دوا وشە

از کتاب:
ئاوێنە بچکۆلەکان
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  690 مشاهده
ئەگەر «با» شنەی هەناسەکانی
لە سنگی بڕی و
دەموچاوی خۆی
لە ڕێبوارانی دنیا شاردەوە!
ئەگەر «ئاو» چاوی شەپۆلی لێک نا و
لە نیوەی ڕێدا
ماندوو بوو، وەستا و
بەرەو سەرچاوەی دیسان هاتەوە.
ئەگەر «باڵندە»
باڵی کلیل کرد
ویستی فڕینی وەک دەزوو لەسەر
دەنووک و ملی هەڵبکاتەوە
ئەگەر درەختێ
زەمینی جێهێشت.
ئەگەر بارانیش
ئەو بڕیارەی دا
لە وەرزی خۆیدا دانەکاتەوە،
بڕیار بێ منیش
سەری وشەی خۆم هەڵبکەنم و
نەهێڵم شیعرم دەم بکاتەوە!