دوعای خالیسانەم
از کتاب:
دیوانی زێوەر
اثر:
زیور (1875-1948)
1 دقیقه
654 مشاهده
بمێنێ موئەبەد خودایە ئیلاهی
بە شەوکەت بە حورمەت مەلیک نام و جاهی
لەسەر تەختی عالی نەبینم زەوالی
بڵند بێ جەلالی ئیلاهی ئیلاهی
لە هەرچی بەڵا بێ بەدڵخۆشی لابێ
ببێتە گوڵستان ڕێی جاهی ڕاهی
عەدوویی جاهی دووچاری چاهی بەڵابێ
هەمیشە موزەفەر بمێنێ سپاهی
مەلیک خەسڵەت تۆی حەساری هەموو کورد
حەقیقەت لەبۆ میللەت خۆت پەناهی
لە تەعجیزی میللەت و لە عسیانی یەک یەک
مەڕەنجێ ببەخشە گوناهکار گوناهی
لە یەک ڕەنگ نەخولقاوە گوڵزاری عالەم
گوڵی زەرد و سوورە جەلایە گیاهی
عەدووت شەرمەزارە چ موسلیم و چ کافر
لە ڕووتا بەدەس تاکوو نەکرێ کلاهی
حقوقت نەپرسن ئەگەر ئەورووپایی
بسووتێ بینای مەحکەمەی سولحی لاهی
دەمێ بوو بە ئومێدی ئەم ڕۆژە بووم من
ببینم بە کوردی ئەوامر و نەواهی
شوکور دیم ئەوی ویستم ئەمما تەواوی
ببینم لە بۆ کورد تەواوی ڕەفاهی