٣

از کتاب:
بۆننامە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 13 دقیقه  829 مشاهده
بۆن ڕێگامە و قیبلەنما و
ئیتر ئەمبا.
بە تەوێڵی ئەو کێوەدا دڵۆپی نوور هاتە خوارێ
ڕاستیی بۆنی خودای لێهات.
لە هەناوی دۆزەخەوە ئەهرەمەنێ هاتە دەرێ و
دۆزەخ بۆنی درۆی لێهات.
«قابیلشخص» ڕقی تیژکردەوە و
شەڕ بۆنی مردنی لێهات.
بەیانییەک خۆشەویستی لە کازیوەدا هەڵقوڵی و
هەتاو بۆنی عەشقی لێهات.
تا ژن نەبوو بەهەشت بۆنی لێوە نەهات.
گوڵ بۆنی منداڵی گرت و دڵنیایی بۆنی ئاشتی و
خیانەت بۆنی تاریکی و خاک بۆنی قوربانی گرت و
نیشتمان بۆنی دایکان و ئازادی بۆنی ئاسمان و
لاوێتیی بۆنی بەهێزی و پیرێتیی بۆنی لاوازی و
زەریا بۆنی بۆنەپندی و گومانیش بۆنی هەموویان.
لە نزیکی منیشەوە شیعر بۆنی خەونی گرت و
برسێتیی بۆنی وەزەن و، وەزەن بۆنی چەوسانەوی گرت و
کوردستانیش هی هەرسێکیان!
چیا ئەڵێ،
حیکایەتی پشکۆ ئەڵێ:
عەشقێکی سەرکەش بردیتی، کەوتیتە ناو دۆزەخێکی مێژووەوە.
بەهەشت قرچەقرچ ئەسووتا. گوناهەکان لە ئاگردا پژوپۆی
نوێیان دەرئەکرد. گەورە ئەبوون. چیلکە و چەوێڵ و ساورمە
لەشی تۆ بوو. کەوتیتە ناو جەهەننەمی ئەم دنیاوە.
لەناو شاخدا کەڵەکێوی قۆچەکانیان داگیرسابوون.
لەناو شاردا سەری دژیای ژنەکانیش مەشخەڵان بوون،
بێشەیەک بوون لە پرسیار و لە مەرگی خۆیان ڕامابوون.
تۆ بەتەمای حۆرییەک بووی وەکوو زنە بۆت هەڵقوڵێ
تۆ بەتەمای ئەسپی سپیی نێو داستانی خونچە و سووتووی
نیشتمان بووی. تۆ بەتەمای زیندووبوونەوەی قوربانی و
گەڕانەوەی «پەریخانشخص» بووی، تۆ بەتەمای دەستی
ئاو بووی. قوربانییەکان: ڕۆژهەڵاتی سروودت بوون.
قوربانییەکان: چرای شەوی بەربارانی ڕێی سوورت بوون.
کەوتیتە ناو دۆزەخێکی مێژووەوە، قوربانیی تڵەتڵ سووتا.
باران سووتا، سروود سووتا، ئەوەی بەتەنها نەسووتا هەر تاوان بوو.
سەربەستیی بوو بە کێلانی خەنجەرێک و
خوێنی هەتاوی لستەوە.
ئازادیی بوو بە لەزاگی بارانەکان.
ئازادیی بوو بە گۆرانیی چەقۆکان و
بە پلیکانەی دزەکان.
چیرۆکی ئەو تەوارە بێوەژنەی دوای هەڵۆکەی مێردی بوو بە هاوسەری برسێتی و بۆسۆی تەنیایی و نائومێدی لە سنگیداچەقاوێوە گەیشتە کەپووی ئەم بۆننامەیەیش
لە حەوشەی پاییزدا
دوا ئاراو ئەڕێژێ
تەنیایی و بێ پیاوی و جلی ڕەش
پێکەوە ئەگوشێ و ئەچێتە سەربان و
بە پەتی تەنافدا جلەکان، خەمی تەڕ،
کڵۆڵیی خوساو و برسێتیی شیتاڵ و
شەوانی نسرمی بێوەژن، هەڵئەخا
- ئەو بۆنی قوژبن و سیسرکی گرتووە -
ئەڕوانێ بۆ دوور دوور
لە پەڵە هەورێکی سپیدا
ڕوخساری ئەسمەریی مێردەکەی ئەبینێ.
