١

از کتاب:
خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 17 دقیقه  1525 مشاهده
بە ڕێبەرێتی مەراقی شۆخوشەنگ بوو.
بە ڕێبەرێتی مەراقی کەڵەگەتتر لە زریانی چیاکان و
چاو گەورەتر لە دۆزەخ و سەرنج تیژتر لە تەنیایی
گەیشتیتە سەر ترۆپکی ئەم «زمان»ە و
ڕەشەبات کرد بە جۆلانە و
زایەڵەت کرد بە برووسکە و
باران بە پرچی گۆرانی.
تۆ ئەوینی ناو ئاگر بووی، تا نەسووتای باڵت نەگرت.
تۆ ئەوینی ناو بەفر بووی، هەتا نەتبەست هاژەت نەکرد.
تۆ ئەوینی ناو برین بووی، تا نەوەریت ڕەنگت نەگرت.
تۆ درەختی بەر باهۆزی کارەسات و مەرگەسات و
ڕێی نەهات و
سەر کەناری ئاوی ڕەش بووی
هەتا ئازار ڕاینەژەنیت
هەتا باڵندەی گومان و تەیری ترس و
تا کۆست لە سەری نەخوێندیت
چرۆت نەکرد
دەنگت نەگرت
باڵات نەکرد.
تۆ هۆدەیەکی بێوەژن، نیشتمانی یەکەم ئاخ و
مێرگی یەکەم گریانت بوو.
تۆ کراسە قەترانییەکەی بەری دایکت
یەکەم شەوی گەشانەوەی خەمانت بوو.
من ناوم خەونە.
خەڵکی وڵاتی ئەفسوونم.
باوکم شاخە و
دایکم تەمە.
من لە ساڵێکی مانگ کوژراو و لە مانگێکی هەفتە کوژراو و
لە ڕۆژێکی سەعات کوژراودا
دوای شەوێکی ئاوس بە «با»
دوای شەوێکی پشت کۆماوەی هەوراز بە کۆڵ
بەرەبەیانێکی زامدار
لە شەفەقێکی کەسکەوە
وەک گزنگێکی خوێناوی کەوتمە خوارێ و
داگیرسام و بووم بە مۆمێک
گڕ بە مل و
بووم بە پرسێک
دەم بە هاوار.
تۆ لە گەڕەکی گاوراندا بووی بە تۆو و لە دایک بووی.
ژنە دیانێکی هاوسێ، مریەمێکی گوڵەهێرۆی
ڕواو لەناو تاریکیدا، گەنمڕەنگێ وەکوو گۆیژە
ناوکی بڕیت. هێشتا لەناو کاسەدا بووی،
مریەم بە کڵۆ خەڵووزێ، لەسەر تەختی نێوچەوانت
وێنەی سەلیبێکی کێشا و تاجەدڕکی کردە سەرت و
لە باوەشی نامۆییی خۆی و عیساشخصدا، وەک کارژۆلەیەکی تازەزاو،
ماچی کردی و هەڵیگرتیت. ژنە دیانێکی هاوسێ
نەفرەتێکی نێو شارەکەت، چارۆگەی یەکەم قوماتەی
ئەم سەفەرە و یەکەم خاچی ئەم ژیانەی بە تۆ بەخشی.
لەو ساتەوە من گوناهی ڕووتوقووتی دەرکراوی
ئەو بەهەشتەم کە نەعلەتی کرد لە بوونم.
کە نەفرەتی کرد لە بێشکەم.
لەو ساتەوە من ئەو «پرس»ە ئاوارەیەم
ئەو سۆراخە شێتووێتەم ئەگەڕێم و
ناگەمە خوا و ناگەمە تۆ و ناگەمە خۆم.
لەو ڕۆژەوە من تەوێڵم چوارڕییانی
خەونی چوار پارچە کراومە و
لەو ساتەوە سەرم پاشای
مەملەکەتی شپرزەیی و قەڵبەزەی دڵەڕاوکێیە و
گڵۆڵەی سەر ئەسپی ئەجەل.
