دڵی ئاڵۆز و شێواوم هەتا بەختی لە کارا بوو

از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 2 دقیقه  556 مشاهده
دڵی ئاڵۆز و شێواوم هەتا بەختی لە کارا بوو
هەمیشە جێگەی ئارامی لە باغی وەسڵی یارا بوو
ئەگەر ئیقباڵی وەرچەرخا و ڕووخا بورجی ئاواتی
دوچاری دەردی دووری بەدری ڕوخساری دڵ ئارا بوو
بەهارێ پڕ سەفا بوو ئەم وڵاتەی ئێمە تا غونچەی
جەماڵی یار لەودا ئافتاوی عالەم ئارا بوو
بەهەشتی پڕ لە ناز و نیعمەت و ئاسایش و شادی
گەداکانی بە دارایی یەکایەک میسلی دارا بوو
چەتوونی پاییزی بێ ڕەحمە ئەو غونچە ئەگەر ژاکان
عەوەز باغی بە شیوەنگاهـ و خارستان و خارا بوو
لە سەر تەختی سلێمان حاکمێ دانیشت دەمزانی
وەکوو داوودە حوکمی، چی زوحاکشخصی بێ مودارا بوو
بە خوێنی بێگوناهـ ئەم موڵکە وا ڕەنگا کە چەنگیزیش
ئەکا هاوار ئەم کوشتارە غەدری ئاشکارا بوو
مەگەر ئەم عەسرە غەیری قەتڵ و غارەت واجبێکی تر
نەبوو ئەمری کە پێ بکرێ لە لادێ یا لە شارا بوو
خودا ئەو موفتییە ڕووزەردی دیوانی قیامەت کا
کە ئەم ئاوریە هەڵگرسان و ئەم فتوای لە زارا بوو
گەلێ وەعدەی وەکوو هەنگوینی شیرینان بە عالەم دا
وەلێ هەر قەترە هەر زەهرە لەگەڵ سەد کووپە ژارا بوو
خودا بیپێچیەوە ئەم ................متن نامشخص کە بۆ میللەت
نە هەر ڕۆژێ هەموو کاتێ لەگەڵ سەدها خەسارا بوو
بە عەدڵ و ئەمن و ئاسایش ئەوەندە بانگەواز کریا
لەگەڵ زوڵم و درۆ و مەکری بێ حەدد و شمارا بوو
بە خوێنڕیژی ئەساسێ دانەمەزراوە دەوامی بێ
تەماشای زاڵمان کەن لە چەرخی ڕۆژگارا بوو
بە کۆچی سەرو، لەم گوڵزارە مینوو شێوە بڕوانە
کە کێو و دەشت و شار و دێ بە گۆڕستان ڕازابوو
موکافاتی ڕەوییەیی لاری خۆمانە ئەوی دەردە
درووس بوونی لە دایەن کاری ناهەموار و لارا بوو