برایمۆک ٢
میر گوتی: «تەدارەکی بۆ بگرین دەری بکەین». چوون کاڵە و گۆرییەکیان بۆ هێنا؛
میر گوتی: «چلۆن هاتووە، دەبێ واش بڕوا». چوون کەڕکێکی سپییان بۆ هێنا،
کڵاوێکی چوار گوێچکیان بۆ هێنا، توورەکێکی نانیان بۆ هێنا.
هەتا ئەو تەدارەکەیان لە ماڵێ میری گرت، خاتوون پەریخان پیاوێکی بانگ کردبوو؛ هەر تەدارەکێکی میر بۆ برایمی گوتبوو، خاتوون پەریخانیش لێرە بۆ پیاوەکەی ئەو تەدارەکەی گرت. میر گوتی: «برایم بفەرموو، بڕۆ». برایم دەگری، گوتی: «وای لە خۆم بێ سەڵایە!
ئەمەگی دنیایەم چوو بەزایە؛
بەفر هێن زۆرە، دەرناچم لە ڕێگایە،
میر! حەقی من و توو بمێنێ بۆ ئەوێ ڕۆژێ، کە خوڵا دیوانێ دەگری لەسەر
بەردی سەخرەتوڵلایە.
ئێستا ئەمن چلۆن وەدەربکەوم؟ بۆ هیچ شاران ناچێ ڕێگایە.
وەرە، میر بمکوژە؛ چاترە گەردنت ببێ خۆش و ئازایە
نەوەک گورگ و جانەوەر بمخۆن لە سەحرایە،
بەس نییە ئەگەر ئەتوو بمکوژی ئەمەگم ناچێ بەزایە؟
ئەگەر ئەمن وەچۆلییە کەوم، دەرناکەم هیچ ڕێگایە،
میر، ئەودەمی هەر ئەتوو پێی دەبی ڕووسیایە».
دەڵێ: «برایم! حوکمە نابێ بمێنی؛ بۆ کن میرشێخی بڕۆ، بەمنت چارە نایە».
برایم دەڵێ: «میر، شکایەتی خوڵات لێ دەکەم دەگەڵ ئی حەزرەتی ڕەسووڵڵایە».
خاتوون پەریخان پیاوێکی تەدارەک بۆ گرتبوو لە چەشنی برایمی. پیلی برایمیان گرت، بڕوا. برایم گوتی: «ئاغا! بۆ خاتری خوڵای کەسم دەگەڵ نەیە؛ زۆرم خزمەت کردووە، خەڵقم پێ دەکەنێ»
پەردەیان بۆ هەڵگرت، پیلی برایمیان گرت، وەدەریان نا. خاتوون پەریخان لە پشت پەردەی ڕاوەستابوو، پیلی برایمی گرت، پیاوەکەی بەڕێ کرد. برایمی برد شاردیەوە جوانوو ئەسپێکی بۆ لەکن میرشێخی هاتبوو. هێنای، سێ ڕۆژان ئەو
جوانوو ئەسپەی ئاو نەدا، هەر کا و جۆ و وێنجەی دایە؛ تەدارەکێکی چاکی گرت بۆ سێ ڕۆژانە بۆ برایمی. سبحەینێ بەیانی جوانووەکەی زین کرد، لوولێنێکی ئاو گەرم هێنا، بە زینی داکرد، برایمی سوارکرد ئاوی بەڕکێفی داکرد. خاتوون
پەریخان.
دەڵێ:
«برایم، ئەگەر حەقە، ئەگەر ناحەقە،
ئەگەر دەمزانی کاکەم دەرت بکا بەموتلەقا،
سەری خۆم دادەنا چارشێوێکی دارای، چوار تەرەف مەفرەقە.
دەچوومە یەختەخانی ماڵە بابم، بۆم دەردەهێنان جوانۆڵێکی نەوزین لەوانی سم بەتەبەقە،
هاوارم دەکردە ئەو خالەقە،
نەوەکو سەرمای زستانێ لەو ڕێگایە بتکا ڕەقە.
