٩

از کتاب:
خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 22 دقیقه  1763 مشاهده
لە سەرەتای ئەم مانگەدا
خوێنی یەکگرتووی گەلەکەم وای پێ وتم:
گەر دڵداری بەرد بیەوێ شاخ هەڵگرێ
هەڵیئەگرێ.
گەر عاشقی ژین بیەوێ مەرگ بکوژێ
هەر ئەیکوژێ!
گەر دڵدارانی سبەینێ بیانەوێ
ئایندە بێننە ئێستاوە
هەر ئەیهێنن!
گەر عاشقی ئاو بیەوێ
«وان» بەرێتە لای «خانەقین»
ڕۆژێ ئەیبات!
گەر عاشقی چاوانی کەسکی ئازادیش
وەک سەرەتای ڕۆژانی مارت
بیەوێ خۆر داگرێت و
لە ستوونی بەژنی مێژوومی ببەستێ و
لەسەر ئارارات هەڵیکات
ڕۆژێ ئەیکات.
ڕۆژێ ئەیکات.
ڕۆژێ ئەیکات!
بەڵام چۆن گوڵ لەسەر پەنگر دائەنیشێ و
بەڵام چۆن خاچ دوور لە مار و دوور لە ئازار
ئەسرەوێت و
بەڵام چۆن «با» بێ ئەشکەوتی ژان و هاوار
هەڵئەکات و
بەڵام چۆن من بێ کارەسات
تەنیا بم و
کە خۆم کۆچ بم
ئیتر چۆن کۆچ لەم ڕێگەیەم ئەبێتەوە.
کە من خۆیشم مەسیحێکی ئەم دەورە بم
ئیتر چۆن خاچ لە کۆڵ شان و
لە کۆڵ مانگ و
لە کۆڵ ساڵم ئەبێتەوە.
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ پشکۆی سەرمابردەڵە و
تۆ هەتاوێکی تاریک و
تۆ تەنیایەکی ئاپوورە و
تۆ هەوایەکی خنکاوی!
لە پێشدا کارەسات تۆپەڵێ بەفری ڕەش بچکۆڵە
ئەوەندەی سەرم بوو
کارەسات بە ساڵدا خل بۆوە، خل بۆوە
تۆپەڵە بەفری ڕەش داگەڕا و داگەڕا،
بە شەوی قیریندا داگەڕا،
بە خوێندا داگەڕا
بە ژەهرا داگەڕا و تل بۆوە،
زیندان و سێدارەی لە خۆوە هەڵپێچا و تل بۆوە
هەڵەبجەی هەڵمژی و ئەنفالی هەڵمژی و تل بۆوە،
گەورە بوو، گەورەتر
من ئیستە سەرێکم پێوەیە لە بەڵا گەورەتر
من ئیستە دەستێکم پێوەیە لە ئازار درێژتر
من ئیستە چاوێکم پێوەیە لە زەریا بە ژانتر
من ئیستە نامۆییم لە شەختەی قوتبەکان ساردترە و
من ئیستا سووتانم لە دۆزەخ گەرمتر.
نالیی ڕۆیی، بە دوایدا شارەزوور کۆچی کرد، وێڵ ئەبوو.
حاجیی ڕۆیی، بە دوایدا شاری کۆ کۆچی کرد، وێڵ ئەبوو.
مەولانەیش کۆچی کرد، بە دوایدا تانجەرۆ کۆچی کرد، وێڵ ئەبوو.
چی ماوە؟!
وا ئیستەیش نیشتمان خۆی ئەڕوا و کۆچ ئەکا و
شەهیدان بە دوایدا وێڵ ئەبن!
من ئیستە کۆچێکم ملیۆنێ سەرم و
دوو ملیۆن باڵم و هەر ئەڕۆم.
بەرەوژوور من ڕێچکەی ترسێکی ڕەشپۆشی
هەڵاتووی ناو بەفرم، بەرەوژوور هەر ئەڕۆم.
بەرەو شاخ من ڕیزی سیخناخی درێژی فرمێسکم و
سەرێکم لە چاوی ئەشکەوت دا و
سەرێکم لە چاوی شەقام دا و هەر ئەڕۆم.
من ئیستە کۆچێکم لانکەم و گۆڕەکەم لە کۆڵدا و
بێ ئەوەی بزانم بەرەو کوێ و بۆ ئەڕۆم، هەر ئەڕۆم
من ئیستە ئازادیی بێ سەرم و
من ڕێگای ون بووم و
من سەرمای مێژووم و
کۆچێکی بێ مەنزڵ، هەر ئەڕۆم!
تۆ باران یارت بوو، تۆ باران ژێی تار و
تۆ باران جۆلانەی خەیاڵ و تۆ هەور پریاسکەی
کۆچت بوو کە شیعرت تێ ئەکرد. بە تاڵی ڕێژنەی
قژی ئاو برینی خۆت ئەبەست. یەکەم جار باران بوو
نەهێنی توانەوەی عەشقت و تەنیایی بەیتە دەست.
یەکەم جار باران بوو، ئەوینی چاوشینی کچێکت بۆ
بێنێ و ئەستێرە بە هێشوو بێنێتە ژوورەکەت.