ئەڕوانێ بۆ نزیک، بۆ خوارێ و
لە ژاڵەی حەوشەدا
برینی گەشاوەی سەرسنگی ئەبینێ.
- ئەو بۆنی خوێنێکی مەییوی لێوە دێ -
بۆ لای ڕاست ئەڕوانێ و ئەوەستێ
لەودیوی دیواری حەوشەوە بە ڕێگەی خۆڵیندا
کاروانێ ماشێنی چەکداری ڕەنگاوڕەنگ ئەبینێ
بریقەی دۆشکایەک
ئاوێنەی مێژووی دز
ڕێک ئەیدا لە چاوی
لە پشتی یەکەمین جامەوە، ڕوخساری بەهاری
هاوڕێی جارانی مێردەکەی ئەبینێ
دوو دەستی ئاڵتوونی و سەعاتی ئاڵتوونی و
دوو لێوی بە خەندەی ژنێکی ئاڵتوونیی تەنیشتی ئەبینێ.
کاروانێک تیژ ئەڕوا
تەپوتۆز ڕوخساری ئەسمەریی پیاوەکەی
ناو هەور دائەگرێ و لە چاوی ون ئەبێ.
خۆڵ بەسەر ژاڵەدا ئەبارێ و
تەنافی جلی تەڕ، خەمی تەڕ، پیس ئەبێ و
ئەمیش وەک گوڵهێرۆی لەوتانی
غەمگین و خۆڵاویی
لە گڵی سەرباندا و
لە شوێنی گریانی تەنافدا ئەچەقێ!
ئازادیی بوو بە گۆرانیی چەقۆکان و
ئازادیی بوو بە گیرفانی جەردەکان و
بە بەرماڵی تەورەکان و
ئازادیی بوو بە زەڕەنگەر لە گوزەری سیاسەتدا و
بوو بە بازرگانی جوملەی درۆی ڕەنگین
لەنێوانی شارەکاندا و
ئازادیی بوو بە پیکابی تایەی قاچاغ
کێ ناونیشانی تەواوی ئازادیم نیشان ئەدات؟!
ئەم وشەیە بەپەنگ بووە
ئەم چرایە تەفرەدەری ڕێگاکانە و هەموو دەستێ هەڵیئەگرێ.
دەستی مەزدە و دەستی باران
دەستی خەلیفە و شمشێریش.
دەستی دارزەیتوون و شیعر و
دەستی عیسا و دەستی تەوریش.
هەموو یەخەیێ، بەرۆکێ، سەر و قژێ، ئەم گوڵە جوانە
درۆزنە، ڕمووزنە، ئێسکسووکە، ئەم گوڵە بێوەی و دڕندەیە
بێ جیاوازیی ڕەنگ و ڕەگەز بە یەکسانی ئەدەن لەخۆ:
یەخەی حەجاج، یەخەی حەللاج
سنگ و بەرۆکی ژان دارک و، ئەگریجەی تانسۆ چیللەریش
قژی بێستانی هاوینە و، قژی ئاوێکی بۆگەنیش
دڵی غاندیشخص و مارتن لوثەرکینگشخص و
مەرگەوەڕ و ئەتاتورکیش.
هەموو قوڕگێ ئەم بانگە سپی و ڕەشەی
ئەم گمەی کۆتر و ئەم قیڕەی قەل و داڵەی
لەسەر خۆی تاپۆ کردووە
ئەم وشەیە بەپەنگ بووە.
