ڕێویێ خەریک بوو لە برسا دەمرد
له تەنگانەدا عەقڵی خۆ لە دەس مەدە
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
2 دقیقه
514 مشاهده
ڕێویێ خەریک بوو لە برسا دەمرد
لە دڵی خۆیا ئەم تەدبیرەی کرد
وتی خۆم بکەم بە کەلاک خاسە
ڕاکشێم لە خۆم ببڕم هەناسە
نەبزوێمەوە نەجووڵم لە جێ
بەڵکوو کۆترێ، قاڵاوێ، قەلێ
بنیشێتۆ لام دەنووک بێنێ بۆم
پەلاماری بەم بیگرم بیخۆم
بە هیوای نەچیر خۆی کرد بە مردوو
کەوتە سەر زەوی و دەس و پا شل بوو
قاڵاوێ هێواش هاتە ژوور سەری
وتی ئەزانم تۆ حیلەگەری
ئەزانم زیندووی، نەمردووی، ماوی
بەم کەلاکیشە بۆ نەچیر داوی
لە فێڵەبازیت دڵ بە ئەندێشم
وا بە دەورتدا خەتێ ئەکێشم
ئەلئانە ئەڕۆم سبەینێ کە بێم
سەرنجی ئەدەم مەعلووم ئەبێ لێم
بە شێواوی خەت یا نەشێواوی
لە چ حاڵێکای مردوو یا ماوی
قاڵاو هەڵفڕی و ڕێوی هەستا پا
بازی دا لە خەت ڕووی کردە سارا
سوبحا هاتەوە لەو جێگەدا کەوت
هەر خۆی بۆخۆی بوو بە «ملك الموتعربی»
قاڵاویش دیسان هاتەوە سەری
کەوتە هاتوچۆ لە دەور و بەری
ڕوانی لە خەتی کە نەشێواوە
لاشەی مام ڕێویش هەروەک خۆی ماوە
چووە پێشەوە دایە بەر دەنووک
ڕێوی ڕاسۆ بوو نایە دەمی سووک
قاڵاو ناعیلاج وتی ئەی ئەمیر
ئیسە کە منت گرتووە بە نەچیر
بەر لەوە ئەگەر خوێنم بڕژێنی
لازمە شوکری حەق بەجێ بێنی
چون شوکری نێعمەت نێمعەت زیاد ئەکا
ناشوکری، نێمعەت زوو بەرباد ئەکا
ڕێوی بۆ شوکر دەمی داچڕی
قاڵاو فرسەتی هێنا و هەڵفڕی
ئەقڵ بە کار دێ ڕۆژی تەنگانە
بۆ نەجات لە گێژ بەڵای زەمانە