گردی سەیوان

از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
 2 دقیقه  678 مشاهده
دەمی ئێوارە ڕۆژ لێرە لە حاڵێکی حەزینایە
وتارێکی لە مەعنایی نیگاهی واپەسینایە
شنەی با هەر وەکوو نەی، نەغمەپەردازی مەقاماتە
هەزاران ناڵەیی زاری لەناو ئاهـ و ئەنینایە
***
چ خاکێکە موقەدەس، توربەی پاکی شەهیدانە
بە هەر لادا بڕۆی هەر نەعرەی «الله اكبرعربی» دێ
لەهەر سوو تێپەڕی ئایاتی حەق تەفسیری قورئانە
مەلایەک بۆ زیارەت سەف بە سەف، بێ پا و بێ سەر دێ
***
درەختی ساڵ خوردەی ئایەتی قەومییەتی کوردە
مەزاری نادیاری سورەتی «انا فتحناعربی»یە
بەیانی شەرحی ڕابوردووی ژیانی میللەتی کوردە
نیشانەی قەهرەمانیی قەومی کوردی لێ هووەیدایە
***
نیگاهی ئاگرینی شەو بە مەهتابێکی نوور ئەفشان
کە دار و بەرد و کێلی قەبرەکانی پێ ئەکا تەنویر
وەکوو ڕوحێ لەبەر دەمتا کفن بردووشی فەخروشان
زەمانی تێپەڕیو سەرگوزشتی خۆی ئەکا تەقریر
***
دەڵێ ئەم جێگەیە بۆ پاشەڕۆژت، قیبلەگاهێکە
سەراپا قەهرەمان و تاجدارن لێرەدا مەدفوون
سەراسەر بەرد و قەبری، ڕەمزی تاج و تەختی شاهێکە
پەڕەی تەئریخی حوکمی حاکمانی کورد ئەکا گوڵگوون
***
بەزاهیر دار و بەرد، ئەمما هەموو ئەشعاری پڕ ئاهەنگ
سنووحاتی هەموو ئیلهامی ئەفکاری ئەدیبانە
شەپۆلی بەحری مەعنا، هەروەکوو مەهتابی ڕەنگاوڕەنگ
ئەڵێی فەجری بەیانانە لەناو شەودا درەخشانە
***
لەپێش فەجرا هەموو ڕۆژێ تەمی ماتەم حەزینانە
دەپۆشێ سەر هەتا دامێنی ئەم گردە بە مەحزوونی
بە دەنگی پێچەوانەی تێ مەگە، سۆزێکی گریانە
لە بەندی جەرگی لەیلێ دێتە دەر بۆ مەرگی مەجنوونی
***
هەناسەی ساردی بێ ڕوحێ کە دێ بێ سروە شەوگاران
بەسەر کوڵمی گوڵا پەخشان ئەکا، گێسووی ڕەیحانە
ئیفادەی شیعری، ژینی تێپەڕیوی نەوجوانانە
ئەگەر ورد بیتەوە، دەرسێکی پڕ مەعنایە بۆ ئینسان
***
دەخیلە زائیرا ئاهستە پێ دانێ بەسەر خاکا
مەقامی نامداران و نموونەی عەرشی یەزدانە
بە تەعزیم و ئەدەب تێپەڕ ببی چاکە بەجێی چاکا
نیشانە و ڕەمزی کوردە، ناوی بەرزی گردی سەیوان