گەشتێک لە بەهەشتا
از کتاب:
دەشتی گەرمیان
اثر:
قانع (1898-1965)
5 دقیقه
1105 مشاهده
لە گەلاوێژی ژمارە ٩-١٠ ساڵی «٩» ئەیلوول-تشرینی یەکەمی ١٩٤٨-٦ دانەری نووسەری گەورەی تورک «جەلال نووری بەگشخص» وەرگیراوە.
لە سەدەی نۆزدە لە دایک بووم
تا سەدەی بیستەم ژیاوم دەرچووم
نامیانە ناو گۆڕ کاتێ کە مردم
زۆر بە ئاسانی تەسلیمیان کردم
منیش چاوەڕوان زنجیری مل بووم
چاوەڕێی دووپشک، ماری زل زل بووم
هەتا چوار سەعات هیچم لێ نەهات
بۆ خۆم ڕاکشام زۆر بە کش و مات
گوێم گرت ورەور هاتە سەرینم
لەترسا لەرزا دڵەی بێتینم
چاوم هەڵێنا ئەوا دوو مەئموور
بۆ من ئەگەڕێن خەیلێ بە زەروور
هاتە ژوور سەرم کە زانیان پێم
چاک ئەیانزانی کێم و کوڕی کێم
وتیان: هەتاکوو لە ڕووی زەمین بووی
ڕاستمان پێ بڵێ لەسەر کام دین بووی
ئێمە مەئموورین لەلای خواوە
جوابمان نەدەیتۆ ناچینە دواوە
بە لیس ئەتکوژین شەلەمات ئەکەین
لەناو دۆزەخا گرفتارت ئەکەین
ئەگەر وەراممان بدەیتۆ بە دڵ
ئەتبەین بۆ بەهەشت بۆ ناو باخچەی گوڵ
وتم فریشتە قەزات لە گیانم
بێ قەدری نەبێ ناوتان نازانم
وتی من ناوم کاک ئەرنەمووکە
هاوەڵەکەیشم شێخ مەرنامووکە
خوا ناردووینی پرسیارت لێ کەین
وەرام نەدەیتۆ بۆ دۆزەخت ئەبەین
وتم بۆ خوا ئاگادار نییە
ئیشم چلۆنە و کردەوەم چییە؟
تۆ عەرزی نەکەیت نازانێ من چیم؟
ئاخۆ بەهەشتیم یا جەهەنەمیم؟؟
باوەڕ بفەرموو کاکە ئەرنەمووک
تەبع و ئەسابع یا حوسنی سلوک
یا ڕەسم و هەویە یا دەفتەر خدمە
بەبێ زیاد و کەم گشتیم لا جەمە
موتەخەللیف نیم لە نوێژ و ڕۆژوو
وازم لێ بێنە دەرچۆ زوو بە زوو
کاکە ئەرنەمووک کە لێم هاتە پێش
سەرێکی سووڕدا بە چەشنی دەروێش
وتی من چیمە لە نوێژ و ڕۆژووت؟
لەسەر سەرفیترە ئەبەم ئابڕووت
فێڵ و فەرەجت بنێ بەولاوە
پارەی ماڵانەی مەلات نەداوە
ئێستە مەحکەمە وا حوکمت ئەدا
تەسلیم بە سجنی دۆزەخت ئەکا
سوێندم بۆ خواردن بە شێخی پڕنوور
یەعنی سەی سادق شێخی شارەزوور
لەو ڕۆژەوە خوا منی کردووە
ماڵانەی مەلام قەت نەخواردووە
شاهدی ڕاستیم موختاری دێیە
بۆ هەموو ئیشێ ئەو ئاگای لێیە
وتیان کەوایە با تەئجیل بکرێ
هەتا جەنابی مام کوێخا ئەمرێ
ئەگەر درۆی کرد چاک ئەیبوغزێنین
بە لیسی بارخۆش ڕۆحی دەردێنین
تەئجیلیان کردم ڕۆیشتن لەلام
بەجێیان هێشتم ئاخر سەرەنجام
بە چنگ و ناخون بەسەد دەردیسەر
گۆڕم هەڵدری و لە گۆڕ هاتمە دەر
ڕوانیم خەلایق ڕیز ڕیز و قەتار
ڕێک ڕاوەستاون هەزاران هەزار
پرسیم لە پیاوێ ڕێی بەهەشت کامە؟؟