ئەم وشەیە پەشتەماڵێکی گوڵ گوڵە ئاخر کێ نایگرێتەوە؟!
پەشتەماڵی شۆڕشگێڕان، پەشتەماڵی دەوڵەتان و
پەشتەماڵی پارتییەکان و پەشتەماڵی گومرگەکان!
کێ ئەتوانێ ناونیشانی تەواوی ئازادیم باتێ؟!
هەموو بۆنەکان تێکەڵ بوون، لەناو یەکدا ئاڵۆزکاون.
کەپووم لێیان هەڵئەنووتێ. بۆنکردنم چەواشەیە.
کێ ئەتوانێ بمباتە سەر جێ نزرگەی بۆنی ڕاستی؟!
ئەوەتا ڕیشی کاسترۆ بۆنی تکریتی لێوە دێ
چەپ بۆنی ڕاستی لێوە دێ و ڕاست بۆنی چەپی لێوە دێ.
لە ڤیستیڤاڵی پۆشینی دەمامکدا من شەوێکیان لە جەللاد
نزیک کەوتمەوە. جەللاد لەگەڵ قوربانیدا هەڵئەپەڕی و
ئازادیش یاساوڵیان بوو. لەو شەوەدا سەری «بێکەسشخص» و
«مانگ»م دی لەسەر خوانی بازنەییی داڵاشێکی پیرەڵۆکە بەیەکەوە
دانرابوون، ئازادیش فەزای ژووریان بوو.
لەو شەوەدا
سەری گیڤارام ئەبینی بە لەشی ناپلیۆنەوە. لەشی بۆکاسام
ئەبینی بە سەری ژان ژاک ڕۆسۆشخصوە. دەنگی غاندیشخصم گوێ
لێ ئەبوو بەڵام دەمیش دەم و لێوی «مۆبۆتۆ» بوو. من
سەری لۆرکاشخصم ناسییەوە کەچی دەستی دەستەکانی فرانکۆ
بوو. لەو شەوەدا بۆنی جەللاد و قوربانی و بۆنی فریشتە و
دڕندە چون بۆنی گوڵ و شیاکە تێکەڵ بووبوون.
کێ ئەتوانێ ناونیشانی تەواوی ئازادیم باتێ؟!
ئەو کورسییە کورسیی چرا و پەروانە بوو
تەماشاکەن لە ئیستەدا کێ لەسەری دانیشتووە؟!
ئەو کڵاوە کڵاوی کڵاوکووڕەکەی باخی میری هەڵەبجەمکان بوو
تەماشاکەن لە ئیستەدا وا لە سەری چ تەیرێکا!
ئەو گوارەیە گوارەی گوێچکەی دارسێوێکی شەقڵاوەمکان بوو
تەماشاکەن لە ئیستەدا وا لە گوێچکەی چ دارێکدا.
ئەو قەڵەمەش قەڵەمی پەنجەی گزنگ و کازیوە بوو
تەماشاکەن لە ئیستەدا چ پەنجەیەک پێی ئەنووسێ
ئەو بۆنەیش بۆنی گیراوەی گوڵجاڕەکەی لەشی من بوو
تەماشاکەن لە ئیستەدا چ زەلکاوێ ئەیدا لە خۆی!
ئێمە میوەی ناو باخەکانی دروشمی دیموکراتیی سەر دیوارین
خێڵ ئەمانخوا و خێڵ ئەمانجوێ و تڵپەمان تف ئەکاتەوە.
ئێمە شەهیدی نەمرین، هەموو جارێ دەقیقەیەک لەبەر
ئاوێنەی خوێنماندا ڕائەوەستن، بە بێدەنگیی قژی خەمیان
دائەهێنن - سوپاس، سوپاس -. ژنەکانیشمان چەند
ساڵێ لە بەردەرگای پۆڵایینی بیروباوەڕدا ئەچەقن، برسێتییان
ئەیکا بە هەراو قڕەقڕ. هەر بۆ ئەوەی ڕێیان بدەن بچنە ژوورێ و
خواوەندێکی نان ببینن. ئێمە تەلی زەردی کارەبای دزراوین،
بەڵام دوایی لە پایتەختە هێژاکانی دراوسێدا، دوای توانەوە و
تێکەڵکردن ئەکرێین بە زێڕ (تێبینی: گوایە ئیتر چیتان ئەوێ!)