لەو ساتەوە ناوچەوانم چارەنووسم ئەسووتێنێ و
لەگەڵ مەرگا بووم بە هاودەم.
باوکت دەوەنی شاخێکی بەر باڕێزە و ڕەهێڵە بوو
لە ئەنگۆرەی زستانێکدا، کە ئەفسانەی پیرەمەگروونمکان.
زاووزێی کرد بە ڕەوە جوانووی ئازادی و بە کەوێڵ و
بە ئەشکەوتی هاوارەوە، هەر ئەو کاتەیش چەخماخە
ئەوی نووسییەوە و ڕەشەبا کردی بە ئەسپ و برسێتیی
کردی بە دەغڵ و شەو بە چرا. باوکت بەستەی
نائومێدی و پێکەنینی ئەشکەنجە بوو. دەنگی باوکت
دەنگی بەفر و دەنگی گڵ و دەنگی گوڵ بوو
سەرزەنشتی کلیلێکی دەربەدەر بوو. باوکت گەرووی
برینداری سەربەستی بوو. لەو قوڕگەوە هۆنهۆن
وشەی یاڵ خوێناوی و تنۆک تنۆک مەراقی کاکۆڵ
زێڕین و، نمەنمەیش سەرگوزشتەی مێژوویەکی مەست و
سەرخۆش، دائەباری و دائەچۆڕا. باوکت زیندان کردی
بە مانگ، ئاوارەیی بە نیشتمان، بوومەلەرزە بە
سروود و، کۆت و زنجیر بە مامۆستا. باوکت زەنگێکی
بێکەسی ژێر چوخمەکانی بێهۆشی و کەڕەواڵەی ئەم
شارە بوو، هاوارێکی گلاراو و قیژەیەکی سەربڕاوی
ئەو خەڵکە بوو، هەر لێی ئەداو، هەر لێی ئەداو،
نە ئەبیسترا. ئەو داخێ بوو بە داخی خۆیدا ئەچزا.
ئەو لە پەرداخی بادەدا دیرۆکێکی سەرماوسۆڵی
بەفرانبار بوو، کلوو کلوو ئەتوایەوە. ئەو لە پەرداخی
بادەدا، سەری خۆی و سەری مێژووی کاسووڕی
ئەم غوربەتەی نوقم ئەکرد. ئەو لەوێدا جێی بۆ برینی
بێداڵدەی خۆی دائەخست. ئەو لەوێدا ئەم جیهانی
بێهوودەیی و ئەو دووکەڵی پرسیارانەی بە «با» ئەدا و
تیایدا ئەنووست. ئەو قەڵەمەکەی بەورێکی فەرەنگی بوو.
چنگی ئەدا لە شوورەکانی تاریکی و چڕنووکی ئەگرت لە پێستی
خورافات و ئەچۆوە بە گژ شمشێری ناو مەرگدا.
ئەو ساتەی تۆ کەوتیتە ناو کاسەکەوە و خاچ بوو
بە یەکەم لانکەت و بە سێ بزماری دەست و پا،
هەر ئەو ساتەیش ئەو لەناو کاسەی بادەدا، مەراقێکی
سپیی تازەی ئەخواردەوە و جنێویشی بە سوڵتان و
بە حاجیی تووتنفرۆش و بە وەفدی میللەتفرۆش و
بە دنیایەکی پیس ئەدا!
گەورە بووم و خاچیش لەگەڵما گەورە بوو.
باڵام کرد و دڕکیش کەوتە بەژن و باڵا.
ئەمە کۆچی ئەزەلیی نائارامییە و، کۆچی چاوە و
ڕەوی هەستم.
ئەمە گەشتی جەستەیەکی پەرشە و
هەڵوەدای ڕۆحێکی بەند و
هەڵفڕینی پەنجەکانی هەردوو دەستم.
ئەمە چیرۆکی کانییە لە سەرەتای شلوێبووندا
«ڕێبوارە با، بۆ ئێوەی ئەگێڕێتەوە»
ئەمە چیرۆکی ماسییە، لە سەرەتای بەر قولاپ و پێوەبووندا
«وردەشەپۆل، بۆ ئێوەی ئەگێڕێتەوە».
