ئیلهامی هاوار

بۆ مەفکوورەی بەدرخانییەکان
از کتاب:
سروشت و دەروون
اثر:
گوران (1904-1962)
 1 دقیقه  1238 مشاهده
دەروێشێکم دی لەسەر دەخمەی شا
- شای سەلاحەددین - بە کوڵ ئەگریا؛
هاواری ئەکرد، ئەیلاوانەوە!
دڵی ئینسانی ئەتاوانەوە!
***
دەروێش میرێک بوو خێوی تەخت و تاج
چەرخ لێی وەرگەڕا کەوتە بەر تاراج
ئەی چەرخی غەددار، ئەفسەربازیچە،
بە حەسیرگیری فەرش و قاڵیچە،
سەری ڕاهاتووی تاجی سەربەستی
کەی ئەنەوێ بۆ زیندان پەرستی؟
سنگێ کە تەختە جێگای ئارامی
کەی قنیات ئەکا بە بای ناکامی؟
وەک شێر نرکانی، وەک ئاگر هەڵچوو
زنجیری پچڕان، لە زیندان دەرچوو!
گەلێ هەڵمەتی برد بۆ پێچکەی تەخت
بەڵام نەخووسا بەردی دڵی بەخت،
گەلێ کێشای دەست بۆ جقەی ئەفسەر
بەڵام ناوچاوی نەینووسی زەفەر!
سەری خۆی هەڵگرت، ڕووی کردە شاران
توێشووی ڕێی تەنیا عەشقی کوردستان!
***
ئێستا لە دەشتی شام لەسەر قەبری
باپیری گەورەی، بۆ وڵات ئەگری،
بۆ وڵات ئەکا شیوەن و هاوار...
کوردە غیرەتێک زینهار! سەد زینهار!
بە کۆمەڵ بگرن گوێ لە هاواری:
کۆمەڵ جەلب ئەکا ڕیققەتی باری!