١

از کتاب:
بۆننامە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 13 دقیقه  1721 مشاهده
«با» بە شەلەشەل هەڵئەکات!
لەم قوتبەوە «با» ئەگەڕێتەوە دواوە
ئەگاتەوە یەکەم کۆڵانی زوبانم
لەبەر دەرگایەکی نزمی چلەکاندا دائەنەوێ
بۆنی منداڵیم ئەکات و گوڵەخەونم هەڵئەمژێ
بۆنی منداڵیم چون بۆنی کارژۆلەیەک، پەلکە گیایەک
چون بۆنی دەنکە چوالەیەک
هەر زوو تێکەڵ بە بۆنی گریانی دایکم و
بۆنی لاواندنەوەی تەڕ و
بۆنی گڵگەچی ژوورێکی کەسیرە بوو.
بۆنی شەو بۆنی ترسێکی زستانە بوو
بۆنی بۆیرشی تەنیایی و بۆنی ئێوارەی هەژاری و
هەر زوو تێکەڵ بە بۆنی تیژی کەساسی و
بۆساردی لێفەی ڕێزاڵ و
خەونی پەرتی ژیانم بوو.
بەفر ئەڵێ،
حیکایەتی سپیی ئەڵێ:
گڕوگاڵت گڕوگاڵی شەمامە بوو
لانکەت گەڵا هەنجیرێک و
یەکەم وشەت بۆنی ڕازیانەی لێهات.
لە سێبەری بێستانێکی «مەڵکەندی»دا تۆ خەیاڵی
بچکۆلانەی بەڕوولە بوویت، بەخاکەوە قرسا بوویت و
لەگەڵ گڵدا پێئەکەنیت. بەڵام ڕۆژێ بابلیسکێ
لە بنجەوە هەڵیکەنیت. کەچی ڕۆژێ لەپڕێکدا،
لە بەرزاییی جریوەوە، لە بەرزاییی تریقەوە، خل بوویتەوە و
کەوتیتە ناو خۆڵەمێشی دۆڵێکەوە و لەچاو ون بوویت.
بۆنی ڕەز و بۆنی دایکم هەر یەک بۆن بوون.
بۆنی چیا و بۆنی باوکم هەر یەک بۆن بوون.
هەموو شەوێ ڕەزی چاو ڕەش
حیکایەتی هێشوویەکی هەڵوەریوی بۆ ئەکردم
هەموو شەوێ ئەو بێستانە پەرچەم و پرچ بۆن خۆشکەیە
تا ئەنووستم
حیکایەتی پەلک و گەڵای سترانێکی
ئەم زمانە داڕنراوەی بۆ ئەکردم.
بەفر ئەڵێ،
حیکایەتی سپیی ئەڵێ:
کۆنترین دووکەڵ، دووکەڵی مانگەشەوێکی تەواری بێوەژن بوو.
یەکەمین بۆن لەو تریفە سووتاوەوە، لە بۆکڕووزی ئەو دەنگ و
ڕەنگە و لە بۆسۆی ئەو کراسەوە گەیشتە کەپووی منداڵیت.
لەو وەختەوە ئیتر کەپووت بوو بە کەپووی وڵاتەکەت،
لەوساکەوە دوور و نزیک بۆنی هەموو وەزەنێک و
بۆنی هەموو ڕووداوێک و بۆنی هەموو نەهێنییەکانی ناو مێژووی
کۆن و تازە و دنیا ئەکەیت. بە بۆنکردن خەم و خۆشی،
شایی و شین و تاریکایی و ڕووناکایی لە یەکتر جوێ ئەکەیتەوە.
بە بۆنکردن کارەسات ئەناسیتەوە. هەر بە بۆنیش تۆ چێژ ئەکەیت.
بە بۆنکردن ڕەنگەکان و ئاوازەکان هەڵئەبژێری و گوڵدانەکان
ڕیز ئەکەیت و وەرزەکان ئەنووسیتەوە.