ئێمە بە قیست ڕیش ئەهێنین لەولاو ئێمە بە کاش خیانەتی
چاوڕەش ئەکڕین لەم لاو، ئێمە بە گۆڕینەوەی گوێچکە و دۆلاریش
سۆپەرمارکێت، ڤیڤۆ، ئیڤا ئەکەینەوە لە ئەوروپا!
هەموو ڕۆژێ لەو مەرزانە
سیاسەت شیشی گومرگە و
ئەچێ بە قەبرغەی نیشتمانی هێژا و خۆشەویستدا
ئێمە ئیستە وەتەنێکمان هەیە کون کون
بووە بە بێژنگی مەرگ و، شاری پێ ئەبێژینەوە.
سەری پێ ئەبێژینەوە، خوێنی پێ ئەبێژینەوە، کۆستی پێ ئەبێژینەوە،
کێلی پێ ئەبێژینەوە،
نیشتمانە نازدارەکەم
چەند ساڵ بوو مۆزی نەدیبوو
ڕۆژێکیان دیی هەتا شەهیدی ئەم ڕایکرد
قاچاخچییەکان توێکڵەکەیان بۆ هێشتەوە
نیشتمانە نازدارەکەم، چووە سەری و
هەڵخلیسکا و بە دەمدا کەوت!.
سەرمان کولانەی سەگەلی
پەیڤە دڕەکانی خان و سوڵتان بووە.
مانگ لە ئاسمانەوە وتی:
بۆ ئەوان پەیڤی ماڵیی بوون
بۆ خۆیشتان دیرۆکی هەوشار!
شاعیرێکیش لەسەر بانیژەی عەشقەوە هەردوو دەستی
هەڵدایە ناو دۆزەخەوە و شیعری سپارد بە ئاگر و ئەوسا وتی:
نیوەی هۆشی ژەنگگرتووم و نیوەی جەستەی تەمگرتووم و نیوەی دەنگی تلیساوە و نیوەی سەرنجی قرچۆکم
بۆنی بۆخنکی عەجەم و بۆگەمرخەی ڕۆمی لێ دێ.
نیوەی مێژووم مەیموونێکی دەم بەخەندەی لەش سووک
بووە. نیوەی جەستەم لێبووک بووە. نیوەی پەیڤم
قەڵافەتی درۆی کەتە و زرگی دەروێشی قاجار و ناڵی
سوارەی حەمیدیە و قلیانەکەی مەنسوور بیللا و
نیوەی مێژووم لە شەوانی چوونە پەردەی بابی عالی و سەڵتەنەتا
بەربووک بووە!
ئەمە سەرە
یان پاژنەکێشی پێڵاوی میراڵاکان؟!
هەر دوێنێ بوو لە تەنەکەی زبڵی بەردەم ماڵەکەی ئەنوەر
پاشادا لە ئەستەموڵ گندۆرەی سەری گەنیوی خۆم بینیەوە
تووڕ درابوو. تووڕ درابووم. من توێکڵێکی لوولخواردوو بووم
لەو زبڵەدا و هەر خۆیشم خۆم ئەلستەوە و هەر خۆیشم مێش و
مەگەز بووم، وروکابووم.
ئەمە سەرە
یاخود مەنهۆڵی زێرابە؟!
پریشکێکی نیگام هەبوو
بردیان بۆ ئەوەی مۆمێکی لە حەرەمی خەلیفەدا
پێ هەڵبکەن. مۆمیان هەڵکرد و چاوی من نەهاتەوە.