برایم! ئەگەر دەمزانی هەر میوانی،
نەمدەیەشت خزمەتی برای من بکەی بچیە ئەستەمبووڵێ خزمەت سوڵتانی،
دەچوومە ماڵە بابم بۆم هەڵدەگرتی بەرگێکی ڕۆمیانی،
دەچوومە یەختەخانەی ماڵە بابم، بۆم دەردەهێنای حدوودێکی بێ نیشانی،
لە کەحلەکانی عەرەبستانی،
سوارم دەکردی هیچ کەس نەزانی.
برایم! ئینجا بڕۆ، بەختی منی بابان وێرانی
دوازدە ئیمام ئاگایان لێ بێ، دەگەڵ غەوسی گێلانی،
برایم لەکنم زستانێ سەختە، بەساغ و سەلامەتی ناگەیە مەکانی.
مردن بۆ تۆیە، خەم بۆ منی ماڵ وێرانی.
ناچیە چ گۆڕخانان، کەس بە مەسکەنێت نازانی».
کێ بوو لە خاتوون پەریخانێ و برایمی کۆڵاوە،
بانگێکی خۆشیان لێ داوە،
برایم بۆ ماڵێ میرشێخی ڕۆیی، خاتوون بەخەمگینی گەڕاوە.
برایم دەڕۆیی، لە سەرمان زمانی شکاوە.
برایم دەڵێ: «ڕێیە سەرەدەر ناکەم، لە خۆم ماڵ وێرانێ!
ئەمن نازانم، نە بۆ گەرمێنێ دەچم، نە بۆ کوێستانێ.
خۆم دەسپێرم بەخوڵای و بەپێغەمبەری ئاخری زەمانێ».
جوانووی برایم بەڵەدە، بۆ ماڵی میرشێخی بڕوا بەولاوە،
سێ شەو و ڕۆژ هەر کا و جۆی خواردووە، ئاو نەدراوە،
لە تینووان هیلاکە، هەر خۆی بۆ کانیە کوتاوە،
هەتا نوێژی شێوان داغڵ بە کانیە بوو، خۆی تێ ئاویت؛ هێندی ئاو خواردەوە،
چوار چەنگۆڵە ڕاوەستاوە،
برایم بێ زمانە هەڵی نایەن شتاقە چاوە.
جوانوو دە کانیەدا لەوۆراوە.
ئەگەر جوانوو تەماشای کرد شەو کەمی ماوە.
میرشێخ سێ ژنی بوو، شەوێ خەونی دی، ئەگەر نوست. لە خەوێ ڕاپەڕی؛ بە ژنی گەورەی گوت: «خەونم بە برایمەوە دیوە؛ برایم زۆر شلووخە. داخوڵا میرحەج، دەگەڵی خراپە؛ چ گێچەڵێکی بەسەربێنی».
میر خەوی لێ کەوتەوە، جوانووەکە سەرمای بوو دە ئاوێدا. جوانووەکە ئەگەر تەماشای کرد، چوار تەرەفی کانییەکە بەفر بوو، خۆی فڕێ دا. برایم کەوت دە نێو ئاوێ، سەری لەسەر بەفرێ بوو، جوانووەکە چوو دە حەساری میریەوە. میر دیسان برایمی دەخەوێ هات، ژنی گەورەی ڕاست کردەوە، گوتی: «هەر برایمم دەخەوێ دی. برایم شلووخە، بانگی کوێخادەرکی کە، تەماشای ڕێی کانییە بکا، بزانێ هیچ هەست و خوست نییە لەلای کانییە خومارۆیە». کوێخادەرک چوو، تەماشای کرد، جوانوویێک دەحەسارێدایە؛ هەرچەندی دەوری دا بۆی نەگیرا.
هاواری هێنا بۆ میری، گوتی: «میر! قوربان، لە ڕێی کانییە هیچ دیار نییە. ئەما جوانوویێک بەزینەوە دەحەسارێدا ناگیرێ، نەشمناسییە».
خانم دەڵێ:
«وەڵلاهی! پیاوی گەورە ئیختیاری بۆ کەس نییە
ئەوە جوانووی برایمی مەلا زێندینانە، میرحەجە گولە دەری کردییە.
ئەوە بۆ ئێرە هاتووە بەهومێدییە،
لە ڕێیە سەرمایێ بردوویە بەبێ کەسییە.