تۆ باران یارت بوو. وا ئیستەیش نەیارە و سێڵاوی
خنکانە و گریانی شەست کەری کۆچەکەت.
بێدەنگیی ناو شاخان کۆچیان کرد بۆ لای خوا،
ئەو کاتەی کە کۆچی بە گرمەی تۆ گەیشت.
هێوریی مانگەشەو لە گۆمدا، خەیاڵی
ڕۆمانسیی درەختی ناو کۆشی جۆگەکان
کۆچیان کرد بۆ لای خوا ئەو کاتەی
کە کۆچی بە ناڵەی تۆ گەیشت.
بەرد ژانی سەختی خۆی بیرچۆوە، کە ژانی ئێوەی دی.
زەمینیش کڕووزەی پەلکەگیای بیرچۆوە
ئەو وەختەی منداڵی ئێوەی دی.
خەیاڵی دووربینی دوورەدار
لە کەژی عاسیدا
ئەگەیشتە ئەو ڕۆژەی بیگەنێ و
بیکەن بە: چرپایەک بە مێزێک
کورسییەک بۆ شیعر و بۆ چیرۆک.
بەڵام قەت
خەیاڵی دووربینی دوورەدار
بۆ ئەوە نەئەچوو لێرەدا بیگەنێ و
بیکەن بە: دارەمەیت
بۆ دڵدار!
خەیاڵی سەوزەگیای بناری دوورەکێو
ئەگەیشتە ڕۆژگارێ دابێت و بۆ ژیان
بیکێڵن بۆ عەشقی گەنم و جۆ،
بەڵام قەت خەیاڵی سەوزەگیای بناری دوورەکێو
نەئەچوو بۆ ئەوەی لێرەدا
ببێتە گۆڕستان
بۆ چاو و بۆ پەنجە و
بۆ قژی منداڵان!
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ سەفەری کارەساتی و
قاچی کۆستی و کۆچی چاوی.
هەنووکە من لێرە لە شاری هەزاران دوورگەدا
بەلەمی شیعرێکی شەوانەی بێ چرام، ڕێم کوێر و بەندەرم بزرە.
من لێرە لە شاری هەزاران دوورگەدا
ئیستاکە بەلەمی هەڵەبجەی خنکاوم و فەنەری کوژاوەی
بورجێکی ماندووە ئەم سەرە!
من لێرە لە شاری هەزاران دوورگەدا
سێوێکی «ئالان»ی غەریبیی سەر ئاوم و
شەپۆلی نامۆیی خۆم ئەمبا.
هەنووکە من لێرە. لە «Mellanbyplan»
ژمارە ٢٣ لە قاتی دووەمی خانوویەک
گەڕەکی «Rinkeby»
گەڕەکی ئاوارەی تێکەڵ و فرمێسکی تێکەڵ و
زمانی تێکەڵی غەریبان،
هەر وەکوو ئەستێرەی لێقەوماو لە شەوی باراندا
بەرانبەر «TV»یەک دانیشتووم
هەمووتان ئەبینم، ڕووباری لێڵن و پێچ ئەخۆن
بەرەو ژوور ئەبنەوە
هەمووتان ئەبینم، وەک چرای قوڕاوی و
وەک ئەسپی قوڕاوی و
درەختی قوڕاوی و
کارژۆلەی قوڕاویی بەرەو ژوور ئەبنەوە.
من چاوم بە سواری فرمێسکی باڵداری فڕیوە بۆ لاتان.
من جەستەم بە سواری فڕۆکەی خاچەکەی فڕیوە بۆ لاتان.
تەماشام ئاودامان تەڕتەڕە
هەر وەکوو پلووسکی باڵاتان.
من ئیستە وشە نیم، من ئیستە بەتانییە شینەکەی
ئەو ژنەم لە قوڕدا چەقیوە و ناگاتە سەر هەوراز
من ئیستە قەڵەم نیم، من ئیستە ئەو نانەم
هەڵئەدرێ و هەزار دەست بۆی ئەفڕێ و
هەر بە ڕێی حەواوە ئەخورێت و ناگاتە سەر زەمین.
من ئیستە شیعر نیم، من ئیستا چاوانی ئەو ژنەم
کە پڕن لە تەم و لە ڕەنگ و لە دەنگی هەڵوەرین.
من ئیستە شێرکۆ نیم، من ئیستە گۆریچەی زارۆکم
لەو کێوە و، من ئیستا دوو لێوی ئەو کیژەم
وەک مێژووم کەوتۆتە هەڵلەرزین.
من ئیستە شێرکۆ نیم، من ئیستە:
پێڵاوی جێماوی ناو قوڕم و
نایلۆنی دڕاوی نێوانی دوو بەردم و
گریانی ون بوونم و
خەوێکم کوژراو و
دەستێکم ئیفلیج و
ڕووبەری بەهاری کۆستێکم زۆر بەرین.
هەروەکوو ئەستێرەی لێقەوماو لە شەوی باراندا
هەروەکوو پەنجەرەی لێقەوماو لە وەختی شکاندا
بەرانبەر TVیەک دانیشتووم
سیمام قەت ئەوەندە ئالوودەی دڵۆپی تەنیاییم نەبووە.
