دیموکراتمان دەوێ
از کتاب:
ئاڵەکۆک
اثر:
هژار (1921-1991)
2 دقیقه
1182 مشاهده
حەو ساڵێ ئاگری شەڕی دنیایە دایسان
دیزەی شەڕی تیا دەکوڵی گۆشتی پیر و جوان
میلیۆنەها جەوانی تەڕ و تازە نەونەمام
میلیۆنەها بە عیلم و هونەر نابیغەی زەمان
لەشیان کرا بە خواردەمەنی کرم و مار و مۆر
سەریان کرا بە گۆ و لە مەیدان فڕێ دران
سەدها هەزار شار و دێهات تێکدرا بە بۆم
پیستر لە وەزعی مەملەکەتی کوردی بارزان
بۆ چی هەڵایسا؟ لە بەر ئاسایشی بەشەر
ڕیشەی فەساد و زوڵمی ببەتڵێ لە ڕووی جیهان
میللەت بچووک و گەورەی هەقی خۆی وەدەس کەوێ
مەئموور و شا لە خۆی بێ چ جایی خەت و زمان
کوردیش ئاخۆ بەشەر بوو کەچی هەر دەیانکوژن
وردە و ئەسیرە دێ لە عێراق و لە کوردسان
وا دیارە هی ئەوانە لە بەر نەفعی شەخسییە
کێ ڕاستە قەولی سابتە بێجگە لە ڕووسەکان
ئەو لەشکری کە فەتح و زەفەر ناوە، ڕووسییە
بەیداخی سووری داس و ستارە و چەکوچ نیشان
ئەو لەشکری بە ئەمری ستالینی پێشەوا
بەیداخی فەتح و مەردی لە سەر بڕلەنێ چەقان
ئەو لەشکری کە مستی گرێ کردوە و دەڵێ
زاڵم لە کوێیە تێکی شکێنم دەم و ددان
وا ئەو بەزەی بە حاڵی مەدا هاتووە کە بۆ؟
کورد بێ کەسن لە گێتی و بێ جێن و بێ نەوان
بۆ چی دەبێ لە ڕیزی بەشەر کوردی چارەڕەش
نانی نەبێ زمانی نەبێ تام نەکا ژیان
پێویستە قەومی کوردم وەکوو سایری بەشەر
بەهرەی ببێ لە حەققی ژیان بێتە نێو ئەمان
ئێمەش ئەوا لە سایەیی ئەو لوتفی بایەخی
دەستمان بە دەستی یەک دەگرین پاک بە ڕووح و گیان
حیزبێکی ساز دەکەین و دیمۆکڕاتمان دەوێ
فارس چلۆنە کورد دەیەوێ بێ وەکوو ئەوان
مەئموور لە خۆم بێ هەرچی کوتی چاکە تێی دەگەم
خوێندن زمانی خۆم بێ گەلێک زووی دەکەم ڕەوان
گەر حاسڵم لە خۆمی خەرج کەم چ زوو دەبێ
دانێم مەتەب لە شار و مەکتەب لە دێیەکان
ئەو قەومە پاکی فێری سەواد و عیلم دەبێ
بێگانە چیدی پێم نەڵێ کورد وەحشی یە و نەزان
ئەی گەورەکانی کوردی موبارەک بێ کۆمەڵوو
تۆفیقو بێ لە لایەنی خەللاقی بێ مەکان
یاڕەب بژی بە فەتح وزەفەر لەشکری قزڵ
هەر چەرخ و خول بە مەیلی ستالین بدا زەمان