لە عەرەبییەوە لە «ئیلیا ئەبوو مازی»یەوە وەرگیراوە
از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
2 دقیقه
1252 مشاهده
لە کوێوە بۆ چ ئامانجێکە نازانم، کە چی هاتم
کە چاوم کردەوە ڕێم گرتەبەر، چەشنی خەیاڵاتم
ئەبینم ڕێ و ئەڕۆم بۆ خۆم ئەگەر دڵخۆش، ئەگەر ماتم
لە کوێوە هاتم و ئەم ڕێگەیە بۆ کوێیە، تێناگەم
چ ڕێیەکە، درێژ و دوورە، یا نێزیک و ئاسانە
ڕووەو هەورازە ڕێ، یاخۆ نشێوە، یا بیابانە
منم ڕێبواری ڕێ؟ یا ڕێگە ئەڕوا گورج و ئازانە
وەیاخود هەردوو وەستاوین، جیهان ئەڕوات و تێناگەم
سەرم سوڕماوە، تازەم یا «قديم العهدعربی»ە بونیادم
ئەسیری بەند و زنجیرم وەیا سەربەست و ئازادم
بەسەر ئەم نەفسەما من ئامرم، یا عەبد و مونقادم
بەدڵ ئاواتەخوازم تێبگەم، بێ سوودە، تێناگەم
ڕەفیقان خۆزگە ئەمزانی لە پاش ڕۆیشتن و ون بوون
بەخۆم ئاخۆ ئەزانم وام لە ژێر مشتێ گڵا مەدفوون
وەیا جارێکی تر ئەمداتەوە ڕۆح ئێزەدی بێچوون
وەیاخود ئەمری خوا وایە نەزانم، بۆیە تێناگەم
بە من ناڵێن وجوودی من چ بوو پێش شکڵی ئینسانی
لە بنیاتا وجوودم هەر بووە، یا بێ لەش و فانی
مەتەڵ زانێ ئەزانێ؟ یا ئەمێنێ هەر بە پەنهانی
لەمە تێناگەم و نازانم، ئایا بۆچی تێناگەم