گری خوڵایە! نە بە کەبرێنی، نە بەسەبرێنی

ئەوڕۆ دایکم بمرێ، سبحەینێ بابم بمرێنی،

بەهیچ کەس بەخێو نەکرێم، دەبێ خاتوون ئەستی بۆخۆی بمعاملێنی.

ئەگەر فەرخ تەمەنای دەکرد لە خوڵای عالەمیانە،

لە بۆ دایکی فەرخی دەهاتن میوانە،

بەخۆی نەزانی، ڕوحیان کێشا ئەو بەستەزمانە،

لە ماڵێ بوو بەشین و گریانە،

هاواریان برد بۆ مامادی و مام غەڵیفانە،

مامادی دەڵێ:

«خوڵایە! بەڕەحمەتت شوکرانە!

خۆ دەوڵەتم زۆرە گەنج و دەبوتخانە،

کوڕی بێ دایک چلۆنی دەبێ گوزەرانە؟»

ئەوێ شەوێ ڕۆژ بوو ئاوە،

دایکی فەرخۆڵەی تەسلیم نەکراوە

هەتا سبحەینێ تەمیز شۆراوە،

خەڵاتیان دەبەر دەکرد، بۆ گۆڕخانان هەڵگیراوە،

تەسلیم بەخاکیان کرد، مەخلووق گەڕاوە،

هاتن لە مزگەوتێ ڕۆنیشتن کەیخودا و پیاوماقووڵ، سەرەخۆشی لە مام غەڵیفە، مامادی کراوە،

هەتا نیوەڕۆیە بانگێکی بەهەق لێ دراوە،

دەڵێن: «بڵا بچی نوێژان بکەین تەواوە،

«ئەو مەخلووقە پاک لە برسان مرد، یەکێک هۆشی نەماوە».

خڕبوونەوە هەموو موسڵمانە،

هەموو لە ماڵی خۆیان دەیانهێنا سفرە و نانە،

عەرزی مام غەڵیفەیان کرد: «بڵا مامادیش بێتە ئێرەکانە».

لە میحرابی مزگەوتێ ڕۆنیشتبوو، کەس پێیان نەزانی ئەو خەڵقانە.

لە بارەگای خوڵای دەیهات میوانە،

ڕوحیان دەکێشا کردیان سەرەوێرانە.

ئەوەش دوعای فەرخی مامادییانە،

قبووڵ بوو لە دایک و بابانە،

مەلا گوتی: «مامادی، هەڵستە، تەشریفت بێتە ئێرەکانە».

مەلا هاتەوە گوتی: «بابە نانی خۆ بخۆن نە سەری هەیە نە ئەزمانە».

نانیان خوارد و بژاردیان شوکرانە،

مەلا گوتی: «مام غەڵیفە! بڵا بچینە قەبرانە»

مام غەڵیفە گوتی: «مەلا! ئەمە تازە هاتووینەوە چ قەوماوە»

مەلا گوتی: «قوربان سەری تۆ سەلامەت بێ مامادی نەماوە».

مام غەڵیفە گوتی: «وای! قوڕم بەسەری بوو کەسم نەماوە

پشتم شکا جەرگم سووتاوە»

وەدەرکەوت، بانگێکی خۆشی لێ داوە.

فەرخ بۆ دایکی هیچ نەگریا، ئەگەر بابی مرد ئەویش گریاوە

ئەوڕۆ کەوتۆتە چلان بەهیچ کەس ژیر نەدەکراوە.

مام غەڵیفە دەڵێ: «ڕۆڵە! خراپم لێ قەوماوە»

لێی خڕبوونەتەوە سەید و مەلای تەواوە،

هەڵیان گرت، بۆ گۆڕخانەی بردیان بەولاوە،

ئەوی لەکن دایکی فەرخی تەسلیم کراوە.

فەرخ بانگ لەسەر بانگی لێ دا بەکەس ژیر نەکراوە.

پوورێکی فەرخی هات لەولاوە،

دەڵێ: «برام چوو، ئەو کۆرپەی ماوە.

دەیبەم بەخێوی دەکەم هەموو ماڵی خۆمی دەنێم دەپێناوە».

هەڵی گرت، بردیە ماڵی خۆی دایناوە،

فەرخ ئەگەر لەوێ زیڕاندی، هەر گریا و ژیر نەکراوە،

پووری دەڵێ: «چ بکەم خەڵق دەڵێن: شەیتان و ڕمووزنە؛ بۆیە دایک و بابی نەماوە».

پووری هەڵی گرت هێنایەوە بەلاوە.

لە ماڵێ داینا گوتی: «چی لێ بکەم، چارەم بڕاوە،

هەر کەسێک بۆم بەخێو بکا هەموو مانگان سی لیرەی دەدەمێ تەواوە».

مروەتی مەولوود سوراحی هات لەولاوە.

دەڵێ: «ڕۆڵە بەقوربانت بم! دایک و بابی نەماوە»