تەنها یەکێکمان

از کتاب:
ئاوێنە بچکۆلەکان
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  339 مشاهده
ئێوارە بوو
بە تەنها هەر فریای سەر دەرکردن کەوتین.
وەک ئەو بارانەی ئەباری
ئەبوایە ئێمەیش نەوەستین.
ڕیزێ فرمێسک بووین ئەڕۆیشتین.
ڕێچکەی دووکەڵی پەرت پەرتی
گوندێک بووین و بە شاخێکدا سەرئەکەوتین.
هەموو تەڕ تەڕ، چۆڕاوگە بووین.
لووتمان پلووسکی سەرمان بوو
قاچیش جۆگەلەی لەشمان بوو.
منداڵەکان: پەڕەسێلکە و
ژنەکانمان: دار و درەختی پاییزە و
پیرەکانیشمان: لە ئەسپی شەکەت ئەچوون.
هەموو تەڕ تەڕ، چۆڕاوگە بووین.
تەنها هەر یەکێکمان نەبێ
کە لەژێر چەترەکەی خۆیدا
یەک دڵۆپ باران لێی نەدا و
لە هەموویشمان ئارامتر بوو
ئەویش منداڵی ژێر چەتری
چەرمی سکی ژنەکەم بوو!.