نیشانم بدە زۆرم مەرامە
پردی سیڕاتیش هێشتا نەمدیوە
ڕاستم پێ بێژە لەسەر کام شیوە؟؟
پێی وتم لێرە بە سێ چوار فەرسەخ
بڕۆی ئەگەیتە قەراغی دۆزەخ
بەسەر دۆزەخا پردێ کێشرواە
ئەڵێی گوێزانی تازە ساوراوە
لە موو باریکتر لە ئەڵماس تیژتر
ژێری پردەکە هەر گڕە و ئاگرڕۆیم
کە ڕوانیم پرد ڕاکشاوە
دوو شورتەی دۆزەخ لەوێ وەستاوە
وتیان ها کابرا خەیاڵت چییە
بگەڕێ دواوە هیچ ڕێگە نییە
وتم باش چاوەش ئەچم بۆ بەهەشت
بۆ دیدەن خزم و بۆ سەیران و گەشت
وتی جەوازی عبوورت پێیە؟
بێنە بزانم کە ئیمزای کێیە؟
وتم کاکەگیان جەوازم نییە
کەس پێی نەداوم دەسەڵات چییە
وتی قوڕبەسەر لەلای مەرنەمووک
بۆ وەرت نەگرت بە ئاسان و سووک؟
هەرکەس جەوازی ئەوی پێ نەبێ
خاترجەم نابێ بۆ هیچ کوێ بچێ
نیوەی کفنەکەم دا بەشورتەکان
ڕێم بۆ چۆڵ کرا بە سووک و ئاسان
تێپەڕیم دەرچووم ڕۆیشتمە ئەوبەر
ڕوانیم بەهەشتە و باخاتە یەکسەر
لە دەرگای بەهەشت حەرەس وەستابوو
هەروەک حەرەسی قاپی دنیا بوو
وتی ئۆغر بێ، وتم ئەچمە ژوور
وتی کوا پێتە جەوازی عبوور؟
وتم ماڵ مودیر بەهەشت برامە
مەعاون بەلەدیش پشت و پەنامە
ڕێگەم بدەرێ با بچمە لایان
بحەوێمەوە لە سا و پەنایان
هەرچی پاڕامۆ گوێی نەدا بە فیل
باقی کفنەکەم دایە بە بەرتیل
بە لنگی ڕووتی کە چوومە ژوورۆ
ڕایان کرد بۆ لام هەموو لە دوورۆ
ڕوانیم ئیتریبات عەمامە بەسەر
باخەڵ فشوفۆڵ گشت جبە لەبەر
وتیان ئەم کابرا شێتە بووە بە پەن
بیبەن تەسلیمی ناو شێتخانەی کەن
بە هەرجۆرێ بوو وازیان لێ هێنام
کەوتمە فکری خۆم ئاخر سەرەنجام
ڕوانیم برسیمە و نانیشم نییە
کەسیش ناناسم جا چارەم چییە؟
چووم بۆ لای چێشتکەر ڕاشین وەربگرم
نەوا لەبرسا بە بێکەس بمرم
وتی تۆ ناوت هیچ نەنووسراوە
بەشە خواردنت بۆ دانەنراوە
لە خواوەڕاسان کەوتەوە بیرم
نوێژ و ڕۆژووەکەی نەنکەکەی پیرم
زانیم لە بەهەشت کە ئیش بەدەستە
یا پایەی بەرزە یا تۆزێ پەستە
لەجێی ئەو هەموو نوێژ و ڕۆژووە
ئێستا ناوبانگی تەواو دەرچووە
گەڕام دۆزیمۆ حاڵم تێگەیان
بوو بە خەمخۆرم زۆر شیرین و جوان
کارتێکی دامێ بۆ لای نفووس نووس
لە باتی چێشت و نووسینی نفووس
کە زانی ڕەنگزەرد، تەواوی برسیم
دەفتەری هێنا و ناوەکەی نووسیم
تەزکەرەی دامێ و گەڕامە دواوە
دەروازەی شادیم باش لێ کراوە
ئەمجا بە بێترس چوومە چێشتخانە
تەشتێکم وەرگرت لەو چێشتە جوانە
هۆدە و حەسیر و پڕ شەربەیەک ئاو
چەن مۆمی تازەی هیچ دانەگیرساو
تەسلیمیان کردم بێ کەسر و نوقسان
بووم بە بەهەشتی وەک باقی یاران