من و گەلاوێژ
از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
1 دقیقه
1066 مشاهده
گەلاوێژی فەلەک پەیما! ئەیا خورشیدی بێداران
ئەیا هەمدەردی غەمخواران
لە وادی حیرەت و سەرسامییا ڕەنجوور و سەرگەردان
بە نووری گریە ئالوودت بەسەر تاریکیی شەودا
ئەڕێژی ئەشک و عالەم وا لەناو بیروشەی خەودا
کەچی تۆش والەو و شەیدا
زەبوونی هات و چۆی دایم، بە جۆرێکی حەزینانە
بە دایم هەر خەریکی لابەری تاریکیی شەوگار
بە نووری تیشکی پڕتەودار
لە دەشتی چۆڵ و هۆڵی ئاسمانا تۆش بە وێنەی من
خەفەت بارانە، نەسرەوتوو، جگەربریان و بێ ئارام
شپرزەی میحنەت و ئالام
وەکوو من تۆش بە شەوگاران خەو ئەسپێری بە ڕۆژی پاک
وەنەوزێ ناکەوێتە چاوەکانت، ئەی پەری ڕەفتار
لەگەڵ چاوێکی پڕشنگدار
ئەڵێی ئیلهامی هەڵسانی خەوی، ئەی نەجمی بێ پەروا
بە فرمێسکی ئەلەم ڕێزانەوە، لەو دوورەوە ئایە توخوا
لە چی حاڵی ئەبی ئەمما
وەها دیارە من و تۆ... من لە ئەرزا، تۆ لە گەردوونا
لە سەرگەردانیا وەک یەک، لە دەریای بێ بنی بوونا
تەکوتارمانە هەردوو، من لە شوێن ئامال و تۆ ئالام
بەڵام وەک موبتەدای بێ خەبەر، ئاغازی بێ ئەنجام