تۆ بۆنەکان لەناو «با»دا دەرئەهێنی.
تۆ بۆنەکان ئەکەی بە دەنکە موورووی ڕەنگاوڕەنگ
یەک یەک جیایان ئەکەیتەوە لە یەکتری.
تۆ بۆننامە ئەگریتەوە بۆ سەفەری دەنگەکان و
بۆ داهاتووی تەماشات و
هەر بە بۆنیش ڕەنگەکان ئەخوێنیتەوە.
بینینم تاقیکردەوە، تراویلکەی سەهویرێ بوو.
بیستنم تاقیکردەوە، گومڕای دەنگ و لاوژێ بوو.
- گرتنم تاقیکردەوە، سڕبوونێکی بەردەوامی ناو دەسم بوو.
چێژیشم تاقیکردەوە، پەڵاسەجووی ناو دەمم بوو
هەر قەڵەمی بۆن بوو مابێ و
بۆ ئەم جارە شیعرێکی نوێی پێ بنووسم.
(یەکەم گۆرانیی بۆنخۆشی ئەم بۆننامەیە بۆ تەوارێکی بێوەژن ئەڵێم):
«لەو گوێ ئاوە من دەسم دا لە پەرچەمی
سوورەچنارێک بێوەژن
لە پاشتردا دەستەکانم
بۆنی سووراییی خۆراوا و
بەڵاڵووکی وەریویان گرت.
من خۆم هەڵسوو لە پەڕ و باڵی زیوینی
کۆترەشینکەیەک بێوەژن
لە پاشتردا سەر و مل و لەشم هەمووی
بۆنی تەنیاییی هێلانە و
ئاسمانێکی ئاخداریان گرت.
من ماچێکی ئەو گۆرانییە بێوەژنەی
ناو واگۆنی غەریبیم کرد
لە پاشتردا دەم و لێو و تووکی سەرم
بوون بە باخی هەوربردوو
بۆنی ڕێگا دوورەکان و
بۆنی لەیەک دابڕان و
بۆنی کەمانچەی چاوتەڕی دنیایان گرت»
ئازار، بۆنی نیشتمانە وێرانەکەی منی لێدێ.
بۆنی خوێن، بۆنی مێژوومە.
بۆنی میدییەکان و بۆنی گاتاکانی زەردەشت
بۆنی شەراب و نوشوستی هەر یەک بۆنن.
چوارینەی بابە تاهیرشخص و بەیتەکانی فەقێ تەیرانشخص
بۆنی کەشک و گوڵەگەنم و
مێخەکبەندی ملی کابانویان لێدێ.
بەفر ئەڵێ،
حیکایەتی سپیی ئەڵێ:
تۆ جوانوو بوویت، یاڵت تازە گڕی ئەگرت
تازە بە تازە وەک ماسیی حەوزی مزگەوتی «حاجی حانمکان»
لە ئاوێکی بەر هەتاوی ڕوون و قوڵدا مەلەت ئەکرد.
هەر لاکێشێکی چەند مەتری جیهانت بوو، کە «بۆ» جەستەی
چوار سێدارە، بۆنی چوار پەت، لە پایتەختەوە گەیشتە
حەوشەکەتان، ماڵەکەتان، دارتووەکە و ملوانکە و ئاوێنەی
دایکت و کتێبەکانی باوکت و جانتای پەڕۆت، هەموو بۆنی
ئەوانیان گرت. ئەوانە بۆنی ئەوین و ڕووناکی بوون،
هەڵتمژین. ئەوانە بۆنی قوربانی و ئازادی بوون،
هەڵتمژین. بۆنی بەیبوون و قوربانی زۆر دوور ئەڕۆن،
بۆنی ڕووناکی و قوربانی هەر یەک بۆنن، ئیقلیم گیرن،
بەرد ئەبڕن و دار ئەبڕن و دیوار ئەبڕن.
