چاوەکەم زانیوتە بۆ چی خەو لە چاوم ناکەوێ

از کتاب:
دیوانی کوردی
اثر:
کردی (1809-1850)
 1 دقیقه  4076 مشاهده
چاوەکەم! زانیوتە بۆ چی خەو لە چاوم ناکەوێ؟
چونکە من پێشخزمەتم، پێشخزمەتان نانوون شەوێ
ڕۆژ و شەو دایم لەبەر دیدەی خەیاڵم حازری
سا چ فەرقێکی هەیە بۆ من ئیتر ئێرە و ئەوێ؟
بەس نییە لێرە دەوێرم جار بە جار باست بکەم
نەمدەوێرا قەت لەبەر ئەغیار کە ناوت بەم لەوێ
دڵ لە تاو زامی فیراقت دائیمەن زاری دەکا
ڕۆژ بە ڕۆژ مەنعی دەکەم، باز دەردی سەختە و ناسرەوێ
عەقڵ و هۆشم داوە پێت لێشی دەتۆرێی ماڵ وێران؟
دەوڵەتێکی مفت و بێ ساحیبە، بۆ چی ناتەوێ؟
گەر موخەییەر بم لە نێوانی بەهەشت و وەسڵی یار
وەسڵی تۆ بۆ من جەهەننەم پڕ لە جەننەت نامەوێ
ئەی ڕەقیب! وێڵم لە دەستت لێرە بۆ لێم ناگەڕێی؟
باوکە کوژتەت نیم ئەرێ هەی بەدمەزەب چیت لێم دەوێ؟
هەروەکوو کێوی دەماوەندێ سەرم پڕ شۆڕشە
قەت تەمی هیجران و خەم ساتێ لە دەوری ناڕەوێ
گەردنی کوردیتخلص لە کێوی بێستوون مەحکەمترە
چونکە چەند ساڵە لە ژێر باری غەمایە نانەوێ