برایانی بەهۆش و ژیری ئێران
وەسیەت بۆ هاونیشتمانانی بەڕێز
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
4 دقیقه
634 مشاهده
برایانی بەهۆش و ژیری ئێران
مەکەن کارێ ببن پی خانە وێران
زەرەر وارد مەکەن بەم نیشتمانە
مەڕێژن خوێنی یەکتر بێ بەهانە
براکوشتن نە شێوەی عاقڵانە
ڕەوییەی وەحشیان و بێ دڵانە
برا سەربازەکانم ئەی دلێران
نیگەهبانانی ئاب و خاکی ئێران
ڕەوایە تیربارانی براتان
بە جارێ قەتعی ڕەحمی ئەقرەباتان
مەگەر ئێوە کوڕی ئەم میللەتەی نین
بە بەهرەی کار و ڕەنجی وان ناژین؟
گەر ئەم دوو دەستەگیتانە نەکەن تەی
بە تێغی جەهل ڕیشەی خۆ ئەکەن پەی
مەکەن ئامادە خۆ بۆ کوشت و کوشتار
مەکەونە داوی مەکر و حیلەی ئەغیار
یەکێ بن ببنە دوو، دوونن لە بەرچاو
بە دوویی ئەبنە داری ڕیشە سووتاو
ئەساسی یەکیەتی موحکەم بکەن گشت
جیا مەبنۆ لە یەکتر هەڵمەکەن پشت
گەرەکتانە ژیانێ وا کە نەمرن
دەسی یەکتر ئەبێ مەردانە بگرن
بە گیان و دڵ لەگەڵ یەکدیدا برا بن
لە تاریکائیا بۆ یەک چرا بن
دوو ڕوویی و دوو زبانی و بێوەفایی
ئەڕووخێنێت بنچینەی برایی
بەدیهێنەر ئەڵێ ئەی ئادەمیزاد
لە یەک پیاو و ژن ئێوەم کرد ئیجاد
زیاتر کەس لە کەس ئیللا بە تەقوا
نییە، نابێ، عەقڵتان لار نەڕوا
دەرێنن پا لە داوی گورگەمێشان
دوایی بەن بە عاری بارکێشان
چ قانونێ ئەڵێ هەر بارەبەر بن
ئەبێ هەر نۆکەر هەر کارەکەر بن
زبان بۆچی گرێ بدرێ لە گوفتار
بە کەیفی خۆ قەڵەم بۆچی نەکا کار
بەڕەڵڵا بۆ نەبێ دەم بۆ بەیانێ
بە حەقوێژی نەوێرێ با تەکانێ
هەتا دەرگای ئازادی نەوێ واز
گەلێ عەیبە بەخۆ بێژن سەرئەفراز
بە جەم بۆ ئەم مەرامە تێبکۆشن
ئەگەر خاوەن شعوور و عەقڵ و هۆشن
لە ئازادی زوبان و خۆندن و کار
گەدا و پادشا بێ فەرق و بەشدار
مەپچڕێنن تەنابی ئاشنایی
دەوای نایابە ئازاری جیایی
جەماعەت ڕەحمەتی هاوڕێیە کاکە
بە جەم با تەی کرێ ئەم ڕێگە چاکە
لە کۆشش یەک دەقیقە ڕامەوەستن
هەتا لەم باغە ڕێگەی دز نەبەستن
هەتاکوو مامە ڕێوی شوانە مەڕ وێ
ئەبێ مەڕ هەر کز و لاواز و لەڕ وێ
هەتاکوو گورگ ئاغا بێت بکوژێ
مەڕی بێچارە خوێن و مۆخی بمژێ
ئەبێ بێبەش لە ماس و ڕۆن و دۆ بین
گرفتاری گەلێ زامی بەسۆ بین
هەتا بێگانە خاوەن کارمان بێ
ئەبێ دەردی فەقیری بارمان بێ
لە بێگانەپەرەستی دەست بەردار
ئەبێ بۆچی نەبێ ئینسانی هۆشیار
ئەوانە وا غوڵامی ئەسکەناسن
بە خاوەن ئەمری خۆتانی مەناسن
بە دەستی جەمع ئەی خاوەن کەماڵان
دەسی بێگانە کۆتا کەن لە تاڵان
ئەگەر هەر مێروێ دەس باتە بەردێ
لە کەللەی شێر مەغز، ئاسان دەردێ
موقیمی ئەم وڵاتە مێو یا نێر
حەماڵ و تاجر و ئاغا و وەرزێر
هەموو تورک و هەموو فارس و هەموو کورد
مەسێحی و کەلیمی گەورە تا ورد
هەموو خێزانی ئەم ماڵینە یەکسەر
چ دەروێش و چ ئەرباب و چ نۆکەر
کەوا بێ خزمەتی ئەم نیشتمانە
وەزیفەی خاس و زیممەی گشتمانە
بپارێزن ئەبێ ئەم خاکە وەک چاو
بە تێکڕایی بە گشتی هەروەکوو پیاو
گەرەکتانە لە میوە ماڵ پڕ کەن
ئەبێ لەم باغە ئافەت ڕیشەبڕ کەن
برایانە وەرن با دەس لە مل کەین
نە گوێ بۆ قەولی بەدکاران شل کەین
شەریکی ڕەنج و ڕاحەت بن ژن و پیاو
وەکوو خێزانی ماڵێ بێ قڕە و قاو
بە ڕاوێژی خوداناسان ڕەفتار
بکەین و خۆ نەخەینە ناو ئازار
بە جەم بۆ کار تێکۆشن وەکوو مەرد
وەئیللا یەک یەک ئەکوتن ئاسنی سەرد
جیایی نەگبەتە و ئازار و ئافات
لەگەڵ گەلدایە پیرۆزی هەموو کات
مەکەن بێ سەبر و بێ تەدبیر کارێ
لە بێ سەبری و پەلە نەگبەت ئەبارێ
مەکەن بێ پرسی یەکتر سەربەخۆ کار
لە کاری سەربەخۆدایە دوو سەد عار
بەیاناتم بە بێهوودە نەزانن
جەوانانێ ئەگەر خاوەن تەکانن
حەکایەت میوەیێ خۆشە ئەگەر خەو
نەکا تاریک ڕۆژی هۆش وەک شەو
هەتا بەم خەوە هەڵنابڕن چاو
دەرێنن باری لاری خۆ لە هەڕگاو
چییە بۆ لەم جۆرە گوێگر نەژنەوا بێ
ئەبێ ئازاری هەروا بێ دەوا بێ
بە دڵ داوا ئەکا «زاریتخلص» لە باری
بدا بەم هۆزی کوردە هۆشیاری