سڵاو گوڵە کێویلەکانی شۆڕش، سڵاو!

از کتاب:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 7 دقیقه  1060 مشاهده
وا ئەمساڵیش بە فەرەنجی و پەستەکەوە، ملپێچ لە مل
گاڵۆک بە دەس، لە زەردومای شاخانەوە
پیرە زستان
دەراڵ، دەراڵ، گەوە، گەوە
دائەگەڕێ و دێ بۆ لاتان.
لە ئیستەوە بە هەڵلەرزینی ڕووبار
پەنجەی گۆنەکردووی دار و
کۆکەکۆکی «با»دا دیارە
ئەمساڵ بەفر وای تەمایە
ئەو کەوتنەی لێی کەوت ئیتر،
ئەو شانەی دایدایە سەرتان
تا نەورۆز هەڵینەسێنێ
بەرینەدا بەر پەنجەرەی کورتەباڵای ژوورەکانتان.
* * *
سێبەرتانم و لە لایشتان نیم
بەڵام کۆترەشینکەی چاوم
بە دەم قوڵپەقوڵپی گمەی سۆراخەوە
باڵی تەڕی لە لاملتان هەڵئەسوێت و ئەتانبینێ:
لەم وەرزەدا
بەر لەوەی بوولێڵ بازداتە ناو دەربەند و
جۆڵای شەو بێ و تەونی تاریکیی بچنێ
ئەتانبینێ:
دوو دوو سێ سێ
هەردوو دەستتان لەناو گیرفانی شەرواڵدا و
شان کووڕ کردوو
قژ بژ، قژ بژ.
تیاشیاندایە بە قەدەر نیوەی قەڵەمێ، ڕیشی هاتوو
دێن و ئەچن
بە تیزماڵکی جێگەی پیاسەی
سەر سەربانی پەستراوەدا
کە بەهاریش گیای لێ ناڕوێ
دێن و ئەچن، دێن و ئەچن.
لەو ئێوارە وەختانەدا
کە لای ئێوە هەتاو زووتر جێ چۆڵ ئەکا
بۆ سێبەر و
لە ڕەوەزی ئەو بەرەوە
ناوبەناوێ چاوشارکێتان لەگەڵ ئەکا.
لەو ئێوارە وەختانەدا
دێن و ئەچن، دێن و ئەچن
وەک بەرگی بەر یەک ئازاری ڕەنگ خاکین و
بەڵام وەک گوڵی خەندەران
قۆڵتان لە قۆڵی یەکدایە و پێئەکەنن.
دێن و ئەچن و لەناو ڕاڕەوی قسەدا:
"بەشە نەوت و ئارد و نیسک و نۆکی مەقەڕ
گڵەبان و مۆرەی ئاو دز، مەترە نایلۆن
بۆریی شکاو، سۆندەی تەقیو
هتد و، هتد و، هتد و
لە زۆر شوێندا یەخەی پیاسەتان بەر نادەن
سەری سۆراخ و مشوری هەبوو نەبووی
ئەمساڵیشتان پێ با ئەدەن
ئاوەڕۆی دەنگتان ئەگۆڕن
دێن و ئەچن و لەپڕێکدا ئەوەستن و بێدەنگ ئەبن
زیت زیت زیت زیت
بۆ ڤڕەی دوور گوێی ڕاهاتوو هەڵئەخەن و
لە یەک ساتدا بە یەکەوە
بەرەو ئاسمانی پاییزەی خۆڵەمیشی
لەپی دەستێک ئەکەن بە چەتری تەماشا و
سەر هەڵئەبڕن!
* * *
- ئێرە ئیستگەی
«دەنگی گەلی کوردستان»ە
سڵاو! سڵاو! سڵاو!
ئەی ئاریەلەکانی لووتکە
ئەی شەپۆلەکانی ئاسمان
سڵاو! سڵاو!
ئەی ڕادیۆکەی سەر ڕەفەی چاو
ئەی بانگی ڕۆژی دووجارەی
سەر منارەی باڵای شەهید
سڵاو! سڵاو!