ئەمە فامی گوڵاڵەیە، لە سەرەتای تێکەڵبوونی
گەشانەوە و هەڵوەریندا
«تەمومژێ، بۆ ئێوەی ئەگێڕێتەوە»
ئەمە یادداشتی بەردێکە، لە سەرەتای خلبوونەوەی
خەونەکانیا
«مانگەشەوێ، بۆ ئێوەی ئەگێڕێتەوە».
ئەمە چیرۆکی ونبوونی پەلکەگیایەکی وشەیە
لەناو بێشەڵانی پرسا
ئەمە چیرۆکی ونبوونی کچە شیعرێکی ئازایە
لە کیشوەری پیاو و ترسا
ئەمە دووکەڵە ئەو وەختەی
ئەبێ بە جۆگەلەی ئاسمان.
ئەمە زووخاوە ئەو وەختەی
ئەبێ بە ڕێژنەی باران.
ئەمە زیندانە ئەو وەختەی
ئەبێ بە هەموو نیشتمان.
ئەمە ژانە وەختێ ئەبێ بە گزنگ و
ئەمە مەرگە وەختێ ئەبێ بە ژیان و
ئەمە پەنگخواردنەوەی گومانی ناو سەری هەور و
سەری منە
وەختێ ئەیکا بە باوبۆران!
تۆ نە خەون و نە سێبەری خەونی بناری «زەردیاوا» و
نە پەنجەرەکانی هەتاوی تەڕی «قۆپی» و نە ماڵانی
باوەش پڕ لە گوڵەزەردی «قەرەداغمکان»ت لە بیر نییە.
تۆ کۆنترین ئاگردانی ئەم «زمان»ە و بەردەنوێژی
ڕوو لە خۆری ئەم مێژووەت لە بیر نییە. تۆ جێ قوربانیی
کیژانی ئاهورامزدات لە ئاتەشگەی بەرپێیەکانی
زەردەشتا، بۆ خواوەندی ڕووناکی و ڕەز و گوڵەگەنم
لە بیر نییە. تۆ ئەو دەمە بەچکە شیعرێکی سێ ساڵ بووی
زەڕنەقووتەی کونەشاخ و ویزەویزی هەنگێکی تازە
باڵگرتووی، شانەکانی ناو کلۆری پیرەدار بووی.
تۆ خەون بووی لەناو خەونا.
تۆ ئەو دەمە لە تای خورجێکی پارسەنگی هەندێ
کتێبی باوکتا، سوار ئەکرایت و دائەبەسترای.
قۆڵی چەپتیان بە سرکەیی و سەربەستێکی مۆری
دایکت ئەجەڕان و گرێ ئەدا. ئیتر ئەم شاخ
ئەیدایتە دەستی ئەو شاخ و جۆگەیش پڕ بە
گوپەکانی، زیوی ئاوی پرژە ساردی پیا ئەکردی.
پەنجەی دەستە شۆڕەکانی درەخت، لە پێچی لاڕێ و
پلەدا، لە دواوە قژیان ئەگرتی.
تۆ ئەو کاتە جانتایەکی بچکۆلانەی سەفەری
نێوان بێداری و بێئاگایی وێستگەکانی ناو سروشت بووی.
تۆ تۆپەڵێ قوڕەسوورەی لەشی گۆیژەمکان و پیرمەسوور بووی:
گڵەزەردە لەناو دەستیا بە هێواشی
ئەیشێلایت و ئەیکردی بە گوڵی سپیی دارهەرمێیەک.
یان ئەیکردی بە گوڵونکەی بەر گەردنی ئەستێرەیەک.
یان بە گوارەی گوێی چرپەیەک.
ئەزمڕمکان لەناو دەستەکانیا بە هێواشی ئەیشێلایت و
ئەیکردی بە گۆزەڵەکەی، فێنکەئاوی
ناو چیغەکەی هاوینە شەوی «پیرەمێردشخص»
یان ئەیکردی بە پەپوولەی
ئاڵا و لە ڕیش و لە قژی «مەحموود جەودەتشخص»،
یان ئەیکردی بە مرواریی زیخ و چەوی بن کانییەکەی
گیانی «گۆرانشخص»
مامەیارە لەناو دەستیا بە هێوری ئەیشێلایت و
ئەیکردی بە گەڵایەکی دارمێوەکەی ماڵی قودسی.