دەنگم قەت ئەوەندە هۆگری باڕژنی ئاسکەکەی هەنسکم نەبووە.
ڕەنگم قەت ئەوەندە عاشقی پووشپەڕە زەردەکەی خۆراوام نەبووە.
لێوم قەت ئەوەنە هاودەمی لەرزینی دواگەڵای درەختم نەبووە.
هەر وەکوو ئەستێرەی لێقەوماو لە شەوی باراندا
هەر وەکوو پەنجەرەی لێقەوماو لە وەختی شکاندا
بەرانبەر تێڤییەک دانیشتووم.
لە پەردەی تێڤێوە ئەو کیژە دە ساڵەی
کە ئەڵێی ڕەنگاڵەی بەر نمەی گریانی شاخانە و
لە ئاسمان ون بووە و لە دایکی ون بووە و وەک
لاسکە سەمەلی بەر تەرزەیش ئەلەرزێ.
لە پەردەی تێڤێوە دێتە دەر ئەگاتە بەردەمم و
ئەکەوێ. هەڵئەسم باوەشی پیا ئەکەم. ئەیخەمە
بەر کوورەی ژوورەکەم. چیم هەبێ لە شیر و لە نان و
لە نوقڵ و لە یاریی منداڵان بۆی دێنم. هەر
هەمووی ئەخەمە بەردەمی و، پەتۆکەم ئەهێنم
پیا ئەدەم. ئەیدوێنم، تا ئەنوێ.
لە پەردەی تێڤێوە ئەو ژنە ڕەشپۆشەی
لە شەوی شیعر ئەچێ و لە مانگی ئەوق ئەچێ و لە دواوە
جێماوە و ڕەزێکە سڕ بووە و نازانێ چی بکات و
چی بڵێ، لە پەردەی تێڤێوە، دێتە دەر
ئەگاتە بەردەمم و ئەکەوێ، هەڵئەسم، دایکمە و
مێژوومە باوەشی پیا ئەکەم لە پێشدا پاڵتۆکەی
بەر خۆمی پیا ئەدەم. چی مابێ و چی هەبێ لە خۆراک
بۆی دێنم. دواتریش ئەیخەمە جێگەکەی دایکمەوە و
لێفەکەی ئەویشی پیا ئەدەم. ئەیدوێنم، تا ئەنوێ.
لە پەردەی تێڤێوە دێنە دەر، ماڵەکەم چەند
بگرێ دێنە دەر. ماڵەکەم پڕ ئەبێ لە گریان،
لە باران، لە قوڕ و لە هەڵمی کۆچتان و لە
بانگ و لە هاوار، لە پارچە نایلۆن و لە چیلکەوچەوێڵ و لە وشکە زریکە و لە قیژەی زۆر تەڕ و
لە دەستی فڕیو و، لە ئەژنۆی شکاو و، لە ساوای
بەرمەمکان. چیم مابێ ئەیهێنم. لەبەرما چی
مابێ. کلێتە و مشەما و کراس و پانتۆڵ و
دەرپێم و گۆرەویم، هەر هەمووی دائەنێم،
ڕووتوقووت ئەبمەوە. بە ڕووتی ڕائەکەم،
ئەچمە دەر، من شێتم، من شێتی کۆچتانم، بە ڕووتی
ئەچمە دەر، ئەگەمە سەر شەقام، بە کوردی و
سویدی بانگ ئەکەم: ئەی دنیای چەپ و ڕاست
دوای گازی ژەهراوی، دوای نانی ژەهراوی و
ئەنفال و کوشتنی هەڵەبجە و ئەم کۆچە: چی ماوە
بمدەنێ و چی ماوە بمدەنێ!
من ئیستە دەریاچەی مەراقم
ئەسپێکی شینباوی مەنگترە.
من ئیستە ئاسمانی دڵتەنگی کۆچەکەم
خاوەنی «مانگ»ێکی سوورباوی گەشترە!
من ئیستە باڵندەی گڕگرتووی ناوبەفری ئەم ڕەوەم
بە دەنووک لە شووشەی پەنجەرەی گشت گێتی ئەدات و
من ئیستە هاوارم وەک مۆمی کافووریی داگیرساو
شار بە شار ئەڕوات و
ئازادیم سەر ئەکات بە دەرگای ماڵاندا
وەک هەتاو!
ئەم کۆچە گەورەیە کۆچێکی دووسەر بوو
لەم سەریان کە ڕۆیشتم ماڵەکەم، گەڕەکم،
شارەکەم بزر کرد.
لەو سەریان ئەو کاتەی هاتمەوە
ئەوینی ناو دنیا و
جیهانم دۆزییەوە!
ئەم کۆچە کلیل بوو، کلیلی سیحراویی
بە فرمێسک دەروازەی ئاسنی کردەوە،
بە چۆڵبوون پڕبوونی دروست کرد.
ئەو وەختەی کە دووریش کەوتمەوە
لە ماڵێ دابڕام
لە دنیای نزیکتر کردمەوە.
کامێرا، کامێرا، کامێرا
گەر چاوی هاودەمی کامێرا نەبوایە
کێ بەژنی باران و غوربەتی ئەم کۆچەی ئەبینیم؟!