خوڵاکەی، میر! هەتا ڕازی کانییە بچین، بزانین، هیچ ڕێوشوێنی دیار نییە؟»
کێ بوو لە خانم و میری تەواوە،
ملیان لە ڕێی کانیە ناوە،
دەچوونە کانیە تەماشا دەکەن، ڕەشایییەک دە کانیەدا مەحتەل ماوە، نەیانوێرا بچنە سەری خانم و میری تەواوە.
هاواریان دەناردە نۆکەران، لە مەخلووقیان دەگێڕاوە.
مەخلووقیان بەسەر وەربوو، خانم ناردی چرا و فانۆسی هێناوە،
تەماشایان دەکرد، ئەوە برایمە لەوێ مەحتەل ماوە.
خانم دەڵێ: «دیوتە ئەوە عەوەزی ئەمەگی برایمت داوە؟
ئەوە خزمەتکارەکەی تۆیە، حەوت ساڵانی ئەتوو بەکەرێ گێڕاوە،
ئێستا بەقینی توو بەچلووی زستانێ لەکن میرحەجە گولەی دەرکراوە،
خوڵاکەی! بڵا هەڵی گرین، بیبەینەوە بزانین مردووە یانە ماوە.
میر گوتی: «وەرن هەڵی گرن». خانم گوتی: «تەماشای میری چەند ناتەواوە!
وەرە، یا بەکۆڵی منی دادە یا بۆ خۆت هەڵی گرە؛ ئەوهە گەلێکی ئەمەگی کێشاوە».
میر هەڵی گرت هەتا دەتوانێ،
گەلێک ماندووبوو خانم دەزانێ؛
دەڵێ: «برایم لەسەر ئەتووم لێ بڕا ڕێی گوزەرانێ،
خانم بەئامێزێ هەڵی گرت تا بردیە باڵەخانێ،
خانم دەڵێ: «ئێستا دەبێ حەمامی ژنانی بۆ بکەین». میر گوتی:
«بەچاوان، هەرچی بۆی چاکە وای بۆ بکە». هێنای، برایمیان ڕووت کردەوە، لێرەیان درێژ کرد؛ هەرسێ ژنی میری هاتن، ڕووتیان کردووە ڕووت: یەکیان لەبەرەوە پێوەنا، یەکیش لە پشتەوەیان پێوەنا، ئەوی دیکەشیان لەسەر درێژ کرد. هەتا سەحات و نیوێکی. برایم دەنێو ژنەکاندا ئارەقەی کرد.
کە چاوی هەڵێنا بەستەزمانە،
دەڵێ: «خوڵایە! ئەوە حەمامی ژنانە،
ئەمن دوێنێ لە گەرمێنێ بووم لەکن خاتوون پەریخانێ؛ ئێستا چ دەکەم لێرەکانە؟
ئەگەر میر پێی بزانێ ئەمن چ بکەم لە خەجاڵەتییانە؟»
ئەگەر ژنی گەورەی میری وا دەبینێ
بانگ دەکا: «میر! برایم چاکە؛ مەکێشە خەم و نسرینێ».
ئەگەر خانم وادەزانێ تەواوە،
ژنەکانی بردن بەولاوە،
برایم بەتاقی تەنێ دەجێدا ماوە.
دەڵێ: «خەجاڵەتم، خوڵایە! چم لێ قەوماوە!»
ژنەکانی دی هەڵستان، موژدەیان بۆ میری هێناوە:
سوحبەتیان دەگەڵ میری کرد: «میر حەمامی ژنان وایە، مردووی پێ زیندووکراوە».
خانمی گەورە هەڵستا، دەستێکی بەرگی میری بۆ برایمی هێناوە؛
دەبەر برایمۆکی کرد؛ برایم لە جێی خۆی هەڵستاوە
چۆوە لە میری کرد سەڵاوە.
میر یەک پێ لەبەری بڵندبوو، دەستی دەستۆی کرد، ماچی کردن هەرتک چاوە،
برایمی لەکنە خۆی ڕۆنا،
دەڵێ: «دەگەڵ میرحەجی چت لێ قەوماوە؟
میرحەج بۆچ ئەتووی کردۆتە خەم؛ خوڵا خاتوون پەریخانی بەتوو داوە».