سروود بۆنی بەڕووی سەر ئاگر و
بۆنی شاخی گڵەزەردە و ئەشکەوتەکەی هەزارمێرد و
بۆنی گومەزەکەی ئەمین زەکی بەگ و
شیعری «بێکەسشخص» و «قانیعشخص»یش
بۆنی هاواری ڕاستەوخۆی شارەکەم و
گڵەسووری دوای بارانیان لێوە ئەهات،
هەڵتمژین و گەورە بوویت.
تووی مەلیک ئەیگێڕێتەوە:
چاوی سەوزی کچۆڵەیەک، دوو پەپوولەی ناو ئەفسانە،
دوو چرای کەسک، ئێوارەیەک هاتنە ناو گەلی گیانتەوە و
شوێنیان کەوتی، ئەبووی بە هەتاو ئەڕۆیشتی، ئەبووی
بە سێبەر ئەڕۆیشتی. ئەبووی بە درەخت ئەڕۆیشتی،
شوێنیان کەوتی. بەسەر تیشکا بازت ئەدا و لە مانگەشەو
هەڵئەنووتی. خۆرنشین ڕەنگی ئەکردی و گۆرانی تەڕی
ئەکردی و لەناو بۆنی زەرد و سووردا ئەتلایتەوە و لە
هەورا پاڵ ئەکەوتیت و سروەیەکیش دایئەپۆشیت. چاوی
سەوزی کچۆڵەیەک بوون بە خەونی کەسک بۆ تۆ و
هەتا ئیستەیش بۆنیان ئەکەیت. هەتا ئیستەیش شوێنیان
کەوتوویت.
بۆنی چاوی سەوز و بۆنی عەشقی سەوز و
بۆنی گەڵای چنار و مێو هەر یەک بۆنن.
بۆنی زەردەخەنە و بۆنی نێرگز و جێژوان هەر یەک بۆنن.
لەناو بۆنی چاوی کەسکا بووی بە مێرگ و
لە خەمی جواندا توایتەوە.
(بۆنی خاڵێکی بچووکی سینەت ئەکەم
هەردوو چاوم ئەنووقێنم و ئەگەمە بنار هەردێک و
سەرم ئەکەم بەناو کۆشی پەڵەیەک ڕێحانەی ڕەشدا.
بۆنی چەند تاڵێ لەو قژە زەردەت ئەکەم.
هەردوو چاوم ئەنووقێنم و ئەگەمە ناو سفتیکێک و
لە بەراییی گوڵەزەردا ڕائەکشێم.
بۆنی فرمێسکێکت ئەکەم، هەردووچاوم ئەنوقێنم و
ئەگەمە خوار کارێزێک و سەرم ئەکەم بە تەنکاوی ئەستێرکێکدا
بۆنی ئاخێکت ئەکەم و هەردووچاوم ئەنووقێن و
ڕائەوەستم هەتاکوو بای بەفر دێت و
بەرەو زەنوێرێکم ئەبات
بۆنی عەتری ناوت ئەکەم
هەردوو چاوم ئەنووقێنم و ئەگەمە ناو دیوانێکم و
ئیتر من چاوەڕێم هەتا ئاوی شیعر زیاد ئەکات و
لەناو خۆیدا غەرقم ئەکات)
تۆ هەر بۆخۆت
شووشە عەترێکی زراف و باریکەلەی
سەر نەکراوەی
ئۆهـ گوڵاوم! سەرت بێنە
با بە دوو پەنجەی ئەم عەشقە شپرزەیە
کڵاوی باخچە بادەم و بتکەمەوە
هەر بەجارێک لەچاومەوە بتقڵپێنمە
ناو ناخمەوە.
ئۆهـ گوڵاوم! دوودڵ مەبە
تۆ لەلای من شووشەیەکی خاڵیی نابی.
من گوڵاوچیی ئەم زمانەم، لە ئیستەوە
هەموو جارێ بۆ پڕکردنەوەی تازەتر
ڕۆحی شیعر و خۆشەویستیت بەیەکەوە ئەگرمەوە.