گەر چاوی ئێشکچیی کامێرا نەبوایە
کێ ڕەنگی پەڕیوی ئێوارەی ئەم کۆستەی ئەبینیم؟!
گەر زار و گەر گەرووی کامێرا نەبوایە
کێ ناڵەی ئەشکەوت و
کێ دەنگی داربەڕوو
کێ نووزەی پەلکەگیای ئەبیستم؟!
گەر دەستی تەلیسمی کامێرا نەبوایە
ئازادیم بەو هەموو خوێنەوە چۆن ئەچووە ماڵانی دنیاوە؟!
گەر پەنجەی ڕووناکی کامێرا نەبوایە
ئەم کۆچە چۆن ئەبوو بەم مانگە و
ئەم خاچە چۆن ئەبوو
بەم پردە؟!
شۆڕشی کامێرا، شۆڕشی بینین بوو
دژی چاو بەستنەوەی ئازادیم.
شۆڕشی کامێرا، شۆڕشی بیستن بوو
دژی دەم بەستنەوەی باهۆزم.
شۆڕشی کامێرا، شۆڕشی فڕین بوو
دژی باڵ بەستنەوەی هەڵبەستم.
شۆڕشی وێنە بوو، بەرانبەر متبوونی بۆشایی.
شۆڕشی دەنگ و ڕەنگ، بەرانبەر بێدەنگی و بێڕەنگی.
شۆڕشی ژیان و نیشاندان، بەرانبەر مردن و شاردنەوە.
شۆڕشی ئەوین و گەیاندن، بەرانبەر ڕزین و هێشتنەوە!
کامێرا، کامێرا، کامێرا
سوپاس بۆ کامێرا
بۆ چاوی کامێرا
بۆ دەنگی کامێرا
بۆ دەستی کامێرا
بۆ قاچی کامێرا و
سوپاس بۆ ئەوینی ناو دنیا!
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ سەفەری بێکۆتاییی مەراقیت و
تۆ ڕۆژنامەی بەیانییان و ئێوارانی سەرابیت و
مێژووی وێڵی و
زیندانی زیندانکراوی!
زۆرت دی، وەک بەردی سەر چیا و چون داری دارستان،
وەک خۆڵی ڕێگەوبان: ڕەشەبای دەم تیژ و ڕەقەڵە و
زبرت دی. زۆرت دی، چون لمی گوێ زەریایش
شەپۆلی ئەشکەنجەی شین و مۆر، گەرداوی سەرگەردان،
کەفاوی مەراق و هەڵچوونی تووڕەیی و داچوونی هێمنیی
زۆرت دی. تۆ کەشتی و تۆ سەوڵی خنکاوی زۆرت دی.
تۆ شاخی زۆرت دی: ئەو کاتەی کۆچ ئەکەن. ئەو کاتەی
کە ئەگرین. ئەو کاتەی کە ئاگری عەشقێکی ئەبەدی
لە خۆیان بەرئەدەن. زۆرت دی: خەمت دی ئەو وەختەی
کە ئەبێ و کە ئەڕوێ. مێژووت دی ئەو وەختەی کە
نێچیر ئەخوات و ئەو وەختەیش کە ئەخورێ. تۆ هەقی
زۆرت دی ئەو دەمەی کەوڵ ئەکرێن. گوناهی زۆرت دی
ئەو کاتەی کە باوەش بە خوادا ئەکەن و تاوانی زۆرت دی
ئەو وەختەی لە خاک و لە خوێندا ئەچێنرێن. زۆرت دی
تۆ گوڵی دڕندە و تۆ ئاوی ناپاک و تۆ بەردی ناسک و
تۆ غەدری ڕازاوەت زۆر بینی. گوڵدانی ژەهراوی و ئینجانەی
خوێناویی زۆرت دی. تۆ شیعری فێڵباز و تۆ وشەی
خائین و شۆڕشی قاچاخچی و سەرکردەی پووتت دی. لە پێستی
هەتاو و فریشتە و پەریدا دزت دی. لە پێستی مەسیح و
حەللاج و بابکدا پیاوکوژی زۆرت دی. پیاوانی قاوغ و
پووچت دی. زۆرت دی. ژنت دی ئەو وەختەی کە ئەبن
بە قولاپ. ژنت دی ئەو وەختەی کە ئەبن بە لاولاو.
هاوڕێی خۆتت دی کە لەو دیو پەردەوە پەنجەیان بە چەقۆ
ئەفرۆشتی. زۆرت دی. خۆتت دی ئەو دەمەی
ئەترسی. خۆتت دی ئەو دەمەی کە ئەبوو بپرسی و
نەتپرسی. خۆتت دی گیاکەڵەی هەڵە بووی. خۆتت دی
ملێکی شکاوی ناو قۆرت و پەلە بووی. زۆرت دی.
چیت نەدی؟! زۆرت دی و مەخابن تا ئیستەیش
لە ڕق و ئەوین و نامۆیی و تەنیایی نەگەیشتی!