هەرچەندی کرمەک و گوارە و مۆر و ئەنگوستیلەی خاتوون پەریخانێیە هەمووی دەگەڵ خۆی هێناوە.
خانم هەڵی گرت، نەیێشت، میر ئەوانەی بکەوێ بەچاوە.
چەند شەو و ڕۆژان برایمی لەکنە خۆی داناوە،
دەڵێ: «ڕێی کوێستانێ بێتەوە، دەنێرم خاتوون پەریخان بێننە ئێرە، دەتانکەم بە بووک و زاوا».
کە برایم ئەو قسەی میری بیست تەواوە،
شەوێ هەتا ڕۆژ، سەوەتێکی پەیداکردبوو، گڵ و پەینی بۆ قەندیلی مامەکۆیییان کێشاوە.
ڕۆژێکی گوتی: «میر! بەقوربانت بم سەری کوێستانان ڕەشبەڵەک بوو بەفر لە هیچ کوێ نەماوە».
خانم پێکەنی، گوتی: «میر تەماشای برایمی کە، هێشتا نیوەی زستانێ نەبووە؛
شەوێ هەتا ڕۆژ ئەو فەقیرە گڵی بەکۆڵی کێشاوە.
ئەو زەحمەتەشی هەروەک خزمەتی تۆیە ئەگەر ئەتووی دە کووچە و کۆڵانان گێڕاوە.
میر نابێ چ کاران بکەی، هەتا کاری برایمۆکی دەکەی تەواوە».
میر هەڵی گرت قاقەزێکی نووسی بۆ میرحەجی: «برالە! بەسەری من برایمی بێ کەیف نەکەی، زۆر ئەمانەتت بێ پەکی نەخەی لەسەر ماڵی دنیایە، ئەمما کارێکی زۆر گەورە هاتووتە بەرێ. سوڵتانی ئەستەمبووڵێ دەسەری کردووم بۆ فەرشێکی؛ سەد کەسم هێناوە، کەس باشاری ناکا، بەکەس ناکرێ. ئەگەر خاتوون پەریخانێ نەنێری هەرتکمان دەخنکێنن؛ هەر وەزعێکی دەکەی خاتوون پەریخانێ بنێرە. ئەمما بەخاتری ئەمن زۆر نیگاداشتی برایمی بکە، ئەمانەتی منە لەکن ئەتووم داناوە».
ئەگەر ئێڵجی ئەو قاقەزەی برد بۆ میرحەجی خوێندراوە،
میرحەج گوشادی لێ پەیدابوو گوتی: «لێی گەڕە، برایم نەماوە».
دەسەری خاتوون پەریخانێی کرد: «تەدارەکی خۆی بگرێ، سەفەری لەبەرە، کاکم خراپی لێ قەوماوە».
«خاتوون پەریخان دەڵێ: «بەخوڵای ئەمن ناچم بەولاوە».
میرحەج دەڵێ: بیانووان نەبینێ، لێم نەگرێ مانێ؛
دەبێ بڕوا سبحەیانێ».
تەدارەکیان گرت تەواوە،
خاتوون پەریخانیان دە زەمبیلان ناوە، ئاوێتیانە شانی خۆیان، ڕێیان کێشاوە.
گوتی: میرحەج! برالە! دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا»
هەتاوەکوو ئێوارێیان کێشا، ئێوارێ داغیل بە کانیە خومارۆیە کراوە.
مزگێنی بە میرشێخی دراوە.
میرشێخ لەجێی خۆی هەڵستاوە
ناردی دەهۆڵ و زوڕنای هێناوە
لۆتی و ڕەقاس دروس کراوە
ساز و چەقەنەی لێ داوە
داوەتێکی خۆش گێڕاوە
حەوت ڕۆژان بوو تەواوە
مەلا و فەقێیان هێناوە
ئەوانیش پاک قۆڵیان کێشاوە
کاری هەرتکیان بوو تەواوە
موبارەک بێ بووک و زاوا
(ڕەحمان) بەکر ڕاوەستاوە
ئەو بەیتەی کردووە تەواوە
لەنێو کوردی زۆر بەناوە
لە سابڵاغێ دانراوە
حوکمی خاریجەگەری بەوی دراوە
ئەلحەملای کارمان تەواوە