لە دوای مردنم

از کتاب:
بەرهەمی خاوێن
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 2 دقیقه  787 مشاهده
«عەلیتخلص» تۆ ئەمریت، هەموو کەس ئەمرێت
بەڵام کە مردی کێ جێگەت ئەگرێت
ئەو جێگەی کە وا هیچکەس نایەوێ
کەس بە ئومێدی جێگەت ناخەوێ
سەرمایەت تەنها کۆمەڵێ شیعرە
ئەویش بە لاستیک تەواوی بسڕە
لەدوای مردنت کێ بۆ تۆ ئەگری
خۆزگە ئەتتوانی گوێیان لێ بگری
کوڕ ئەڵێ: باوکم عەمری درێژ بوو!
بێموبالات و زۆر هەرزەبێژ بوو
کچ ئەڵێ: باوکم دەستی قوچاو بوو
بەرامبەر ئێمە زۆر ناتەواو بوو
ژن ئەڵێ: ئۆخەی ڕزگارم بوو من
دڵی کردبووم سەراپا کون کون
عەمری نەمێنێ هەر وەکوو نەما
بۆ ئەو دڵی خۆم نادەم بە خەما
خوشک کە بۆ من عاتیفەی کەمە
ئەویش بۆ مەرگم سارد و بێغەمە
نەوەی کوڕ و کچ خام و مناڵن
ڕەنگە دوای مەرگم نەختێ بناڵن
منیش تا ماوم بڕیارم داوە
خۆم نەکەم بە تووش خەمی دنیاوە
با کەسوکارم چی ئەڵێن بیڵێن
چ بە ئاشکرا یا خۆ به نهێن
دڵم ناخەمە بەندی غەمباری
بێباک و زۆر دوور لە نالەباری
هەرچی کە هەمە ماڵ و دەرامەت
ئەیخۆم نایکەمە سەرمایەی خەفەت
بۆ کوڕ و کچ و ژن و کەسوکار
ڕۆحم نادەمە دەستی ڕۆژگار