من دەنگتانم و لەلایشتان نیم
گوێچکەم لێرەیە و بیستنم لە لاتانە:
هەموو ڕۆژێ قریوەی سەرچۆپی هەواڵ
حیلەی ڕەوە ئەسپی «پ.م»
لەناو ژووری تەنیایمدا
مێژوون و دەنگ ئەدەنەوە
چەخماخەن و تاریکاییی ئەم نامۆیی و غەریبیەم
وەک بەفری بەر لایتی دەستی شەوانتان
ڕووناک، ڕووناک ئەکەنەوە!
لەم دوورەوە گەواڵە هەوری پاییزەم
دەنگی زریانی لای ئێوە
بەرەو باشوور ئەمدەنە بەر گڤەی خۆیان
هەموو ڕۆژێ بە تلاوتل ئەمبەنەوە
هەتا ئاسمانی «{بەرگەڵو» لەسەر ئەوێ
لە تاواندا وەکوو لۆکە شیی ئەبمەوە
ئەبمە هەزار، هەزار، هەزار
پەپوولە پاییزەی سپی و ئەوسا ئیتر
گوێسەبانەی ژوورەکانتان، تەلی ئاریەل،
تەنافی جل، هێواش هێواش ئەمگرنەوە
سڵاو! سڵاو! سڵاو!
ئەی گوڵەگەنمی قەڵەم و
ئەی کاغەزی کێڵگەی هەتاو.
ئەی ستۆدیۆ ڕوتەڵەکەی
کومباری شێدار لەبەرم
ئەی ڕیکۆردی هەورازبڕی
هەموو ڕۆژێکی ناو سەرم
سڵاو! سڵاو!
من دەنگتانم و لە لایشتان نیم
چاوم لێرەیە و بینینم لە لاتانە:
وا ژوور بە ژوور، هەیوان، هەیوان
سەربان، سەربان، وەک کۆترەکان
نیگاکانم لەو کلی خاک و خۆڵەدا چینەیانە.
لاتان نیم و بەڵام چاوم هەر لێتانە:
وا ئەنگۆرە فڵچەی پانی تاریکیی گرت بە دەستەوە
خێرا، خێرا بە لاشانا هەڵئەگەڕێ و
پلە پلەی شاخ ڕەش ئەکا!
ئەوا ئیستە ڤڕەی ماتۆڕ، تەپەتەپی،
گڵۆپی زەردباو هەڵئەکا بۆ پشووی کەمی شەوانە
لاشتان نیم و گوێم لێتانە:
- «چیمان هەیە؟! خەفەر کێیە؟!»
بە چوار دەوری مەنجەڵێکدا، لێواری کەل،
سەرقاپ قوپاو
دووکەڵ خواردوو
برسی، برسی
خۆتان نانن، بەڵام برسی
بە یەکدا دێن، تارمایین و جاربەجارێ
کڵپەی لەپڕ
دەموچاوتان ئەداتە بەر
شەوقێکی کزی نارنجی
لەناکاودا دوو سێ هاوار
ئەبنە دەنگی - گڕ-ی مەقەڕ
- «وەرن بۆ نان!
وەرن بۆ نان»
- دیسانەوە نۆکی نەکڵۆک
لەسەر سفرەی درێژکۆلەی قەد ڕێ ڕێ بوو
دوو دوو، دوو دوو
بەرامبەر یەک
وەک «مڤلی» ئەمانخاتە سەر لاقێک و
سەر ڕووتاوەی هاوڕێشمان، سەرووگرتوو
چەندین ساڵە ئازارێکی قۆشمەیە و
دیسانەوە وەکوو دوێنێ و وەکوو پێرێ و،
بەسەرپێرێ
بۆ ئەم نۆکەیش
یەک دوو نوکتەی تازەی پێیە!
* * *
ئەوا ئیستەیش ئەتانبینم:
زیاتر لە نیوەی شەویشتان هەڵهێنجاوە و
سەعات سەعات
ئەیکەنە ناو ئەستێرکەکانی نیگاوە
هەر بێدارن
ئەتانبینم بە چوارمشقی لەسەر بەتانییە سەوزەکان
دانیشتوون و قەڵەمیشتان بە ڕێگەکانی کاغەزا
لەسەر مێزی نزمی بەردەم
تیپی مەڵبەندی وشەن و
هەر ئەڕۆن و هەر ڕێبوارن.