هەنووکە ئازادیی ئەسپێکی شەفەقە و هێناتە ماڵەوە و
سەرتاپای جریوەی مژدەیە و بریسکەی خۆشییە و
یاڵ بە گوڵ. ئازادیی وەکوو گوڵ، وەکوو مانگ هاتۆتە ماڵتەوە و
چون چرای ئەفسانە هاتۆتە بەردەستت، بۆ ئەوەی
بیبەیتە ناو گەوەی شاخەوە و بۆ ئەوەی ڕووناکیی
بکەیتە بەیداخ و لە گیانتا هەڵیکەیت. ئازادی وەک
گوڵەبەڕۆژە چاوەڕێی پەنجەتە تۆوی کەیت.
ئازادیت ئیستاکە وەکوو سکی گەرمیان، وەک سکی
ئەم خاکە قوپاوە برسییە. ئازادیت کاولاشە، چاوەڕێی
شارایە، چاوەڕێی هەویرە کە بیکەی بە پارووی ئەو
دەمە تەنیایە. ئازادیت برسییە و ئازادیت ڕەجاڵە
ئەو کاتەی ئازادیی برسیی بوو:
شاخ ئەژنۆی ڕۆیشتنی نامێنێ.
ئاو بەستە و گۆرانیی نامێنێ.
ماڵ دەمی نامێنێ تا ماچی تۆ بکا و
هەرێزی پێکەنین زەرد ئەبێ و
ساڵ ئەمرێ!
ئازادی وەک دارتووی حەوشەکەت هاتۆتە ماڵتەوە
وا ئیستە خەونێکی زۆر گەورەت ڕۆژانە وەک کێڵگە و
وەک شەقام، وەک دەرگای ماڵەکەت لەگەڵتە.
وەک ئەسپێ لەبەردەم ڕابوونتا وەستاوە.
چون بەیار، ئازادیی چاوەڕێی کێلانتە
چاوەڕێی باران و یەکبوونی زامانتە.
ئەم ئەسپە زێڕینەی بەربەیان
ئەوەندە لەسەرت ئەوەستێ
نەیخەیتە تاریکی و درەنگان.
ئەم ئەسپە زێڕینەی ئازادیی
ئەوەندە لەسەرت ئەوەستێ
بێزاریی نەیگاتێ و برسێتیی چوارپەلی نەشکێنێ!
جڵەوی ئەم ئەسپە زێڕینە لە دەستی خۆتدایە
ئەم ئەسپە زێڕینە ئەوەندە چاوەڕێی تۆ ئەکات
کە چەتە نەیگاتێ و کوڕژنی نەفڕێنێ!
بەیاریش ئەوەندە چاوەڕێی بارانی تۆ ئەکات
باگژی وەڕسبوون بە ڕەوە کوللەوە نەیگاتێ و
لە گیانیا هەڵنەکات!
ئازادییت وەک مەلی خوێناویی هێنایە ماڵەوە
وا ئیستە لە سنگتا ئەخوێنێ، لە سنگتا هەڵئەفڕێ.
سنگی تۆ ئاسمانە. ئەم مەلی نگینییەیش،
ئەوەندە لەسەرت ئەوەستێ، ئەوەندە هۆگرتە،
قەت سنگی بۆ نەکەی بە قەفەز. ئاسمانی ناو سەرتی
بۆ نەکەی بە زیندان. ئەم مەلەیش برسییە و چاوەڕێی
خەرمانی تۆ ئەکا!
ئازادییت برسییە.
ئازادییت مانگێکی نەخۆشە.
ئازادییت وێرانەی کاولاشە.
ڕەنگ و بۆی ئازادی لە باخچەی گیانتایە.
پێخۆر و خەرمانی ئازادیی
بە تەنها لە کێڵگەی ناو لەپی دەستایە!
یەکبوونی چراوگی زامەکان.
یەکبوونی تانوپۆی کسپەکان.
یەکبوونی لاوک و حەیران و
لە یەکدا توانەوەی ئەم عەشقە
گۆڕینی ئەم سەرە بە مل و شانەوە
گۆڕینی ئەم دەنگە لای خۆتە و لای خۆتە!
ئازادییت برسییە:
هەزاران دروشمی سەر خام و سەر دیوار
برسێتیی کۆترێک تێر ناکات!
ئازادییت کاولاشە
خەرمانێک لە قسە و سەروتار
ڕووبارێک لە هاشە و لە هووشە و
شەپۆلی چەپڵەدار
جامێ ئاو پڕ ناکا و
کراسێک ناکاتە بەر زام و
چرایەک لە ماڵی تاریکدا هەڵناکات!
لەسەر ڕێی ڕۆژاندا، لەسەر ڕێی مانگاندا، لەسەر ڕێی ساڵاندا
وەک ترێ چاوەڕێت قرپۆک بوو.
ئەو دەستە هەر نەهات کە مژدەی کردبێ بە گەنم.
ئەو دەستە هەر نەهات کە قسەی کردبێ بە دەرمان.
ئەو دەستە هەر نەهات کە کفنی کردبێ بە کاڵا.
هیچ نەهات و، هیچ نەهات!
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ هەتاوێکی تاریک و
تۆ تەنیایەکی ئاپوورە و
تۆ هەوایەکی خنکاوی
هەمدیسان تۆ سەرت خول ئەخوا بە دەوری
بازنەی گوماندا و بە دەوری مەرگێکی تازەدا و
لە تەیری گێژ ئەچیت، لە ڕێگەی ون ئەچیت.
