ورچی خەتیب و مەیموون
از کتاب:
دیوانی زێوەر
اثر:
زیور (1875-1948)
1 دقیقه
746 مشاهده
لەناو دڕندە و گیانداری وەحشی
نێرە ورچێکیان چووە سەر کورسی
خوتبەی دەست پێ کرد بۆ تێگەیاندن
ئیشارەی ئەکرد بەدەست جوولاندن
بەڕاست و چەپدا خۆی هەڵئەسووڕان
بە دەنگێکی زل وەک گا ئەیبۆڕان
ئەیوت لە وەختی خەشم و غەزەبا
خۆتان لامەدەن لە ڕێی ئەدەبا
عیلم سیفەتی خوای بێ هاوتایە
ڕق خواردنەوە ئەمری خودایە
لەناو وەحشییان مەیموونی زۆرزان
لاسای ورچی کردەوە زۆر جوان
خۆی ڕائەوەشان دەستی ئەجووڵان
کەوتنە پێکەنین مەجلیس هەموویان
کە ورچە بینی کردەوەی مەیموون
دڵی تواوە هەر بوو بە مەجنوون
هەڵمەتی بردە سەر مەیموون بە قین
کردی بە ماتەم خۆشی و پێکەنین
کۆمەڵی وەحشی بڵاو بوونەوە
بۆ جێگە و لانەی خۆیان چوونەوە
ئەیانوت ئێمە لە شەڕ دوور ئەکا
کەچی لەشەڕا خۆی ڕەنجەڕۆ ئەکا