دەنکە تۆو

از کتاب:
ئاوێنە بچکۆلەکان
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  420 مشاهده
ملیۆنان بووین
پیرەدار و
نەونەمام و
دەنکە تۆو بووین.
لەناو خودەی ئەنقەرەمکانوە
شەبەیخوونێ هاتن، هاتن
هەڵیانکێشاین
هەڵیانگرتین
دوور بردیانین!.
لە ڕێ ملی زۆر پیرەدار لار بوونەوە.
لە سەرمادا زۆر نەونەمام ڕۆحیان دەرچوو
ڕەق بوونەوە.
تۆوێکی زۆر هەر بوون بە ژێر دەست و پێوە
بزر بوون و بیرچوونەوە!.
وەک چەمی هاوین تەنک بووین.
وەک باڵندەی دەمەو پاییز کەم بووینەوە.
چووینە خانەی هەزارەوە
تۆومان تیا بوو «با» هەڵیگرت
«با» بردیەوە
گەیشتەوە چیای تینوو.
لەناو بەرددا خۆی شاردەوە
یەکەم باران
دووەم باران
سێهەم باران، ڕوایەوە.
ئەوا ئیستە دیسانەوە جەنگەڵێکین
ملیۆنانین
دەنکە تۆوین
نەونەمامین
پیرەدارین
خودەی کۆن مرد!
ئەی خودەی نوێ!
دەستی سونگیت بۆ ناوەتە ژێر چەناگەت!
ئەتوانیت بمانبەیتەوە!
بەڵام ئاخر من ئەزانم
تۆیش ئەزانیت
تا دەنکە تۆوێ بمێنێ بۆ باوباران
ئەم جەنگەڵە نابڕێتەوە!