لە ئیستەیشدا دوای ڕۆیشتنت، لە جێژوان من بۆنت گرد ئەکەمەوە.
تەڵی بۆنت یەکە یەکە ئەخەمە ناو جانتای ڕەشی بن دەستمەوە.
بۆنت ئەبەمەوە ماڵێ، لە ژوورەکەمدا دایئەنێم هەتا شەوێ.
شەو جانتای بۆن ئەکەمەوە. هێواش دەست ئەبەم بۆ بۆنت
تا نەژاکێ. مشتێ لە بۆنت ئەڕوێنم، لەناو بۆنتا لەشولارت
ئەبینمەوە. من دەست بە بۆنتا ئەهێنم. من بۆنت دائەگیرسێنم.
من بۆنت ئەدەم بە خۆمدا و من وێنەی بۆنت ئەکێشم و
قوم قوم بۆنت ئەخۆمەوە. بۆنت کاسێتی شەوانمە و گوێی لێ ئەگرم!
ئۆهـ! گوڵاوم!
ئەو ڕۆژەی تۆ سەفەر ئەکەیت، بۆنی شیعری نالیشخص ئەگری.
ئەو ڕۆژەی ئەگەڕێیتەوە، من بۆنی نەورۆزم لێ دێ.
ئەو ڕۆژەی کە تۆ پەست ئەبی، من بۆنی گەرمیان ئەگرم.
ئەو ڕۆژەی ئەتریقێیتەوە، بۆنی جریوەت لێوە دێ.
هەندێ جاریش کە ئەدوێیت و من تێتناگەم
کە ئەتبینم بێ لەنجەیت و ڕوحت سیسە و
هەر تاڵەمووی ئاڵۆزکاوی،
من ئەو ڕۆژە بۆنی شیعری بێ ناوک و
بێ ئاهەنگ و بۆنی وشەی مردوو ئەگرم.
لە ئیستەیشدا، پێڵووم پەپوولەی ماندووە. پێڵووم خەریکە پیر ئەبێ
بەڵام چاوم، نەئـ وا مەڵێ.
دوێنێ لەسەر ئەو شەقامە وردە خاڵێ
لە خاڵی خاڵخاڵۆکە بچووکتر، لە دەنکە زەنگیانە وردتر
لە بەرۆکی جوانێکەوە کەوتە خوارێ دۆزیمەوە و هەڵمگرت و
کردم بە نوختەی دوای ماچی دێڕە شیعرێ.
قژم هێلانەی ماندووە، قژم کەپرێکی ڕووخاوە.
بەڵام سەرم، نەئـ وا مەڵێ.
ئەم بەیانییە ئاوازێ لووستر لە ماسیی بوارێ،
تیژتر لە پەیتووکەی خەوێ ویستی ئاسۆی خولیایەکم جێ بهێڵێ
نەمهێشت دەرچێ و گرتم، کردم
بە خرنگەی پاوانەیەک
بۆ پێی شەمێ
پێستم دەواری ماندووە، پێستم زەمانی ڕێڕێیە.
بەڵام شیعرم، نەئـ وا مەڵێ.
من هەر بۆ خۆم وشەی «جوان»ی ناو زمانی کوردیی خۆیم
بەسەر ناچم. من هەر بۆخۆم
سەمای شیعرم، بەسەرناچم.
هێندە نابێ لەسەر هەڵگورد باڵۆنە هەوری شیعرێکم
پڕ کرد لە بۆنی ژیان و دامە دەس «با»یەکی دواڕۆژ
بەڵام پێم وت: با جارێ ئەو، هەر بێ و بچێ. هەر بێ و بچێ
کە من نەمام ئەوساکە با بێتە خوارێ و
شەست داڕژێ!
سەر ئەکەمەوە بە کۆشی بۆنەکانی ڕابوردوودا
ئەگەمە ناو دەغڵی حەرف و کەروێشکەی وشەی تیا ئەکەم
ئەبم بە گوێچکەی گڵمتک و
کەپووی ڕستە و
گەمیەی کتێب ئەئاژوم و
من «مەم و زیناعلام» ئەخوێنمەوە.