یان ئەیکردی بە کڵۆیەک لە سەهۆڵی
ناو بادەکەی ڕەفیق حیلمیشخص.
بازیانیش لەناو دەسیا ئەیشێلایت و
لە دواییدا ئەیکردی بە:
مشتووی خەنجەری بەر قەدی داریکەلی.
تۆ خەون بووی لەناو خەونا.
تۆ پیاوانی «قەرەداغ»ی وەک «نارامسین» کەللەکەڵ و
وەکوو هەرێز سنگ تووکن و وەکوو دەربەندی باسەڕە
چاوقایمت لەبیر نییە. تۆ خەون بووی لەناو خەونا.
تۆ ژنانی «قەرەداغ»ی پەلکەڕەنگینە لە دەست و
گەواڵە هەور بە سەر و
چەمی دێوانە لە دڵت لە بیر نییە.
تۆ خاچێکی سێ ساڵان بووی
هەر لەوێ بوو، بەیانییەک، لە پڕێکدا تەمێ بەر ماڵانی داگرت
لە تەمەوە شاخەخاچێکی سوورباوی بریقەدار، لە ئاسۆوە
هەستایە پێیان. لە خاچ زیاتر، چاوێ نەبوو چاو ببینێ،
چوارپەلی خاچ چەپۆکانی ئەهاویشت و ئەیکرد بە ناڵە و برووسکە.
لە پڕێکدا تەم ڕەوییەوە و لەبەر دەرگای حەوشەتاندا
جادووگەرێ، ژنە قەرەجێکی ڕەشی غەزێم لە لووت،
وەک سێبەری ئەفسانەیەکی «لۆلۆ»کان بەدەرکەوت و
دایکت بانگی کردە ژوورێ. دایکت پێی وت:
- تۆ بەختی خۆم بەرە دەست «با».
من خەوت بۆ ناگێڕمەوە.
دوێنێ هەر لەم ژوورەدا بوو
زەردەپەڕێ چووم بۆ کانی
لەسەر کەوڵی ئەم گامێشە
ئەم کوڕەم بەجێهێشتبوو، هەر خۆی تەنیا
کە هاتمەوە بینیم مارێ
لە تۆ ڕەشتر، لە زووخاوی باوکی ڕەشتر
درێژ وەکوو باسکی شەیتان
درێژ وەکوو دارەڕایەک
ئاڵاوەتە کوڕەکەم و سەری خستۆتە سەرشانی
سەری خستۆتە سەرشانی و ماچی ئەکات!
بە یەکەوە گەمە ئەکەن.
بە یەکەوە پێئەکەنن.
وەک بە چرپەیش نەهێنییەکی پێ بڵێ
هەر ئەوەندە و بەربوومەوە و بوورامەوە
کە وەختێ چاوم کردەوە
مار دیار نەبوو
مار ڕۆیشتبوو!
ژنە قەرەجی جادووگەر بەردەمۆری هەڵدایە سەر
کەوڵی گامێش، بەردەکان بوون بە خاچێک و دوایی وتی:
- ئازار بە دوای کسپەی خۆیدا
ئەم تەمەنە وەک ڕێچکەخوێن ڕائەکێشێ.
مار ژەهری خۆی بە عاشقی خۆی بەخشیوە.
مار ئاڵاوەتە ئەوینی هەڵبژاردەی.
مار نەهێنیی زمانێکی پێ بەخشیوە
کە گەورە بوو
وشە ئەکات بە ئەفسوونێ
خەون خۆی دێ و لەسەر ڕانی
نەهێنیی دڵی یەزدان و پێغەمبەرانی یەزدان و
ئەم گەردوونەی بۆ ئەنووسێ.
من خاچی مار تێئاڵاوم.
من نەفرەتێکی یەزدانیم.
من سێ بزماری ڕواوم!
