کەڵ

بۆ هاوڕێی شەهید «عەبدولخالق مەعرووف»
از کتاب:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 3 دقیقه  625 مشاهده
لە هەر کوێوە بڕوانیتە پاردەی قەڵا
هەر قەڵایە
لە کام لاوە سەر هەڵبڕی
گوڵەبەڕۆژەی چاوی ئەو ئەتبینێت و
هەنگاو هەنگاو لەگەڵتایە.
کێ ئەتوانێ خۆی لە نیگای بەرزە تیشکی
هەڵگورد ون کا؟!
کێ ئەتوانێ بەفر و باران لە زستان و
گوڵ لە نیسان قەدەغە کا؟!
ئەتوانن هەورێک بکوژن.
خوێنی شللێرێک بڕێژن.
ئەتوانن دەستی دارگوێزێ ببڕنەوە
قاچی کتێبێ بشکێنن
چوارمێخەی شیعرێ بکێشن.
بەڵام شیعرێ حیلەی ئەسپێکی ڕەسەن بێ
شیعرێ بژی و
بۆن و بەرامەی قەڵەمی ڕاستی لێ بێ
هەورێ بزێ و کوڕ و کچی
ڕەهێڵەی ئاسمانی ببێ
هەرگیز بەوان دروست نابێ.
لە دەروونی ئەهرەمەندا گوڵ ناپشکوێ.
لەسەر تەوری جەللادەکان
کۆتری هونەر هەڵنانیشێ
لەسەر کورسیی سوڵتانەکان
دادپەروەریی دانانیشێ.
چۆن لە چاڵە خەڵووزاندا
هێرۆی سپی سەر دەردێنێ
چۆن بایەقووش بۆ ئارام و دڵنیاییی
درەخت و ڕووبار ئەخوێنێ؟!
ئەوەی هەرگیز
هەرگیز، هەرگیز
دەنووکی داڵەکەرخۆرەی بەعسییان و
توولەمارە سەر سپییەکانی مزگەوتی
مەلای خەتێ
قەت نایگەنێ
ڕەگی دارگوێزی ژیانی ئەم گەلەیە
هەورەتریشقەی سەنگەر و
قەڵای سووری
هەزاران «عەبدولخالقشخص»ی پێشمەرگەیە.
* * *
ئەم کوردستانە، کوانووە
کەڵە پشکۆی قەت لێ نابڕێ
گەر پەنگری هاوارێکی ئەو دامرکێ
دەیان پەنجە و قەڵەمی تر
ئاگر ئەگرێ!
ئەی دوژمنانی ڕووناکی!
هەتا دوێنێ عەبدولخالقشخص چرایەک بوو
چەند شەقامێ لەسەر سەریان هەڵیانئەکرد
کتێبێ بوو
یەک دوو شارێ ئەیخوێندەوە.
بەڵام ئەمڕۆ عەبدولخالق
شەقام نییە
دێ و شار نییە
ڕێبوار نییە
گوڵئەستێرەی زامی ئەوی
لە سنگ و بەرۆک نەدابێ
ماڵێ نییە لەم وڵاتە غەمگینەدا
ڕێی ماڵی وشەی نەزانێ.
ئیستە هەموو کوردستانم
وەکوو چاوەکانی قەڵا
بە کتێبە خوێناوییەکەی
نیسانی ئەوا ئەڕوانێ
* * *
میری شەهیدانی هەولێرمکان!
ئەی حەیرانی سووتەمەروی
برین بگێڕ!
ئەی هاوڕێی بەهرە ڕەنگین.
گوڵ خەندەرانی پێکەنین.
لە هەواری قەندیلەکەی ناو دڵمانا
سنەوبەری چوار وەرز سەوزی.
تۆ سروەکەی سەری ڕەشی.
تۆ ئەنتێنی هەرە بەرزی
سەر چیای ئیزگەی شۆڕشی
تۆ بڵندگۆی
دەنگدانەوەی دڵی ئێمەی
ڕادیۆی ناو دەستی پێشمەرگەی
ئەو ڕیکۆردەی
هەموو ڕۆژێ سروودەکەی
شۆڕشی نوێمان لێ ئەدەی
پەیتا، پەیتا
ئاگردانی پشکۆی خۆت و
نەوەی پشکۆی ئەم کوردستانە
خۆش ئەکەی!