بەهار

از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
 1 دقیقه  1225 مشاهده
وا بەهار هات و هەوا غالییە، سایی چەمەنە
نەفەسی بادی سەبا، نافەگوشایی چەمەنە
هاتەوە بەر بەدەنی سەبزە حەیاتی تازە
شاهیدی لالە، ئەوا چیهرە نومایی چەمەنە
دوڕ و ئەڵماسی لە ئاونگی هەوا هۆنییەوە
نێرگس ئەلحەق یەکە بووکی بە وەفای چەمەنە
خەنەیی گرتە دەس و پێی گوڵاڵە و گوڵە سوور
لالە تارای سەروو، سەوزە کەوایی چەمەنە
غونچە پشکووت و دەمی دایەوە وەک لێوی نیگار
بولبولی والە بە دڵ نەغمەسورایی چەمەنە
نێرگس و یاسەمەن و نەستەرەن و سەرو و چنار
هاتوچۆیانە، سەباخوانی نەوایی چەمەنە
مەستی جلوەی تەڕەبن، تازە عرووسانی بەهار
فەیزی ئەنفاسی سەبا، نەشئەگوشایی چەمەنە
دز و جەردەی هەموو گیراوە، شەهەشاهی شیتا
ئەم هەموو ئومنییەتە، عەدل و هەوایی چەمەنە
بە دەسی قودرەتی حەق، چیهرەیی ڕازاوەتەوە
ڕۆحی شاعیر، هەموو ڕەقسان و فیدایی چەمەنە