من لە ئەلفوبێی بەردەوە.
لە ئەلفوبێی کلووی بەفر و، لە ئەلفوبێی ئاونگەوە،
لە ئەلفوبێی ئاگرەوە، من لە هێلکەی ئەفسانەوە
سەرم جووقا... من سەرەتا لە کێوی چەرماوەندەوە
کەوتمە سەر پێ. لە ڕستەی قژبژی دار و
لە پیتی گڵمتک و حەرفی گڤە و لوورەی ئەشکەوتەوە،
هاتمە دەرێ و بووم بە گەردەلوولی سەما.
من سەرەتا چاوم بەخشی بە گەوەی شاخ
شاخیش کردی بە زنەی خۆی.
من سەرەتا چاوم بەخشی بە دارستان
ئەویش کردی بە خەونی خۆی.
من ڕوانینم لەسەر ماهی و لە قڵێشە بەرددا چاند و
لە دواییدا بووم بە ڕێگەی تەلیسماوی و داستانی «با».
من عەشقی خۆم کرد بە تەمومژی گومان.
لە دواییدا بووم بە پرسیار، بووم بە خولیای
دارکونکەرەی گەردوون و خوا.
من سەرەتا ئەم سەفەری ناو گومان و ڕاڕایییەم
لە کەوێڵی بەر ئەشکەوتی هۆمەرقەوم و جاسەنەوە
کرد بە تەونی سۆراخێکی بێکۆتایی
و بە هاودەمی مەراقێکی تاق و تەنیا.
منداڵێک بووم ڕاماو لە قودرەتی شاخی ترس و سەرسوڕمان و
ڕاماو لە ماسوولکە ڕەقەکانی مەرگ و لە بڵێسەی دەم خۆراوا.
ڕاماو لە جادووی باڵگرتووی نێو دەربەند و
لە پۆلە قیژەی سەر لووتکە و
ڕاماو، ڕاماو
لە دەنگدانەوەی بێدەنگی و
لە ڕەنگدانەوەی بێڕەنگی و
لە حیلەی ئاو.
منداڵێک بووم خەونەکانی دارستانم ئەخوێندەوە
بە چاو بۆنی تیشکی ئاڵۆزکاوم ئەکرد.
گوێم لە زرنگەی کاروانی ڕەنگەکانی سروشت ئەگرت.
من ڕۆیشتنی گرد و شاخ و داربەڕووەکانم ئەبینی.
زریکەی گۆم و ئەستێرک و خۆڵم ئەبیست
هەناوی ئەستێرەم ئەدی
من بە ڕووتی، ڕووتوقووتی، پەرییەکانی خوام ئەبینی.
من بە ڕووتی، ڕووتوقووتی، نەهێنییەکانم ئەبینی.
یاریم لەگەڵ مانگدا ئەکرد.
یاریم لەگەڵ پەنجەکانی شەودا ئەکرد.
من هەموو جار لەسەر ڕانی گاشەبەردێک ئەنووستم و
لە دواییدا لە دەنگی ئەستێرەشوانێ دائەچڵەکیم.
من هەزاران پرشنگی زامدارم بینی،
کە چۆن سەری خۆیان ئەکرد بە ناو کۆشی پەڵەهەورا.
وەک خەیاڵم من قەڵبەزەم گرتە باوەش.
سواری جۆلانەی کازیوە و کۆڵی تەم بووم.
من زمانی بنچک و بەرد و خۆڵەمێش و باخان فێر بووم.
من لە دەفتەری بەفردا یەکەم هەڵبەستی خۆم نووسی.
من خاچی مار تێئاڵاوم.
من نەفرەتێکی یەزدانیم.
من سێ بزماری ڕواوم.
