لەم خاکی لالەزارە ئەوندەی نەزەر ئەکەم
دەردەڵ لە بێ ڕەحمی پایز
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
2 دقیقه
554 مشاهده
لەم خاکی لالەزارە ئەوندەی نەزەر ئەکەم
لە لێوی جۆگەی ئاو و چەمەندا سەفەر ئەکەم
هەر وەک هەتیوی بێکەس و مل خوارە دیمەنی
بە هەر دەرە و دەشت و چیادا گوزەر ئەکەم
ژاکاوی جەوری پایزی بێ ڕەحمە پۆلی گوڵ
باغات لە ئافات پڕه دەرکی خەتەر ئەکەم
بێ زەوقە بولبول، بێ ڕەنگ و بۆیە گوڵ
شیوەن بە حاڵی گوڵبونانی قوڕ بەسەر ئەکەم
سەر چاوە سوێرن وەکوو فرمێسکی ئەمن
بۆ غارەتی گوڵزارە کە شین و چەمەر ئەکەم
شێوەی زوحاکی پاییزە ناڵانی گوڵستان
وەک میهر و ئابانیش لە قەهری حەزەر ئەکەم
ئەم دەردی گێژەڵووکە فەرامۆش چۆن ئەبێ
ئەم ژانی گەڵاڕێزە کەی لە کەللە دەر ئەکەم
دەوای دەردی بولبولی ناکام و گوڵبونان
داوا لە ڕەحمەتی یەزدانی دادگەر ئەکەم
چارەی هەوای سەردی دەردناکی ئازەری
بە ئاهی ئاورینی هەناسەی سەحەر ئەکەم
کەی دێ بەهاری خۆش به سارا بدا خەبەر
ها دێوی زمهەڕیر حەواڵەی سەقەر ئەکەم
کەی دێ شەماڵی تووڕە بە هەیبەت بڵێ ئەمن
یا تەرکی جەوری میهر وە یا تەرکی سەر ئەکەم
نەورۆز بەڕێوەیە بانگ ئەکات پڕ بە دەم
ئەم سەبزەزارە ڕووتە لیباسی لەبەر ئەکەم
لە داخی جەوری پایزی نامیهربانە «زاریاتخلص»
ئەم خاک و خۆڵە ڕەنگ بە خوێنی جگەر ئەکەم