تۆ ئیستە وای لەبەر وەیشوومەی شەڕێکی دەروونتا.
شەڕێکی ناو سەرتا، شەڕێکی ناو خۆتا، هەر ڕۆژە و
بایەکی نەفرەت دێ و هەر ڕۆژەی گەرداوی
خوێنێکت هەڵئەکا و هەر ڕۆژەی تۆفانی
مردنێ تۆ ئەبات. تۆ ئیستە تەنیاییت گۆڕێکی
گەڕۆکە و لەگەڵتا ئەڕوات و تۆ ئیستە نامۆییت
بەژنێکی تاریکە و پەلوپۆی خاچەکەت هەر ڕۆژە و
قولانجێ زیاد ئەکات.
هەمدیسان نەفرەتی خۆکوژیم هاتەوە
نێو خوێن و هاتەوە کاولاشی ماڵەکەم.
هەمدیسان ئەم دەستم ئەو دەستم ئەکوژێ و
ئەو دەستم سەری خۆم ئەدزێ و
ئەم دەستم دەمی خۆم ئەدوورێ و
هەمدیسان من هەر خۆم چەقۆم و
هەر خۆیشم تەرمەکەم.
هەمدیسان من هەر خۆم سێدارە و
هەر خۆیشم لاشەکەم.
من هەر خۆم تفەنگم و
هەر خۆیشم نیشانەم!
پێکەوە گۆڕم و گۆڕهەڵکەن.
پێکەوە پەتایشم و قوربانی.
پێکەوە کۆتیشم و ملیشم و
پێکەوە زیندانم و زیندانی.
هەمدیسان من هەر خۆم مشارم و
هەر خۆیشم کەریتەم.
من هەر خۆم کلیلم و هەر خۆیشم قفڵەکەم.
پێکەوە نێچیر و داویشم
پێکەوە خنکاو و ئاویشم.
پێکەوە ئاگر و سووتانم.
من بۆ خۆم دزراوم و هەر خۆیشم دزەکەم.
من بۆ خۆم برسیم و هەر خۆیشم چەتەکەم.
چی ماوە من بیڵێم؟!
من بۆ خۆم ئیستاکە بە پەنگ بووی دنیام و
هەر خۆیشم پەنگەکەم!
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
لەم ڕۆژگارە دووکەرتەدا تۆ ئەو چاوەی کە بۆت نییە
نیوەی دایکی خۆت ببینی.
لەم شەوگارە دووکەرتەدا
تۆ «نالی»ت و بۆت نییە دهۆک ببینی.
تۆ «خانی»ت و بۆت نییە هەولێر ببینی.
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی، تۆ مەراقێکی دووکەرتی
تۆ نیشتمانی بڕڕاوەی لەناو قەدا و
تۆ مێژوویەکی بڕڕاوەی لە کەمەردا و
لەم لاوە تۆ هەڵبەستێکی بێ قاچیت و
لەو لاوە تۆ شانۆیەکی بێ سەریت و
تۆ گۆرانی لە ناوەندا پچڕاویت و
پەنجەی لە دەست بەجێماوی!
ڕۆژانە شیعرێکی ڕیشن و خوێناویت وەک بەرداش
وڕیت و وەک پووشوپۆڵاشی دەم گێژەن
کاسیت و ئەچیتە دەرەوە. ڕیشنی وەک پرسەی
هەمیشەی گەرمێن و پرچنی وەک تەکیەی قادری و
وەک نەقشیش ئەستێرکی خەڵوەتی بێدەنگیت.
ئەچیتە دەرەوە، ئەو وەختەی ڕێ ئەکەیت،
لێڵی وەک خابوور و قەمووری وەک پشتی دابان و
ڕەنگپەڕیو وەک کەرکووک. ڕۆژانە شیعرێکی
ڕیشن و خوێناویت. خوێناویت بە خوێنی وشەی
خۆت. ئەچیتە دەرەوە، خوێناویت
بە خوێنی کۆتەڵی شینی خۆت. ئەچیتە دەرەوە
وەک بەرداش وڕیت و وەک گردی دوا بە دوای
بۆردومان کاسیت و ئەچیتە دەرەوە.
کە ئەڕۆیت تۆ لەبەر خۆتەوە وەک ئیستەی
خانەقین وڕێنە ئەکەیت و شێتی وەک میری
سوور. ئەڕۆیت و تۆ لەبەر خۆتەوە
هۆبەهۆی هۆرەتە و هاواری ئێڵەکەی ئارانتە و
هاواری کۆچەکەی عەنبەرتە وەک دەشتی
شارەزوور. ئەچیتە دەرەوە، وەک ئیستەی
ڕێوبانی نیشتمان، وەک خەڵکی وڵاتی خۆکوژی
تۆ ونی و بزری و نازانی بۆ ئەڕۆی. نازانی
چۆن ئەڕۆی؟! ئەچیتە دەرەوە و تەنیاییت
دووکەرتە. تۆ نیوەیت. ئەڕۆیت و لە سەرتا
نارنجۆک ئەتەقێ و تی ئێن تی ئەتەقێ و لە
سنگتا خومپارەبارانە و ئەڕۆیت و تۆ
نیوەیت. ئەڕۆیت و ئەم جارە دووکەرتی و
سێکەرتی و چوارکەرتی و ئەڕۆیت و تۆ بنە
سڵاوەیت، تۆ دەستی پەڕیوی یووسفی
بامەڕنیت، تۆ سەری هەڵەبجەیت. ئەڕۆیت و
دڵۆپی خۆڕاییی خوێنی خۆت بە کاولاش ئەفرۆشی.