لە بنباڵی چەرماوەندا، «سورداشمکان» ئەتوت کەروێشکێکی
قوڕاوییە. ئەهاتیتەوە ماڵەوە، وەکوو جوانوویەکی یاڵ تەڕ
لەگەڵ خۆتدا، لەگەڵ کۆڵە گژوگیا و ڕێحانە و گوڵەحاجیلە و
مێخەکدا، کۆڵێکیش پرسیارت پێ بوو، ئەم کۆڵەیان قورستر بوو،
ڕۆت ئەکردنە بەردەم باوکت. ژوور پڕ ئەبوو لە بۆنی
گیا و لە بۆنی ترس و پرسیار و لە بۆنی قەوزەی گومان و
لە بۆنی قژی سۆراخ و لە بۆنی مەرگ, ژوورێک هەر جێی
دوو سێ چوار خشتەکی شیعر و غەزەلێکی تیا ئەبۆوە،
باوکت شانی دائەدایە سەر بالیفێ و تەماشای ڕێچکەی
مێروولەی وشەی ئەکرد، تۆیش لێی ئەچوویتە پێشەوە،
تۆ ئەتپرسی:
خوا گەورەترە یاخود تۆ؟!
خوا گەورەترە یاخود شاخ؟!
تۆ ئەتوانی بمبەیتە لای؟!
دەرگای ئاسمان لە کوێوەیە؟!
کەی ئەتوانین بە یەکەوە خوا ببینین؟!
وەرامەکان پرسیارەکانیان دەرئەکرد.
وەرامەکان سیسەڵە بوون.
وەرامەکان هیچیان کلیلیان پێ نەبوو.
وەکوو ختە لە پشیلە و وەکوو کشە
لە مریشکی بەژوورکەوتوو
ئاوایش پرسیارەکانیان دەرئەکرد!
ئیتر ئەوسا خۆت گرمۆڵەی ناو خۆت ئەکرد!
تۆ سیحر بووی لەناو سیحرا. تۆ ماتبوونت
لە تەمەنت گەورەتر بوو. تۆ لە هەور
کوللە و پەردە و کەژاوەت بۆ خەیاڵی خۆت ئەخستە ڕێ.
ئەچوویتە ناو ئەستێرەوە و یاریت لەگەڵ تیشکا ئەکرد.
سواری شانی مانگ ئەبوویت و سواڵەی خەرمانت
دائەگرت. لەسەر بەرزترین لووتکە، کورسیی بەفر و
پاڵتۆی بەفر و شیری بەفرت بۆ خواکەی خۆت دروست
ئەکرد. خۆت گرمۆڵەی ناو خۆت ئەکرد. ئەبووی
بە ژیشکی پرسیار. تۆ پرسیار بووی لە پرسیاردا،
تا ئەو کاتە تۆ دۆڵپای ترست نەدیبوو، تا ئەو کاتە
نەتئەزانی ترس لە کوێیە. تۆ دەموچاویت نەدیبوو،
تا ئەو کاتە ئاگرەکانیت نەئەناسی. جەهەننمیت
نەئەناسی. تا ئەو ڕۆژەی نەنکت هات و دایکت
هات و بەرامبەرت:
شمشێری سوورەتی گڕ و مەنجەنیقیان بۆ ڕاگرتی.
نێڵەنێڵی بڵێسەکەی جەهننمیان پێ نیشان دای.
ئەژدیها و عەزیا و درنجیان هێنایە ژێر لێفەتەوە و،
لە سەد لاوە قفڵیان لێ دای!
لەو ڕۆژەوە ئیتر تۆ بووی بە لانەی پرسیاری ترساو.
لەو ڕۆژەوە ئیتر تۆ بووی بە سێبەری وەرامێکی سەر داخراو.
لەو دەمەوە بووی بە ئاوێ لە هاژەت بسڵەمێیتەوە
لەو ڕۆژەوە بووی بە دەنگێ لە گەرووت بسڵەمێیتەوە.