بۆنی ڕیشی خانیشخص و بۆنی نێرگزەجاڕ هەر یەک بۆنن.
بۆنی شپرزەییی مەم و بۆنی لاولاو هەر یەک بۆنن.
زین بۆنی تانجیکی لێ دێ و
«مەمشخص»یش بۆنی کەناری زێ.
«مەم و زین» ئەخوێنیتەوە.
پەنجەرەی مۆرد و وەنەوشە
لەسەر شیعر ئەکەیتەوە.
خەیاڵێکی بۆندار ئەتبا:
مەم و زین دێنە سەر تاقی پەنجەرەکەت
پەنجەرەکەت بۆنی جزیرمکانە و بۆتانمکان و دیجلە ئەگرێ.
بۆنی تاوان و مەرگەوەڕ هەر یەک بۆنن.
بۆنی بۆگنتک و مەرگەوەڕ هەر یەک بۆنن.
لەگەڵ ئەستێرەی کشاودا ئەکەویتە ناو «وانمکان»ەوە
لەگەڵ خولیای دڵداراندا ئەخولێیتەوە.
لە جەژنی خاک و درەختا
لەگەڵ خانی ئاگری نەورۆز ئەکەیتەوە.
عەشقێک ئەتکا بە بڵێسە و بە بڵێسە
دارستان ئەنووسیتەوە.
بڵێسە بۆنی غیرەتی مەمی لێ دێ و
قژی «زین»یش بۆنی زمان.
(لەنێوان من و زماندا
ئەوەی هەبوو هەر مەرحەبای ڕۆژانە بوو.
تا ئەو کاتەی ئێوارەیەک هات بۆ لام و
لەگەڵ خۆیدا و لە هەورێکدا
خولیای شیعری بۆ هێنابووم
لەو وەختەوە ئیتر تەواو تێکەڵ بووین و
لەو وەختەوە ئەو بۆتە ژان و برووسکە و
لەناوەوە پێچ ئەخوات و
لەسەرەوە لێم ئەدات و
منیش باپووسکەی بارانم.
لەنێوان من و بۆنیشدا ئەوەی هەبوو
هەر مەرحەبای ناوبەناوی لای باخێک و
لای شاخێک و لای چەمێک بوو
تەنها ئەو وەختە تێکەڵ بووین
کە شەوێکیان لەگەڵ خۆیدا پڕ بە کۆشی وڵاتەکەم
بۆنی سووتان و قرچانی خەونی ژن و
منداڵانی بۆ هێنابووم.)
دەشتی وەیس ئەیگێڕێتەوە:
وادەی کۆچی نارەوەن بوو. لەگەڵ بادی خۆش مرووردا
هەناسەکان سەر هەڵئەگرن بۆ بیابان. لەگەڵ بادی خۆش مرووردا
پەڕەسێلکەی فرمێسکەکان پووش و پەڵاش ئەگوێزنەوە.
ئەستێرەکان بارگەوبنەی جریوەکان ئەپێچنەوە، بۆ یادگار
ئەسرینی حوجرە و خانەقا ئەهۆننەوە و ئەیکەنە گەردنی
غوربەت. باران ئەڕوا و وادەی کۆچی نمەی شیعرە. باخان
ئەڕۆن وادەی کۆچی سنەوبەرە. لە نیشتمانی «بابان»دا
جێی پەپوولە نابێتەوە. لە هێلانە بەردینەکەی دڵی دایکا
جێی کزەبا و ئەم شەماڵە نابێتەوە. غەریبیی شەوێکی
ڕووتی بەر لاسامە و ناو تۆفانە. لەگەڵ هەموو هەنگاوێکی
نارەوەندا، ئاخێک لە سینەی خاکەوە سەر دەردێنێ و
هەڵئەتۆقێ. لەگەڵ هەموو شەقامێکی ئەم ئازارە کۆچەرەدا
داخێک لە سینەی بەردەوە دێتە دەرێ و لەبەر گڕەی
سەبوونێکدا هەڵەپڕووزێ.
