نەورۆز هات و چەمەن بەرگی سەوزی کردە بەر

از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 2 دقیقه  615 مشاهده
نەورۆز هات و چەمەن بەرگی سەوزی کردە بەر
پشکووت شکۆفەی گوڵ و ڕوخساری خستە دەر
سروەی نەسیمی ساف بەیانی لە گوڵشەنا
دێت و دەچێت و بە بولبول لە گوڵ ئەدا خەبەر
بێ دەر لە کونجی میحنەت و بڕوانە لالەزار
شێوەی بەهەشت ئەدات لە هەر لا ئەکەی نەزەر
سەرما فەراری کردووە پۆلی گوڵاڵە هات
سارا و دەشت و کێوی بە جارێک گرتە بەر
زستان کۆچی کرد و کڕێوە ملی شکا
گوڵبن کڵاوی لەعلی بەدەخشانی کردە سەر
ئاوێ بڕێژە بەسەر ئاوری غەما وەهای
سەردۆ کە لە تینی کە نەمێنێت یەک ئەسەر
عەتتاری هەوا ڕژانی بە خاکدا گوڵاو
خەرمانی موشکی چینە چیاکانی دەشت و دەر
ڕووبەند لابراوە لە سەر غونچە تەلعەتی
دەرکەوتووە وەک مانگ لە هەورا کە بێتە دەر
سەد شەمع هەڵکراوە لە هەر شاخ و گوڵبنێ
زەرد و بەنەفش و ئاڵ، حیرەت ئاوەری بەشەر
زولفی بە دەستی ناز شانە کرد شۆڕەبی
خاو و درێژ و دڵبەرە ئەڕژێتە سەر کەمەر
سەفای سینەیە سەیری خەرامی سەروی باغ
ناز دێتە جووڵە بە بادی دەمی سەحەر
بەعیشوە چاوی هەڵێناوە لالە چاوەڕێی
نەسیمی سوبح کڵاوی کە فڕێ دا لە سەر
بە تاری زولف باوەشێنی ڕوو ئەکا سەمەن
دەمێ سەبا بە میهر بە هەردا ئەکا گوزەر
سەرسامی حوسنی سووڕەتی بووکانی گوڵشەنین
پەروین و ئافتاب و زوهره، موشتەری، قەمەر
ئینسان بێ نیاز لە تار و ڕوباب ئەکەن
سەدای کەو و کۆتر و ئاوازی زەردیوەر
بێ سەیری لالەزار هەتا ئێشی جەوری دەی
هەوای ڕۆح بەخش لەسینەت بکاتە دەر
بە پێکەنین غونچە، دڵی بولبولی ڕفاند
وا مەست و بێخودە ئاگەی نییە لە پا و سەر
نەرگس به ناز هاته گوڵشەن و وەنەوشە خۆی
هاویتە خاکی ڕێگەی و سوجدەی ئەباتە بەر
ئەم قەترە شەونمانە لە سەر بەرگی گوڵ وەکوو
دوڕڕێکی دانراوه لە سەر سینیێکی زەر
بەم هەموو چاوە سەیری جوانی چەمەن ئەکا
«زاریتخلص» میسالی ئەتۆ ئاسمانی دەورە دەر