لەو ڕۆژەوە تۆ ئیتر بووی:
بە هیوایەکی دەستەمۆ
بە پرسیارێکی دەستەمۆ
بە ڕوانینێکی شەرمن و
بە ڕووبارێکی دەسخەڕۆ
ئەم جارەیان ئەچوویتە سەر باڵی سیمرخ، ئەگەیشتیتە
کاروانکوژە. دەرگای بەردیان ئەکردەوە، کۆشکی
بلوورین دەرئەکەوت. فریشتەکان وەک هەڵقوڵێن
لەناو بیرێکی قووڵەوە یەکە یەکە ئەهاتنە دەر،
هەموو خاچی ئاگرینیان بە دەستەوە. هەموو مار
لە قەدیان ئاڵاو. ئەهاتن و ئەیانبردی لە
ئاوێکی سەوز و سووریان هەڵئەکێشای. وەکوو
ماسی پشتت ئەبوو بە پوولەکە. ئەیانبردی و
هەر دووراودوور نێڵەنێڵەکەی دۆزەخی ناو قورئانیان
نیشان ئەدای، دێو و درنج و ئەژدیها و دۆڵپای خوایان
نیشان ئەدای. ئەترسایت و ئەتۆقیت و بۆ خۆراوا
دایکت لەبەر دەرگای حەوشە هەڵئەتروشکاو
لەسەر سەرت کەڵەپشکۆی ئەکوژانەوە
هەتا ترسەکانت ڕاونێ!.
بەڵام ترس دیوارێ بوو نەئەڕۆیشت و
چیایەکی قوڕقوشم بوو ڕاونەئەنرا.
تازە ترس، وەکوو کۆڵەکەی بەر هەیوان و
منارەکەی سلەیمانی داچەقیبوو.
تازە ترس بووبوو بە خەڵووزانی ناو دەروون
وەکوو هەوا هەڵئەمژرا،
بووبوو بە برۆ و بە جومگە و بە چەناگە و
یەکە یەکەی پەراسۆکان!
ترس، ترس، ترس
لە ماڵەوە لەگەڵ ئاودا ئەخورایەوە
لەگەڵ هەویردا ئەشێلرا
لەناو لۆکەی لێفەدا بوو
لە دەرەوەیش تازە ترس وەکوو حەسحەس، وەک پاسەوان
ڕائەوەستا و پرسیارەکانی تەوق ئەکرد
ڕێگاکانی ئەپشکنی و دەست بە چەقۆ
ورد و درشتی گومانی
لە خەیاڵیشدا سەرئەبڕی!
من خاچی مار تێئاڵاوم
من نەفرەتێکی یەزدانیم
لەسەر ئەم جەستە کۆچەرە
من سێ بزماری ڕواوم!
وەکوو باڵام خاچ هەڵکشا، من عاشقە و
مار ماشقەی تێکئاڵاوی سەر ئەم خاچەین.
هەموو ساڵێ کۆچی باوکت، کۆچی پەڕەسێلکەی شیعرە و،
کۆچی «با»یەکی تووڕەیە و، کۆچی ژانێکی سەرسەخت و
سەفەری زام. هەموو ساڵێ ئەم برینە ئازارێ بوو
خوێ بە کۆڵ و پرسیارێ بوو بە بێ ئاکام.
ئەو زێ بوو، تینووی بوو.
خەون بوو، نەئەخەوت.
کڵپەیش بوو سەرمای بوو.
گەنم بوو، برسی بوو.
خۆرێ بوو ئەو وەختەی ئەگیرا، هەڵئەهات.
هەموو شەو پەرداخێ بادە بوو مەست ئەبوو، سەرخۆش بوو
هەتاکوو خەمانی بەریبات!
ژوورێک و چرایەک، دایکت و حیکایەت.
لە بەینا تۆ گمەی کۆترێ.
زستان و بەفرانبار، ئاگر و حیکایەت
لە بەینا تۆ جوانووی گوێ گرێ.
وەنەوز و خۆڵەمێش، مێوژ و حیکایەت
لە بەینا تۆ کەوی سەفەرێ.
هەڵەبجەمکان: هەناری هەڵوەریو لە کۆشی شنروێمکان و گوڵاندا.
هەڵەبجە: پرسیاری سیروانە و سۆراخی شارەزوورمکان
لە کۆچی بێوادەی باڵندەی گریاندا!
ڕووناکیی زەردباوی پەنجەرەی تاقانە و،
لە سەمای بەفردا پرووشەی تێکئاڵاو
لە یەکتر. زریکەی «با»ی دووری گیرخواردوو
لە داوی چیادا، بۆ «هەبوو یان نەبوو»، بۆ
ڕاوی گردی ڕەش، ترسێکی چەتەوڵ ڕاوەستاو
لە بەردەم دەربەندی ئەژدیها و وەرزێکی نەهاتدا.