ئاوڕ لە چی ئەدەیتەوە؟
خواحافیزی لە کام وەفا و لە کام ڕەنگی کوژراو ئەکەیت؟
خوێنەکان ئاشت نەبوونەوە.
«میران» سەریان نەدا بە تۆ و دایان بە دەم بای شێتەوە.
ئاوڕ لەچی ئەدەیتەوە؟
نارەوەن ئەڕوا و لقی ئەو بە دەم وڕێنەی گەڵاوە
سەمایەکی دەروێشانە لە حزووری
بارانەکەی پەڵەی ڕۆح و عەشقا ئەکا!
بۆنی نارەوەن و بۆنی چارەنووسی نادیار هەر یەک بۆنن.
بۆنی خۆرنشینی وەیس و بۆنی ئەم کۆچە، یەک بۆنن.
بۆنی حوجرە و بۆنی بێزاری، یەک بۆنن.
بۆنی شێداری تەنیایی و بۆنی سەفەری فرمێسک و
بۆنی سێوی سەرهەڵگرتوو
بۆنی ماڵئاوایی دوایی هەر یەک بۆنن.
(ئەو، سەرەتا
ئەو، بەتەنها پریشکێکی تاقانە بوو
کە لە باڵی هیجرەت بۆوە.
ئەو، سەرەتا
ئەو، بەتەنها دڵۆپێکی تاقانە بوو
کە دیدەی حەسرەتێ ڕشتی.
پریشک کەوتە ناومانەوە
دڵۆپ کەوتە ناومانەوە
تەماشاکەن! لەوساکەوە
پریشک چۆن بوو بەم ئاگرە و
دڵۆپ چۆن بوو بەم زەریایە و
تەماشاکەن! ئاو و ئاگر بەیەکەوە
هەتاکوو کوێ تەنینەوە!)
پەنجەرەی ژوورەکەت ئەڵێ:
کەپووت بووە بە کەپووی چوخم و شەقام و ئیستە
بۆنی شەوەزەنگ و ئیستە بۆنی گەرمەسێر و ئیستە
بۆنی گوڵەلیمۆی ئەوینێکی تازە ئەکەیت!
وا بۆن بووە بە چاو و گوێ
بە بۆن ئەبیسی و ئەبینی
«ئەڵڵاوەیسی» بۆنی پێدەشت و گژوگیا و لۆشی لێ دێ.
«ئەڵڵاوەیسی» بۆنی مامز ئەهێنێتە ناو ژوورتەوە
ئیستە بۆنی دەنگی «عەلی مەردانشخص» ئەکەیت
بۆنی عەشقێ لە گەرمادا ئارەقی کەرکووکمکان دەرئەدا و
زەنگوڵ زەنگوڵ بە لاملی زەنگەنەدا دێتە خوارێ.
بۆنی عەشقێ لەژێر سێبەری کەپرێکی باڵای «شوان»دا
ئەبێ بە مسکی ئاسکێ و بەرامەکەی سیحرێکی نوێت
پێ ئەبەخشێ. بە ڕێو بانی بۆندا ئەڕۆی. ئەگەیتە
مەنزڵی «خاوکەر»، لەوێ بۆنی سمڵی مێژوویەکی دوور و
بۆنی خاڵی کوتراوی سەر هەنیە و چەنە و بۆنی لباد و سەر
زین و جاجمێکی کۆنەساڵ و بۆنی نانی جۆی برژاو و
کاڵەکی نێو بێستان ئەکەیت.
گڕە ئەڵێ: بۆنی هەڵقرچانی کسپە و
بۆنی گەرمیان و بۆنی برین هەر یەک بۆنن.
کەپووت بووە بە کەپووی دەشت.