یاقووتێکی خەونم هەبوو. تووتییەکی خۆم فڕاندی
یاقووت ون بوو، تا شەوێکیان
لە جەژنی سەری ساڵدا بوو
لە پەنجەی ژنە تورکێکی مۆدێرندا من دیمەوە و
ناسیمەوە و، خوێنی خۆم بوو ئەیجریوان!
ئەمە مێژووە من هەمە
یان حەماڵی هەزار ساڵەی خان و سوڵتان؟!
ئەمە وڵاتە من هەمە
یان عەرەبانەی دەسگێڕی برین و ژان؟!
ئەرێ «میرۆ» ئەوە کام «با» قەفی سمێڵی تۆی فڕان؟!
لە کام شەودا و کامە دز بوو لە پەناوە سەری دزیت؟! ئەوە کام
جرجی شەوگار بوو کڕکڕاگەی ڕۆژگاری تۆی کڕانەوە؟!
کامە پشیلەی کێویی بوو هەر بە کاڵی هەموو غیرەتێکی خواردی؟!
ئەرێ «میرۆ» بۆ ناپرسی کێ حیلەی شاخی خەسانی؟!
بۆ ناپرسی ئەو بابۆڵەیەی ناو دەستت بۆچی ئەگری؟!
بۆ سۆراخی پێکەنینە کوژراوەکەی لێوت ناکەی؟!
بۆ ناپرسی دەنگتیان لە کام گۆڕستاندا شاردۆتەوە؟!
ئاخر «میرۆ» بۆ بە شوێن چاو و برۆت و ناوکی کەوتووتا ناگەڕێی؟!
بۆ ناپرسی نانی دەم بە زەردەخەنەت بۆچی نییە؟!
بۆ گوێت لە قوڵپی ئاوێکی بەختیار و ڕووخۆش نەبوو؟!
تۆ ناپرسی، قەت ناپرسی، بۆچی ڕۆژێ دڵت نەبوو بە باڵندە و
لە خۆشیاندا هەر هیچ نەبێ تۆزێ بفڕێ؟!
تۆ ناپرسی، قەت ناپرسی، بۆچی ڕۆژێ لە ڕوخساری ژنەکەتا
تاقە گوڵێک چییە نەڕوا و وشەیەکی پێ نەکەنی؟!
تۆ ناپرسی، بۆچی لانکەی منداڵەکەت هەر لەرزوتا ڕایئەژەنێ؟!
تۆ ناپرسی، قەت ناپرسی، گردە گڕویەکەی دراوسێی جارانی تۆ
ئەو دارستانی ئاڵتوونەی لە کوێ هانی و بە چی کڕیی؟!
ئەرێ میرۆ، ئاخر میرۆ
تۆ بەتەمای کەی بژیت و
تۆ بەتەمای چ وەخت نەمری؟!
تۆ بەتەمای چ وەخت بۆنی
زریانێکی تووڕە بگری؟!
وا هەنووکەیش دوورگەکانی مەنفا ئەڵێن:
زەریا بۆنی سەرسامبوون و ترسی لێ دێ
بۆنی هاژەی هەتا هەتا، بۆنی شڵپوهوڕی زەمان
بۆنی بێباکی و تەفرەدان.
بۆنی غەزەب، بۆنی گوناهـ.
چوویتە ناو مەنفای ئاوەوە.
تەلبەندی ئاو دەوری گرتوویت
بووی بە تۆڕی غوربەتەوە و
وەکوو کیسەڵێکی ئاوی تەنها سەروملت دیارن
وشتراو ئەتپێچێتەوە. بۆ چەشێکی دڕە ماسی
تۆ هاوارێکی گیرخواردووی بنی زەریایت
تۆ شاخێکی بچکۆلانەی لەناو ئاودا عاسی بوویت و
دەنگت لە قوڕدا چەقیوە.
دەنگت بۆنی ون کردووە.
تۆ برینێکی بێ بۆنی ئەم زەمانەی
تۆ بە پێی خۆت هاتوویتە ناو
تووناوتوونی بزربوون و داوەکانی تۆفانەوە.