مرۆڤی بچکۆلە ئەوەندەی پەنجەیەک، مرۆڤی چوار
چاو و، مرۆڤی قۆچدار و، فریشتەی باڵداری
کەژاوەی لووتکەیەک، کوڕێکی کەچەڵەی ئازاتر
لە درنج، ئازاتر لە دەشتی ئاگر و لە بێشەی
سوژن و لە مەرگ!
سەرەتا چوارمشقی ئەبوویتە گوێقوتی
بەردەمی دایکت و پاش تۆزێ سمۆرەی بزێوی
هەڵگەڕاو بە ڕان و بەر سنگ و گەردن و
ڕوخساریا، دواتریش کە سەرت ئەکردە
سەر ڕانی ئەبوویتە وشەیەک لە بەستەی زیوینی
ناو دەمیا.
کۆشی ئەو کۆشی گژوگیا و کۆشی باخ بوو
وەختێ ئەچوویتە ناوێوە
ئەبووی بە گوڵەمێخەکێ.
سنگی ئەو سنگی هەڵەبجە و باخی میر بوو
وەختێ ئەچوویتە ناوێوە ئەبووی بە کانی عاشقان و
گوڵ هەنارێکی شنروێ.
دەستی ئەو دەستی زەڵم بوو
وەختێ ئەیهێنا بە سەرتا
لە کوێستانی سەروڕیشی مەولەویشخصدا ئەڕوایتەوە و
هەڵئەتۆقیت، ئەبووی بە پەلکی قارچکێ.
ڕانی ئەو ڕانی شیعر بوو وەختێ سەرت ئەکردە سەر
لەسەر مەزاری وەلی و شەم
سەرت ئەبوو بە گومەزێ.
ئەو کاتەیش تۆ چاوی نەهێنیی شیعر بووی
لە زاری دایکتا، کە «لاسشخص»ێک بە ڕێگەی
ئەویندا ئەڕۆیشت و لە شەوێک هەڵئەنووت.
ئەو کاتەیش تۆ گەرای هاواری عەشقێ بووی
لە سنگی دایکتا. کە «خاچێک» بە ڕێگەی
یاخیدا ئەڕۆیشت و لە خەمێک هەڵئەنووت.
کە چرایەک بەسەر پەتێکی باریکی تاریکیدا
ئەپەڕییەوە ئەوبەر چەمێ
تۆ لێرەوە ئەبووی بە کەناری ئاو و
بە مزگێنی دەم شەپۆلێ.
کە بولبولێ لەسەر دەمی تیژی شیرێ
ئەنیشتەوە و سەمای ئەکرد
تۆ لێرەوە ئەبووی بە ڕەنگاڵەی
شپرزەی و ئەکەوتیتە باڵەفڕێ.
ئەتپرسی: چۆن بڕوێم لەنێوان مەمانی
پەریشخصدا و گەورە بم وەک مەمێ؟! چۆن
هەڵکەم وەکوو «با» و گەورە بم وەک شاخ و
دەست خەمە ناو دەستی کڕێوە و سەر کەمە
سەرشانی نارنجیی ئاگرێ؟!
کەی ئەبم بە پەیژەی شیعرێکی درێژ و ئەچمە سەر
سەربانی کۆشکی خوا و؟! کەی ئەبم بە ئەسپی
فڕیوی دووکەڵێ؟!
ئەتپرسی: چۆن ئەبم بە کوڕی دەربەندی بازیان؟!
چۆن ئەبم بە یاری مانگەشەو؟!
ئەتپرسی: من چی بکەم بۆ ئەوەی
وەک دایکم چۆن ئەدوێ
ئاوەهایش لە ڕۆژی نەورۆزدا
گوێم لێ بێ، ئەستێرەیش بدوێت و
گوێم لێ بێ، بارانیش بدوێت و
ئەو هەورەیش سترانێ ببێژێ!