پێنجخشتەکی بۆ پێکەنین

از کتاب:
دەشتی گەرمیان
اثر:
قانع (1898-1965)
 2 دقیقه  1001 مشاهده
برا داخی دڵم هێندە بەتاوە
کە ئەسڵەن شەرم و عەیبم لا نەماوە
دە گوێ شل کە لە بۆ ئەم خووگەڕاوە
کراسێکم هەیە گشتی دڕاوە
لە داوێن تا یەخەی پینە کراوە
هەزار خۆزگەم بە ئەو دەورانی پێشوو
کە خامی تازەبوو هیچ نەمدوریبوو
بەڵام بیرم نییە یەک گەز بوو یا دوو
ئەمە نۆ ساڵ و نۆ مانگە بە مێژوو
کە ئەم پارچە لە بەرما هەڵدووراوە
بە خوێن سوور بوو ئەگەر نا ئەسڵی شینە
تەماشا کەن کە چڵکی چین بە چینە
لە تۆ پرسیار ئەکەم ئەم ژینە، ژینە؟؟
وەکوو دێوجامە گوڵ گوڵ بوو بە پینە
ئەجووڵامۆ بە زبری نەرمە ساوە
وەکوو چەرمی دەباخانە بە بۆنە
ڕەش و لۆچ لۆچ بە وێنەی هیزە ڕۆنە
درۆناکەم بە کۆنی هێندە کۆنە
لە بیرم نایە ئەسڵی چی بوو؟ چۆنە؟
لە خامە یا بلووری یا لە جاوە!
یەکێ تر وای نەدیوە چەرخی گەردوون
بە بارانی بەهاران خەیلێ مەمنوون
وەکوو چارۆگەکانی پورکە خاتوون
بە خەو نەیدی سپون و سونکە سابوون
هەمیشە چاوەڕوانی تەشت و ئاوە
بە شانم تا بڵێی بارێ گرانە
پەڕۆی ئاردەماڵکی لای ئاشەوانە
لە دەست ئاڵۆشەکەی ماڵم وێرانە
بە ڕۆژ ئەسپابی فیزی چایخانە
بە شەو لیفەی مناڵی ڕاکشاوە
لەکاتی دەخلەدا هۆڕ و خەرارم
لەبەر بۆنی لە مەجلیس شەرمەزارم
لە ڕۆژی تۆف و بارانا دەوارم
بە زستانا لە جێی زوخاڵ و دارم
بە هاوینانە چەتری خۆرەتاوە
وەکوو تەوقی غەزەب غەزەب ناوی لیباسە
وەکوو گەوهەر لە ناوا کەس نەناسە
لەبەر ئەم دەردەیە حاڵم کەساسە
ئەزانم تاکوو ئەمرم هەر کراسە
ئەڵێی بۆ کفنەکەم زەمزەم کراوە
ئەگەر خاکم ببێ و باخێ بنێژم
وەیا خانووم ببێ و خشتێ بپێژم
لەبەر بێ ئیشیە وا گێژ و وێژم
ئەگەر ئیشم ببێ و عارەق بڕێژم
چ ئیحتیاجم بە بەرگ و بە نان و ئاوە؟
وەرە بنواڕە ئەی هاودەردی هۆشیار
نەجاتم دەن لەدەست بێگاری زۆردار
هەتا بۆ خۆم بکەومە کاسبی و کار
ئەگەرنا ڕەنجی ڕۆژێکی کرێکار
بەرامبەر چەن کراسێ دانراوە
هەتاکەی وا زەلیل و قوڕبەسەر بم؟
هەتاکەی بێ مەکان و دەربەدەر بم؟
هەتاکەی گیری داوی پڕ زەرەر بم؟
ئومێدم وایە ئیتر کاریگەر بم
نەجاتی خۆم بدەم لەم بەند و باوە