خواست

از کتاب:
ئاوێنە بچکۆلەکان
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  932 مشاهده
وەختێ گەرداو داوا ئەکا و
شەپۆل هەڵئەسێتە سەرپێ!.
هەموو جارێ ئەو بەرزەوپێ ڕاوەستانە
ئەو هەڵسانە
بۆ یادی گیانی ئاوێکە، کانییەکە، شەهید بووبێ.
وەختێ ئاسۆ داوا ئەکا و
باڵندە بۆ ساتەوەختێ لەنگەر ئەگرێ
بە ئاسمانەوە ئەوەستێ.
هەموو جارێ، ئەو لەنگەرە، ئەو وەستانە
بۆ یادی گیانی گوڵێکە، گەڵایەکە، شەهید بووبێ.
وەختێ خاکیش داوا لە هەموومان ئەکا
وەکوو درەخت دەقیقەیەک ڕابوەستین
هەموو جارێ ئەو بەرزەپێ ڕاوەستانە
لەبەر خاتری نیگای کانی و
بەردەنوێژی ناوچەوانی شەهیدێکە.
هەموو جارێ لەناو چرکەی دەقیقەدا
وا هەست ئەکەم
سەعاتی خوێنی شەهیدی کەشکۆڵەکانم لێ ئەدا!
کێ بوو پرسی:
ئەم شیعرانەی تۆ چەند ئەژین؟
چەند عومریانە؟
من خۆم ناڵێم، شەپۆل و گوڵ و مەل ئەڵێن:
بە قەد یادی هەر جارێکی بەردەوامیی
ئیستە و بەیانی و داهاتووی
ئەو دەقیقە، ڕاوەستانە!