ئەڕۆیت و دڵۆپی خۆڕاییی خوێنی خۆت ئەژمێری.
کۆستەکان ئەژمێری. بێوەژن ئەژمێری.
ساڵانی بابردوو ئەژمێری، بێشومار،
تۆ خەونی هەڵکێشراو، ئاوارە ئەژمێری.
ئۆردوگای برسێتیی ئەژمێری. هەر ئەڕۆیت،
تەنیا نیت، تۆ سەری بڕڕاوی مێژووی خۆت
لەگەڵ خۆت ئەگێڕی. تۆ تک تک ئابڕووی
خۆت ئەکەیتە ناو زەرفی نایلۆنی بانگەشەی
شوومەوە و بۆ دنیای ئەنێری. تۆ سەری بڕڕاوی
براکەت وەک تاجەگوڵینەی سەرکەوتن لەگەڵ
خۆت ئەگێڕی. تۆ پەنجەت تیرۆری خۆی ئەکات،
تۆ سەر و تۆ دەست و تۆ قاچی: کوێستانی و
ڕێناس و حەللاق و فرانسیس ئەخەیتە ناو
کیسەی خۆڵەوە و لە ڕێگەی پۆستێکی پیسەوە
بۆ دنیای ئەنێری!
ئەڕۆیت و هەست ئەکەیت تۆ ورد ورد ئەگۆڕێی،
تۆ ئەوەی پێشوو نیت. دەست ئەدەیت لە
گوێچکەت درێژە و ئەم جارە درێژتر. دەست ئەدەیت
لە دانت و هەست ئەکەیت تیژترە و درێژتر. کەڵبەتە.
تەماشای پێت ئەکەیت نینۆکت وەکوو درەوش
پێڵاوی دڕیوە و هاتۆتە دەرەوە و درێژە،
ئەم جارە لە دەستت ئەڕوانی ئەبینی تیسکنە و
تاڵەمووی ڕەش ڕەشە و درێژە. لائەدەیت،
ئەچیتە بەردەمی ئاوێنەی کۆگایەک. کە سەیری
خۆت ئەکەیت تۆ بوویتە «دراکۆل». تۆ
ئیستە تینووتە و هەر حەزت لە خوێنە. ئەگەڕێی
بۆ یەکێ خوێنەکەی لە خۆت بێ بۆ ئەوەی کە بینی
پێوە نێی. ئەڕۆیت و دەوروبەر: ئەپارتمان
شەقام و دووکان و ڕێستۆران، هەموویان
ئەگۆڕدرێن ئەبن بە بێشەڵان. ئەڕۆیت و
ئەم جارە مرخەت دێ و مڕەت دێ و تۆ جیڕەی
کەڵبەت دێ و ئیستاکە تۆ وا بووی بە ورچی
خوێناویی دارستان!
ڕۆژانە شیعرێکی ڕیشن و خوێناویت ئەچیتە
دەرەوە، وەک بەرداش وڕیت و وەک
پووشوپەڵاشی دەم گێژەن کاسیت و ئەچیتە
دەرەوە. لە بەری «Gamlastan» کۆڵانی
باریکی ڕەواندز پێت ئەگات. ئەوساکە
تۆ بۆنی بارووت و منداڵی سووتاو و تەماشای
ئابڵووقەی مردنی خۆت ئەکەیت. لەبەری گەملەستان،
ئەچیتە ژێر چوخمی کۆنەوە، چوخمەکەی
سەرشەقام پێت ئەگات، ئەتگرێ و ڕاتئەگرێ و
سەعاتێک هەر باسی شێداریی نامۆیی و
نسیەکەی تەنیاییت بۆ ئەکات. بەرەوخوار
تۆ ئەڕۆی هەست ئەکەیت، قاچێکت مان
ئەگرێ لە هاتن، لەگەڵتا نایەت و جێتدێڵێ و
سەرەوژوور ئەو ئەڕوات. ئەم جارە خۆت
ئەکەیت بە گچکە باڕێکدا، ئەچیتە دووکەڵ و
ژاوەوە، وەکوو لەقلەق ئەچیتە سەر
کورسیی لۆقدار و ئانیشکت ئەخەیتە سەر
باڕ و بادەکەت تێ ئەکەیت. خوێنەکەت
هەڵئەدەیت. دووکەڵ و ژاوەیە و تۆ
خۆیشت ئیستاکە دیرۆکی خانێکی ئاژاوەیت.
تۆ خۆیشت ئیستاکە هاواری چەقۆیت و
زریکەی ماڵیت و شەقژنی ئاوارەیت.
