خۆشەویستی

از کتاب:
کازیوە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  1453 مشاهده
گوێم نا بە دڵی خاکەوە
باسی دڵداریی باران و خۆی بۆ کردم.
گوێم نا بە دڵی ئاوەوە
باسی خۆشەویستیی خۆی و
سەرچاوەکانی بۆ کردم.
گوێم نا بە دڵی دارەوە
باسی خۆشەویستیی خۆی و
گەڵاکانی بۆ ئەکردم.
کە گوێشم نا
بە دڵی خۆشەویستی خۆیەوە، ئەوسا:
باسی سەربەستی بۆ کردم!