شەهید
بە یادی شەشی ئەیلوول، شەڕی بەردەرکی سەراوە
از کتاب:
لە کۆڕی خەباتا
اثر:
گوران (1904-1962)
3 دقیقه
1434 مشاهده
هەزار و نۆسەد و سی بوو، شەشی ئەیلوول کە ڕۆژ هەڵهات:
غریوی ویستنی حەق کەوتە ناو شاری سلێمانی؛
«هەڵۆبەگ» ئەو جوانەی پڕ دڵی بوو بۆ وەتەن ئاوات،
لە پێش جەمعێکەوە تا بەرسەرا ڕووی هەڵمەتی هانی.
***
لەگەڵ یارانی ئەیوت: «ئەی حوکوومەت! تا نەکەی تەسبیت
حوقووقی کوردەواری، نایەوێ کورد نینتیخاباتت؛
ئەوانەی بانگ کران و تۆ بە قووەت دەوریان ئەگریت:
دەنی و قازانج پەرستن، هیچ نەبێ پێیان موبالاتت!
***
ئەوانە کەی لە میللەت بوون هەتا تەمسیلی ڕەئیی کەن؟»
حوکوومەت! ئێمە کوردین، وا ئەڵێین: «نامانەوێ نوواب
کە داوێنی غەرەز بگرن بە هەردوو دەست، وەتەن بەردەن!
نەکەی، مەشرووع نییە، دەرکە لە سەر سەودایی ئینتیخاب...»
***
ئەمە جوملەی قسە و ئامالی یارانی هەڵۆبەگ بوو،
نە نامەشرووعیی تیا بوو، نە تەجاوز بوو بە ئەمنییەت...
کەچی عەسکەر بە مەترالیۆزەوە بۆ قەتڵی عام دەرچوو؛
درایە بەر شەقەی شەستیر ڕجا و ئامالی میللییەت!
***
شەقەی شەستیر و قرچەی دەستڕێژ و هەڵمەتی سونگی
بە خوێنی کوردی بێ تاوان شەپۆلی خستە سەر جادە:
نەما جوانێ کە سونگی نەیسمیبێ سەد کەڕەت سنگی،
نەما پیرێ لە ڕیزی گوللە بووبێ قەلبی ئازادە!
***
هەڵۆبەگ گوللەیی ئەووەڵ لە ڕانی دا، دووەم دەستی:
کە خۆی و قەومەکەی وا دی، بە چەشنی شێر نرکانی،
پەلاماری کە دا بۆ زابتێ: یەک زللە خپ خستی،
دەمانچەی سەنگ لە دەستی و ئاگری دا تا وەکوو توانی...
***
بەڵام فیشەک نەما، هەر زابت و یەک دوو نەفەر کەوتن...
لەپاشا عەسکەریش دەستڕێژی لێ کرد و بە لادا هات؛
لەسەر دەریایی خوێن بوو کەشتییی عومری بەرەو مردن
ئەچوو، ئەیوت: خواحافیز، ئەوا ئەمرم وەتەن، هەیهات!
***
لە باوەشتا پشووی عومرم نەدی تاوێ بە سەربەستی،
هەتا مردن زڕەی زنجیری دیلی بوو لە گەردنما،
ژیانم عار و زیللەت بوو لە ژێر پێڵاوی دوشمنما،
بە خوێن بێ و گڵ هەڵیلووشێ، کەوابێ، هەیکەلی هەستی!...
***
خواکەی بولبولی باغی سەرا! هەرچەندە پاییزە،
بە خوێنی خۆم گوڵت بۆ ئاو ئەدەم، سا بۆم بلاوێنە!
لەگەڵ ئەو جوانە پاکانەی لە دەورم مەیتیان ڕیزە
لە خوێنا وێنەشێواوین، بە دایکمان بناسێنە!
***
بڵێ بەو بووکی تازەی یەک شەوەم گەر هاتە سەر نەعشم،
نەڵێ خۆی بۆ وەتەن کوشت و لە ڕێی عەشقی منا نەژیا
وەزیفەم بوو لە پێناوی وڵاتێکا سەرم بەخشم:
کە تۆی پەروەردە کرد بۆ من لە داوێنی چیا و کەژیا!
ئەگەر خوای گەورە بەخشیی پێت هەتیوێ، پێی بڵێ: ڕۆڵە
لە من فرمێسکی ویست باوکت، لە توش داوا ئەکا تۆڵە!