لە دەستی ڕاستەوە ژنێکی سەرتاپا سوورپۆشت
لاوەیە، گوڵجاڕێ گوڵاڵە و پەیکەری گوڵباخە و
لاتەوە وەستاوە. جریوەی ئاڵ ئەدا لە چاوت.
نیشانەی بازنەی مسینی سەر سنگی پێت ئەڵێ:
ئەو چەپە. ئەو چەپە و ئیستاکە لە دەستی ڕاستەوە
لاتەوە وەستاوە. ئەو چەپە و لە بەفری ئەمڕۆدا
هەڵاڵەی بۆ ئێرە هێناوە. لە کلووی بەفرەوە
ئەچمە ناو قسەوە، لە سەرمای ئەمڕۆوە خۆم
ئەکەم بە ژووری دوواندا. ئەیدوێنم. ئەمدوێنێ.
ئەو وەختەی ئەگاتە ئەو پرسە ئاسانەی کە
من چیم؟! کە من کێم؟! پرسەکەم لێ ئەبێ بە
کێوێ. لە تاودا من دەستم ئەگڵۆفم،
لاڵ ئەبم. ئەوەستم. من ئیستا شەرم ئەکەم،
شەرم ئەکەم، شەرم ئەکەم پێی بڵێم:
من کوردم!
لەم مێژووە زڕەدا خۆم و خۆم تیغین و نێزەین و
ئەچینە ناو جەستەی یەکەوە. خۆم و خۆم
بڕبەندین لە قەدی یەکتردا. خۆم و خۆم
گابەردین تل ئەدەین دێینە خوار هەر
بەسەر یەکتردا. خۆم و خۆم گوێزانین ڕائەکەین
بە جەرگی یەکتردا.
خۆم و خۆم تاوان و شایەتین پێکەوە.
خۆم و خۆم سێدارە و جەللادین پێکەوە.
ئازادی، کامەیە ئازادی؟!
ئازادیی ئەسپێکی شەکەتە و ئەشەلێ و
هەموو ڕۆژ بار ئەکرێ لە فیشەک!
نیشتمان، کامەیە نیشتمان؟!
ئەو عەردەی هەموو ڕۆژ دوو سێ جار ئەیکوژین؟!
ئەو دەشتەی کە بۆتە تاتەشۆر!
ئەو شاخەی کە بۆتە دارەمەیت!
ئەو بەرد و ئەو قوڕ و ئەو چەو و ئەو لمەی
زیندانی لێ زاوە؟!
کامەیە نیشتمان؟! کامەیە ئازادی؟! نازانم.
ئەو ئاوەی بە ڕۆژی نیوەڕۆ سەرچاوەی ئەدزین؟!
ئەو یارەی لە خەودا چاوانی ئەدزین؟!
ئەو هەورەی پێش باران بارانی ئەدزین؟!
ئەو مانگەی لە شەوی چواردەدا ئەیدزین؟!
نازانم کامەیە نیشتمان؟! کامەیە ئازادی؟!
ئازادیی ئەسپێکی شەکەتە و ئەشەلێ و
هەموو ڕۆژ بار ئەکرێ لە فیشەک.
ئەوەتا نیشتمان گەراجە بۆ تایەی قاچاخ و
لۆرییە بۆ درۆی سەرمۆر و
گومرگە بۆ خوێن و بۆ خەم و جگەرەی ستۆک و
دروشمی ستۆک و، بازاڕە بۆ سیمای سیاسیی مووزەوەر!
لەم مێژووە زڕەدا، هەر دۆزەخ ئەزێت و
هەر شمشێر سک ئەکا و
مەرگەوەڕ ئەبێتە پێغەمبەر!
هەمدیسان وا مارتە و ئێوارەی بارانە و
غەریبیم تەپونم ئەبارێ. هەمدیسان وا مارتە و
تاوتاوی ڕێژنەی زامانە و سەفەری درێژی
باڕێزەی گریانە و غەریبیم شەست ئەکات.
هەمدیسان ئێوارەی بارانە و، من ئیستە لە گۆشەی
تەریک و شینباوی گازینۆی غەریبان دانیشتووم.
ئەوەندەی کوردستان تەنیام و ئەوەندەی شاخوداخ
ماندووم و ئەوەندەی دووکەڵی جگەرەم پەرتم و
ئەوەندەی دواچۆڕی ڕووباری ئەم شیعرە لێڵم و
ڕۆحیشم کوولەکەی تەمێکە و خەریکە تەق ئەکات.
هەمدیسان بارانە و ئێوارەی بارانە و چون
قەوزە وەنەوزێ گرتوومی، نازانم بۆ مەرگە
یان خەونی کازیوە و چوونەوە بۆ هۆبەی چاوانی
یارانە؟! بارانە و بارانە و بارانە
نیشتمان، کوا ڕانت؟! کوا بەردت؟! کوا سینەی خاکوخۆڵ؟!
بالیفی خەوبینین، هەورەکەی سەرینم
با تاوێ مەراقی هیلاکم، مەراقی شەکەتم
لە بنار «گۆیژەمکان»تا ڕاکشێ
تا خەونی قەسیدەی داهاتووی
تازەتر ببینم!