* * *
سڵاو! ئەستێرەکانی شاخوداخ، سڵاو!
سڵاو گوڵە کێوییەکانی شۆڕش، سڵاو!
لە تەم توومانی ئەم وەرزە دژوارەدا
ئێوە ڕیزە چرای چاوی ئایندەن و
یەک یەک لەسەر
تاشەبەرد و، لقی بەرز و، تاڤگەدا، هەڵکراون!.
لە بەردەمی چەپۆکانی ئەم سەردەمە چەمووشەدا
ئێوە شاسواری ئێمەن و
کەڵ مل کەڵ مل وەکوو لووتکە ڕاوەستاون!
ئێوە ئەی گوڵە جەرگینە
ئەی جەرگ کون تیا نەبووەکان!
خاک لە هەنگاوتاندا ئەژی
ئاو لە هەناوتاندا ئەژی
دەنگ لە گەرووتاندا ئەژی
ئێوە مەرگ ڕام ئەکەن و
کوردستانیش لەناو سەنگەرتاندا ئەژی.
ئێوە لە ئەژدیهاکەی بەرگرتووی سەرچاوەوە
هێندە نزیک کەوتوونەوە
ئەمۆستتان ئەچێ بە چاویا
هەموو ڕۆژێ، بە سەر ڕەگی ملیا ئەڕۆن و دێنەوە
شەوێ نییە بۆ ناونیشان گوێی بڕڕاوی بەچکە دێوێ
بەچکە نەهەنگ و درنجێ نەهێننەوە
چی ما! چی ما! چی ما ئیتر
تا بۆ ژەهریش
ئێوە دەرگای هەناسەتان ئاواڵەیە.
بەڵام لێرە! لێرە! لێرە!
لای ئەوانەی فاڵی خەیاڵ
لە فنجانی ئەورووپادا ئەگرنەوە
لەگەڵ تەوقیتی «بگ بن»دا
لەسەر بورجی «ئیڤڵ»ەوە
بۆنی «شێخ وەسان» ئەکەن و
هەر لەوێوە
ڕۆژژمێری خوێن و دووکەڵی ساڵانتان ئەخوێننەوە!
لێرە! لێرە! لێرە
لای ئەوانەی لە تەمەنی ئەژدیهاوە
لە ئاگرە سوورە دوورن و
کراسی بەری دەفتەریان چرچ نەبووە و
دەقی پانتۆڵی قەڵەمیان نەژاکاوە
ئەوان لێرەوە شمشێری دارینەیان
بۆ ئەژدیها هەڵئەکێشن و
وەکوو تاوس بە سەر شیعری پێشمەرگەما
گیڤ ئەبنەوە!
بیرتان ئەکەم، بیری مێوژە ڕەشکەی چاوتان.
بیرتان ئەکەم.
بیرتان ئەکەم، بیری نانە قەیسی قسەی خۆشتان، بیرتان ئەکەم.
بیرتان ئەکەم، وەختە شیعری بەر مەمکانەی
لە مەمکی خاک دابڕڕاوم سوێی بێتەوە!.
ئا لەم تەندووری کۆچەدا
وەختە، وەختە باڵام ببێ بە کۆڵەوژ
وەختە چاوم لە کالانەی جوێ بێتەوە
بۆ من ئیستە
ژانە و ژانە و ژانە
وا قەڵەم لەسەر تەوقی سەر ئەخولێتەوە
قوڵ، قوڵ، قوڵ، قوڵ
هەموو شەوێ بە نووکی خۆی
یادگارێ هەڵئەکەنێ و ئەوینێکی ئەکولێتەوە
هۆ! هۆ! هۆ! ئەی نیشتمان
خۆ گوێت لێمە!
بەو چاوانەت، بە ئەوینت، بە ئازارت
لە ئیستەدا
بە تەنافی تەماشای تەڕی منەوە، هەموو شەوێ
تک، تک، تک، تک
بە سەر قەڵەمی بێدارما
خوێنی شەهیدێکی تازەت ئەتکێتەوە!.