مەنفا بۆنی خەونی خنکاو، بۆنی جەستەی کەشتیی خنکاو
بۆنی ماڵئاواییی یەکجارەکی و بۆنی مەرگی تەڕی لێ دێ.
کەشتیی خنکاو مامۆستایە
زمان فێری زەریا ئەکات
وا ئیستە کە شەپۆلێ دێ بە یۆنانیی قسە ئەکا و
شەپۆلێک دێ و تورکیی ئەدوێ.
ماوەیەکە زەریای ئیجە
زمانی سێهەم فێر بووە
شەپۆلێ دێ، بە یۆنانیی قسە ئەکا و
شەپۆلێ دێ، تورکیی ئەدوێ و
لە دواییدا شەپۆلێ دێ شەڕواڵێکی
ئەو شاخانەی لەبەردایە و دەسماڵێکی ئەو کەژانەی
لە کۆڵدایە و، کوردیی ئەدوێ.
مەنفا ئەڵێ:
تۆ ئەوینێکی ڕاکردووی
خۆت لێرەیت و بەڵام گیانت بۆ وەیشوومە جێهێشتووە.
پاساوی تۆ و کەفەژیلکە لەیەک ئەچن
نە زەریا بڕوای پێ ئەکا و نە وشکانی.
ڕاتکردووە، تۆ گوڵێکی ترسنۆکی و
هەڵاتوویت و لانکەی باخ و بناری خۆت جێهێشتووە.
ڕاتکردووە، شمشاڵێکی خۆپەرستی
هەر بەتەنها ئاوازی خۆت خۆش ویستووە.
هەڵاتوویت و ئاخەکانی ئەڵڵاوەیسیت جێهێشتووە.
ڕاتکردووە، تۆ هەر سەری دەفتەری خۆت دەرکردووە و
تۆ هەر سەری قەڵەمی خۆت دەرکردووە و
بەڵام جەستەی زمانەکەت
بەڵام سەری وڵاتەکەت
تۆپی پەڕۆ و داهۆڵ بوون و
بۆ دۆزەخت جێهێشتوون و، ڕاتکردووە!
ڕەشەبا بێ، کێوت ناوێ!
گەردەلوول بێ، باخت ناوێ!
حیکایەتت بە برسێتی و
سەرنجەکانت بێ تەم و
شیعرەکانت بە نەخۆشی و
دایکی خۆیشت لەناو تاریکییا ناوێ!
پاساوی تۆ و کەفەژیلکە لەیەک ئەچن
نە زەریا بڕوای پێ ئەکا و نە وشکانی.
مەنفا ئەڵێ،
حیکایەتی ونبوون ئەڵێ:
کەوتینە ناو تونێلێکی درێژەوە،
خۆیشت مەراقی درێژی.
چوویتەتە ناو تاریکاییی کوناودەر و بن بیفەوە
لە بن بیفا تۆ خولیایەکی شێداری
لەگەڵ شێدا ژەنگێکی نوێت هەڵهێناوە
- بۆنی هێڵی گریساویی
شەمەندەفەرت گرتووە -
لە واگۆندا
ئەبی بە ڕۆژنامەی خەوتووی سەر کورسیی چۆڵ
ئەبی بە تاکە دەسکێشی جێماو
بە ڕیکلامێکی تووڕدراو
بۆنی بیرچوونەوەت لێ دێ.
هەموو ڕۆژێ بە بن بیفدا و لە واگۆنی ناو میترۆدا
دووکەڵێکی سەر ڕەشیت و هاتوچۆتە
تۆ لە جانتای دانەخراو و هەڵوەشاوی
بێ خاوەن و تەنیا ئەچی
لەگەڵ هەموو لەرەلەر و تەقەتەقێکی تریندا
یادێکت خل ئەبێتەوە و
نیازێکت ئەپچڕێتەوە و
بۆنی ونبوونت لێوە دێ.